ئەردۆغان: لەوانەیە سەردانی هەولێر بکەم
سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی بەغدا دەکات و دەڵێت، "لەوانەیە دوای گەڕانەوەم لە بەغدا سەردانی هەولێریش بکەم."
رەجەب تەیب ئەردۆغان، رۆژی 22ـی نیسان سەردانی بەغدا دەکات، لەبارەی سەردانیکردنی هەولێر وتی "لە دوای سەردانەکەم بۆ بەغدا لەوانەیە سەردانی هەولێریش بکەم و لەگەڵ بەرپرسانی ئەوێ کۆببینەوە. هاوڕێیانم کار لەسەر ئەم بابەتە دەکەن".
ئەردۆغان دەڵێت، "بەغدا گرنگیی زۆر بەو سەردانە دەدات. پەیوەندییەکانی تورکیا-عێراق دەگەیەنینە زەمینەیەکی دیکە. یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی سەردانەکەمان پرسی ئاو دەبێت. ئەوان چەند داواکارییەکیان لەبارەی ئاو لە ئێمە کردووە. کار لەسەر ئەم بابەتە دەکەین، ئەوانیش دەیانەوێ ئەمە چارەسەر بکەین و ئێمەش هەنگاوەکانمان بەمشێوەیە دەنێین."
سەرۆک کۆماری تورکیا کە لە کۆشکی سەرۆکایەتی لەدوای کۆبوونەوەی کابینەی وەزیرانی تورکیا قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کردو وتی، هەوڵدەدەن باسی گازی سرووشتی و نەوتیش بکەن.
|