کوردستان

محمەدی حاجی مەحمود هەموو شتێک لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن ئاشکرا دەکات و هێرشیشدەکاتەسەر یەکێتی و پارتی

نها نیوز - هەواڵەکان

محەمەدی حاجی مەحمود، سکرتێری گشتی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی نها نیوزدا پەردە لەسەر راست و دروستی دواخستنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان هەڵدەداتەوە و دەڵێت "چ پارتی چ یەکێتی ئەگەر هەردووکیان ڕێکنەکەون لەسەر هەڵبژاردن، هەڵبژاردن لە کوردستان ناکرێت، وە نەدەبوو کاتی خۆی تەمەنی پەرلەمان درێژبکرایەتەوە، هەڵبژاردن بەم جۆرە بکرێت دوو ئیدارەیی دروست دەبێت".

محەمەدی حاجی مەحمود، سکرتێری گشتی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە چاوپێکەوتنەکەی نها نیوزدا رایدەگەیەنێت 'هەڵبژاردن پەیوەندی بە دوو حزبەوە هەیە کە دەسەڵاتیان هەیە لە کوردستان، ئەو دوو حزبە کە هەموو جومگەکانی ئابووری سیاسی ئەمنی وە جەماوەری هەموو ئەمانە لەدەستی ئەو دوو حزبەدایە کە ئەویش یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانە".

لەبارەی ئەوەی ئایا وەکو حزبی سۆسیال دیموکرات تاچەند ئامادەن بۆ ئەو هەڵبژاردنە؟ محمەدی حاجی مەحمود ئاشکراشی دەکات "با من قسەکەی خۆم تەواو بکەم، ئەگەر یەکێتی رازی نەبێت هەڵبژاردن لە کوردستان ناکرێت، وەکو بینیمان دوو ساڵ رازی نەبوو لەسەر مەسەلەی کۆتاکان تا بریارەکانی دادگا نەدرا، یەکێتی رەزامەند نەبوو هەڵبژاردن بکرێت و نەشکرا، ئێستاش پارتی دیموکراتی کوردستان رازی نەبێت هەڵبژاردن ناکرێت، چونکە ئەویش هێزێکی گەورەی ئەم وڵاتەیە، واتە ئەم دوو هێزە ئەگەر پێکەوە رێکنەکەون هەڵبژاردن ناکرێت بشکرێت کەمکوڕی هەیە، شکست دەخوات و ناتوانرێت بکرێت.

نابراو وتیشی "لەبەرئەوە پێم وایە چ پارتی چ یەکێتی ئەگەر هەردووکیان ڕێکنەکەون لەسەر هەڵبژاردن، هەڵبژاردن لە کوردستان ناکرێت".

سکرتێری حزبی سۆسیال دموکراتی کوردستان پەردە لەسەر سەرەتای دروستبوونی بەربەست بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن هەڵدەداتەوە و هێرشدەکاتەسەر یەکێتی و پارتیش و دەڵێت "ئێمە پێمان باشبوو کاتی خۆی تەمەنی پەرلەمان هەر درێژ نەکرایەتەوە، پێمان باشبوو هەر ئەوکاتە هەڵبژاردن بکرایە، تەنیا چەکێک بەدەستەوە بێت ناوی چەکی دیموکراتییە هی هەڵبژاردنە لە کوردستان بۆ دەبێت دوابخرێت، واتە هۆکاری چیە! هیچ موبەریرێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نییە و هەرگیز لەگەڵ دواخستنیشی نین، بەڵام نەک هەڵبژاردنێک ببێت بەهۆی دوو بەشبوون و دوو ئیدارەیی لە هەرێمی کوردستان.

"ئەم دوو حزبە خۆتان دەزانن لە هەموو جومگەکان بەشدارن، هەموو ئاسایشی ئەم دوو حزبەیە، ئەکسەریەتی پێشمەرگە هی ئەم دوو حزبەیە، وە پەیوەندیەکان و بیری نەوت هی ئەو دوو حزبەیە و پارەی ئەمریکا هی ئەم دوو حزبەیە، وە هەموو ئابوورییەکان هی ئەو دوو حزبەیە، واتە یەکێک لەو دوو حزبە ئامادە نەبن هەڵبژاردن ناکرێت"، محمەدی حاجی مەحمود وا دەڵێت

ئ.ز

 
2024-05-02
زیاتر...