راپۆرت

کێشەیەکی نوێ بۆ مووچەی خانەنشینانی هەرێم دروست دەبێت

نها نیوز - راپۆرت

سەرەتای ئەم مانگە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاری پەسندکردنی پێشنیاری وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێمی دا، بەیەکخستنی یاسای خانەنشینی لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە. بەڵام لێرەدا نها نیوز بۆ ئەم هاوتاکردنە درک بە دروستبوونی کێشەیەک دەکات لە پارێزگاریکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم ئەویش "سندوقی خانەنشینی"یە کە لە عێراق ئەم سندوقە بوونی هەیە، بەڵام هەرێم نییەتی، نها لەم راپۆرتەدا کێشە و چارەسەرەکانی نەبوونی ئەم سندوقە ئاشکرا دەکات و رای شارەزایان دەخاتە روو.

هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینی هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی یاسای یەکگرتوویی ژمارە 9ـی ساڵی 2014یە

رۆژی 3ی تەمموزی 2024، حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری پەسندکردنی پێشنیاری وەزارەتی دارایی و تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێمی داوە، بە یەکخستنی یاسای خانەنشینی لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، ئەوەش لەپێناو بەرژەوەندیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان و هاوتاکردنی مووچەکانیان لەگەڵ هاوەڵەکانیان لە حکومەتی فیدراڵ.

لەوبارەیەوە سادق عوسمان، وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان باسی لەوەکردبوو، بڕیاری ژمارە 212 لە دادگای فیدراڵیی عێراق لە 23-11-2022 دەرچووە کە بڕگەیەکی تێدایە دەڵێت لە بەرواری دەرچوونی ئەو بڕیارەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند کراوە بە جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2014، واتە فەرمانبەران لە 23-11-2022ـەوە دەبێت بەپێی یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2014 سەبارەت بە مووچەی خانەنشینی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.

بەپێی داتایەکی فەرمی کە نها لە بەدواداچونەکانیدا دەستی کەوتووە، لە هەرێمی کوردستان 277 هەزار و 541 کەس خانەنشینن، کە کۆی مووچەی مانگانەی ئێستایان 122 ملیار دینارە.

هەر بەگوێرەی ئەو بەدواداچونە، لە هەرێمی کوردستاندا کەمترین مووچەی خانەنشینی 220 هەزار دینارە، لەکاتێکدا کەمترین مووچە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق 500 هەزار دینارە.

حکومەتی عێراق سندوقی خانەنشینیی هەیە و حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم نییەتی 

گوڵاڵە سدیق، شارەزای دادوەری بۆ کاروباری دارایی و بانکی لەم راپۆرتەی نها نیوزدا لەبارەی ئەوەی ئایا حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان سندوقی خانەنشینیی هەیە؟ دەڵێت "هەرێم سندوقی خانەنشینیی نییە و سندوقی پێشینەکانیشی نییە، لە هەرێمی کوردستان فەرمانبەر لە 63 ساڵیدا خانەنشین دەبێت، بەڵام زۆرینەی هاوڵاتییان ناگەنە ئەو تەمەنە و وەفات دەکەن، هەندێکجار ئەو هاوڵاتییە هاوسەرگیریی نەکردووە یاخود کەسێکی لەدوای جێنەماوە تاوەکو خانەنشینییەکەی وەربگرن، ئەم پارەیە کە چەندین ساڵە بڕدراوە، دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت.

لایخۆشیەوە دارا سێکانیانی، ئەندامی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق خاڵێکی دیکە لەسەر "سندوقی خانەنشینی"ـی هەرێم بۆ نها نیوز ئاشکرا دەکات و دەڵێت "لە هەرێم ڕێکارەکانی بڕینی شایستەکانی خانەنشینی هەیە، سندوقەکە وەکو ناو هەیە، بەڵام هیچ پارەیەکی تیدانییە، بەدڵنیاییەوە دواجار دەبێت ئەمە راست بکرێتەوە، وە ئەوکاتە حکومەتی هەرێم بڕیاردەدات سندوقەکە بە کرداری کارا بکات.

بەوتەی گوڵاڵە سدیق بەڵام، "ناوەندی تەمەن لە عێراقدا 73 ساڵە، فەرمانبەرێک زانکۆ تەواو دەکات لە 22 ساڵی دادەمەزرێت و لە 63 ساڵی خانەنشین دەبێت، واتە 41 ساڵ ئەو فەرمانبەرە پارەی لێ بڕدراوە، بەڵام کاتێک لە 73 ساڵیدا وەفات دەکات (بەپێی ناوەندی تەمەن لە عێراق)، کەواتە لەپای بڕینی 41 ساڵ شایستەی خانەنشینی، 10 ساڵ خانەنشینیی پێدەدرێت. وتیشی بۆیە، "دەیبینین حکومەتی هەرێم جگە لەوەی نەیتوانیوە ئیدارەدانێکی دارایی باش بکات، هەر بیریشی لەوە نەکردووەتەوە سندوقێکی خانەنشینی دابنێت.

