ئارێز عەبدوڵڵا: پارتی گۆڕانی بەکارھێنا بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکەی
ئاژانسی نھا: ژووری ھەواڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت، پارتی سودی لەناکۆکی نێوان یەکێتی و گۆڕان وەرگرتووە بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکەی، دەشڵێت، ڕێککەوتنی پارتی و گۆڕان تیماری دەردی وڵات ناکات.
ئارێز عەبدوڵا ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئاماژەی بەوەکردووە، پارتی سودی لە ناکۆکیەکانی نێوان یەکێتی و گۆڕان وەرگرت و بۆ جێبەجێ کردنی ئامانجەکەی خۆی بە کارتی گۆڕان بێ منەتی بەرامبەر بە یەکێتی نیشاندا.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ڕێککەوتنی پارتی و گۆڕان تیماری دەردی وڵات ناکات و ئەنجامەکەی لە ئەنجامی رێککەوتنەکانی تری نێوان یەکێتی و پارتی و گۆڕان و پارتی باشتر نابێ چونکە،ئەو سیستەمە حوکمڕانیە سەقەتە بەرێککەوتنی ئەم حزب و ئەو حزب لەسەر دابەشکردنی پۆست و پلەو پایەکان راست ناکرێتەوە.
ئارێز عەبدوڵا ئاشکراشیکردووە، لە بنەڕەتدا نییەتی چاکسازی راستەقینە نییە و پارتی دەستبەرداری ھەڵوێستی خۆی و ئەو سیستەمە حوکمڕانیە نابێ، تەنانەت ئەگەر لەگەڵ یەکێتیش رێکبکەوێ کێشە و قەیرانەکانی کوردستان چارەسەر ناکرێن بەڵکو ھەڵدەپەسێردرێن.
دەشڵێت، "تەنیا لەیەک حالەتدا دڵنیا دەبین کە رێککەوتنەکان ھۆکاری چارەسەری قەیران و کێشەکانن کە تەواوی لایەنە کوردستانیەکان لەسەر پڕۆژەیەکی نیشتمانی و نەخشە رێگایەکی کات دیاریکراو رێکبکەوین، دەنا ئەو رێککەوتنەی گۆڕان و پارتی ئەگەر چوار ساڵی ئارامیشی بەدوادا بێ کێشەکان چارەسەر ناکەن و بارودۆخەکە ھەر ھی بەزمی جاران دەبێ.
|