هەواڵ

نوێترین زانیاری لە بارەی روداوەكانی كوشتن لە سلێمانی ئاشكرا دەكرێت



ئاژانسی نها: ژووری هەواڵ

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاشكرایكرد لەماوەی دو هەفتەدا 30 تۆمەتبار لەسەر روداوی جیاواز دەستگیركراون، هەروەك باس لەوەش دەكات لە 3 مانگی رابردو پۆلیس دەستی بەسەر 50 پارچەچەكی بێ مۆڵەتدا گرتوە.

ئەمرۆ دوشەممە سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند لەرۆژی 9 ی ئەم مانگەوە 3 كەس كوژراون‌و لەماوەی دو هەفتەی رابردوش 30 تۆمەتباریان دەستگیركردوە، كە تاوانی فێڵكردن، دزیكرد، هەرەشە لەخەڵك كردن، دەستدرێژی، ساخكردنەوەی پارەی ساختە‌و دروستكردنی بەڵگەنامەی ساختە روبەرویان بوەتەوە.

بەپێویستیشی دەزانێت پەرلەمانی كوردستان بە یاسا سزای هەڵگرتنی چەك قورستر بكات، هەروەك راشیدەگەیەنێت تاوانەكانی كوشتن لای پۆلیس ئاشكرایە‌و پەراوی لێكۆڵینەوەیان بۆ روداوەكان كردوەتەوە.
روونیكردەوە" پۆلیسی سلێمانی به‌هاوكاری هێزه‌كانی ئاسایشی پارێزگاكه‌ به‌رده‌وام به‌ دوای تۆمه‌تباراندا گه‌ڕاون و هه‌موو روداوه‌كانیش كاتیان پێویسته‌، به‌ڵام زۆر  نیگه‌رانن له‌ خراپ لێكدانه‌وه‌ی روداوه‌كانی سلێمانی و هیچ روداوێكیش شاراوه‌ نین".
وتیشی "چه‌ند حاڵه‌تێكی كوشتن رویان داوه‌، له‌وانه‌ رۆژی 9-4-2019 له‌ شه‌قامی سالم هاووڵاتیه‌ك كوژرا، له‌ دوای لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌ركه‌وت له‌سه‌ر پاره‌ی ئۆتۆمبێل بوه‌ و پاش لێكۆڵینه‌وه‌ دوو كه‌س به‌ هاوكاریی كوشتن ده‌ستگیركراون، تۆمه‌تباری سه‌ره‌كیش هه‌ڵاتوه‌ و بڕیاری ده‌ستگیركردنی بۆ ده‌رچوه‌".
هه‌روه‌ها له‌ رۆژی دواتر دوو كوڕ و باوكێك له‌سه‌ر كێشه‌یه‌كی خێزانی له‌ گه‌ڕه‌كی چوارباخی شاری سلێمانی ده‌بێته‌ ده‌مه‌قاڵێ و باوكیان كوشتوه‌، تۆمه‌تباره‌كان خۆیان راده‌ستی ئاسایشی سلێمانی كردوه‌ و پاشان راده‌ستی پۆلیسی سلێمانی كراون.

ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌، كه‌ له‌ رۆژی 12-4 له‌گردی مامه‌یاره‌ هاووڵاتییه‌ك كوژرا، كه‌ پێشتر فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ ده‌رچوه‌ و بكوژی ئه‌و ئافره‌ته‌ بو، كه‌ پێشتر له‌ باخی دایك له‌ سلێمانی كوژرا.
2019-04-15
زیاتر...