لە زۆرینەی وڵاتان لە سندوقی خانەنشیناندا وەبەرهێنان دەکرێت، بەڵام "حکومەتی هەرێمی کوردستان، نەک سندوقی خانەنشینی، سندوقی شێرپەنجە و پێشینەکانیشیان خواردووە". ئەو شارەزای دادوەری بۆ کاروباری دارایی و بانکییە وا دەڵێت.

شێوازی پارەبڕین لە فەرمانبەران بۆ "سندوقی خانەنشینی" چۆنە؟ هەرێم سندوقی نەبێت دەگەڕێندرێتەوە بۆ کوێ؟

سێکانیانی باسی شێوازی پارەبڕین دەکات لە فەرمانبەران بۆ "سندوقی خانەنشینی" هێمای وتەکانی جەختدەکاتەوە لەسەر ئەوەی کە "ڕێکارەکانی پارەبڕین لە فەرمانبەران هەیە، واتە کاتێک مووچە وەردەگرن بەشێکیان لێدەبڕدرێت بۆ سندوقی خانەنشینی، بەمەش ڕێکارەکە هەیە، واتە بەجۆرێک روونتر بڵێم دەبێت ئەم پارەیە بڕێکی دیاریکراو ئێستا هەبێت تا حکومەتی هەرێم بیتوانیایە بڵێت لە سندوقی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان ئەوەندە پارە هەیە، دەتوانم بڵێم سندوقی خانەنشینی ناوی هەیە، بەڵام ناوەڕۆکەکەی نییە.

لەلایەکی دیکەشەوە گوڵاڵە سدیق تیشکی زیاتر دەخاتەسەر ئەو لێبڕینە و نهێنیەک ئاشکرا دەکات و دەڵێت "ئێمە سندوقی خانەنشینیمان نەبووە، ئەو پارەیەی کە بڕدراوە گەڕێندراوەتەوە ناو خەزێنەی گشتی. بۆ نمونە ئەگەر شایستەی دارایی فەرمانبەران 900 ملیار دینار بێت بەبێ خانەنشینی، کاتێک خانەنشینییەکەیان لێبڕیوە 850 ملیار دینار ماوەتەوە، ئەم 50 ملیارە لەبەر ئەوەی یەکسانییەک نەبووە لە دابەشکردندا، حکومەتی هەرێم لە گەرمەی قەیرانی داراییدا شەقامی 120 مەتری و 150 مەتریی پێ دروستکردووە، بەڵام دەبینین لە سنووری سلێمانی هیچ پرۆژەیەک جێبەجێنەکراوە.

پارەی بڕدراوی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ خانەنشینی لەکوێ هەڵدەگیرێت، ئایا نێردراوە بۆ سندوقی خانەنشینیی عێراق؟

لەوبارەیەوە لە بەشێکی دیکەی قسەکانی گوڵاڵە سدیقدا رونکراوەتەوە و دەڵێت "نەخێر ئەو پارە بڕدراوەیە هەرێم نەیانناردووە، کاتێک پلەبەرزکردنەوەی بڕیوە کە ئەمە نایاساییە، کە گەڕاندوشیەتییەوە بۆ هەندێک وەزارەتی گەڕاندووەتەوە و بۆ هەندێکی نەگەڕاندووەتەوە.

ئەو نمونەیەک لەسەر کێشەی نەبوونی "سندوقی خانەنشینی" بۆ نها باسدەکات و رایدەگەیەنێت "ئێمە لە بەغدا پەرلەمانتارمان هەیە تەمەنی خانەنشینییان هەبووە و بۆ نمونە 15 ساڵ خزمەتیان هەبووە، بەڵام لەوێ خانەنشینیان نەکردووە، چونکە پێیان وتووە ئەو پارەیەی کە لێت بڕدراوە بۆ خانەنشینی لەناو حکومەتی هەرێمدایە، حکومەتی هەرێم نەیداوە بە ئێمە، بۆیە ئەو پەرلەمانتارە هاتووە چەند ساڵ خانەنشینیی هەبووە، مانگانە شایستە داراییەکەی چەند بووە داویەتی بە حکومەتی عێراقی، پەرلەمانتار هەیە دەڵێت زیاتر لە 40 ملیۆن دینارم داوە بە حکومەتی عێراق تا لەوێ پێی خانەنشین بم.

وتیشی "حکومەتی عێراقی سەرەڕای ئەوەی سندوقەکەی پاراستووە، بۆ خانەنشینبوونی پلە باڵاکانیش دادپەروەریی تێدا ڕەچاو کردووە کە دەبێت تەمەنی لە 45 ساڵ کەمتر نەبێت و خزمەتی لە 15 ساڵ کەمتر نەبێت. بەڵام دەبینین کە پلە باڵایەک لە هەرێمی کوردستان بە چوار ساڵ لێبڕین، خانەنشینی دەداتێ چونکە سندوقی خانەنشینیی نییە، دێت لە لێبڕینی 41 ساڵی فەرمانبەرێک کە زانکۆی تەواوکردبێت، لەوە پارە دەدات بە پلە تایبەتەکان و پلە باڵاکان. لەبەرئەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان تائێستا هیچ سندوقێکی نییە، جا ئەمە لە نەزانی بێت یان بە ئەنقەست بێت.

کێشەکانی نەبوونی "سندوقی خانەنشینیی" بێسەروبەری دارایی لێدەکەوێتەوە

لەبارەی کێشەکانی نەبوونی "سندوقی خانەنشینیی"، ئەو شارەزای دادوەری بۆ کاروباری دارایی و بانکییە وتی "نەبوونی بێسەروبەری دارایی لێدەکەوێتەوە، ئەم سندوقە وەک سندوقی ئەمانەت وایە و تەنانەت سەرۆک وەزیرانیش ناتوانێت دەستکاریی بکات، بەڵام کاتێک تۆ پارەکەت لەمن بڕیوە و بەحساب لەو سندوقەدا دایدەنێیت، کاتێک کە قەیرانێکی دارایی دروستدەبێت، ئەو سندوقە هیچی تێدانییە تا بیدەیت بە خانەنشین.

پەیوەست بەگرفتێکی دیکەوە ناوبراو ئاماژە بەوەش دەکات "لە هەرێم کاتێک یەکێک خانەنشین دەبێت، خەفەتبار دەبێت، چونکە ئەو مووچەیەی دەیدرێتێ بەتایبەتی بە یاساکانی هەرێم خانەنشینی مەدەنی نە ساڵی خزمەتی بۆ هەژمار دەکرێت، نە بڕوانامەی بۆ هەژمار دەکرێت و ٪80ـی بەشەکەی دەدەنێ کە تەنیا مووچە بنەڕەتەکەی خۆیەتی.

دەشڵێت "لە عێراق گرنگییەکی زۆر دەدرێت بە مووچە و دەرماڵە و مووچەی بنەڕەتی و بڕوانامە، بەڵام بەداخەوە لە هەرێم تەنیا موچە بنەڕەتییەکەیە، لەوێ راستەوخۆ موچەکەی دەدرێتێ، بەڵام بەداخەوە لە هەرێم دەخرێتە بە نۆرەیە، بەڵام لە هەرێم پەرلەمانتارێک کە خانەنشین دەبێت راستەوخۆ 48 ملیۆن دینار دەچێتە سەر حسابەکەی، بێ ئەوەی هیچ مامەڵە و نۆرەگرتنێکی بۆ بکرێت.

"لەمساڵدا عێراق لێبڕینی خانەنشینی هەرێم دەکات"


گوڵاڵە سدیق، شارەزای دادوەری بۆ کاروباری دارایی و بانکی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەش دەخاتە روو "ئەوەندەی من بەدواداچوونم بۆ کردووە، ئەو مووچەیەی کە لە مانگی یەکەوە تائێستا لە بەغداوە هاتووە، هەر لە بەغداوە لێبڕینەکە دەکرێت، بەڵام ئایا حکومەتی عێراق سبەی بیانوو بە حکومەتی هەریم ناگرێت کە لەماوەی 2003ـوە تائێستا چەندین فەرمانبەر هەیە دامەزراون و خانەنشین نەبوون، ئەگەر بۆ پەرلەمانتارێکی پلە باڵا رازی نەبێت و داوای پارەکەی لێبکاتەوە ئەی بۆ ئەو هەموو فەرمانبەرە رازی دەبێت و داوای پارەکە ناکاتەوە؟ ئەمە داهاتوو دەیزانێ.

حکومەتی کاربەڕیکەر "سندوقی خانەنشینی" دادەنێت

بەوتەی گوڵاڵە سدیق "دەڵێن حکومەتی هەرێم ئەو سندوقە دایدەنێین، بەڵام ئێمە نازانین، ئەگەر لەبەردەستی بەغدا بێت، ئەوا لەمەولا ئۆتۆماتیکی ئەو لێبڕینانەی لە پارەکانمان دەبڕدرێت دەچێتەسەر سندوقی خانەنشێنی عێراقی، ئەوکاتە لەوەدەچێت عێراقیش وەکو هەموو جارێک کە لەو پارەیە خۆشبووە کە داویەتی بە هەرێمی کوردستان، لەم پرسەی خانەنشینانیش خۆشببێت، ئەگەر هاتوو هیچ ئاڵۆزییەکی سیاسیی نەیەتە کایەکەوە.

ئەو ئاشکراشی دەکات "ئەگەر تەمویلەکە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بکرێت بەسەر بانکەکاندا کە من بڕوام نییە وابێت، ئەوکاتە حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچاردەبێت سندوقی خانەنشینیی دابنێت، لە مانگەکانی داهاتووشدا بۆمان دەردەکەوێت تەمویلەکە لەلایەن کێوە دەکرێت.

ئامادەکردنی/ ئیمان زەندی

 
2024-07-16
زیاتر...
123
Copyright © All rights reserved.