جیهان

بۆ یه‌كه‌مجار ئه‌مریكا ورده‌كارى عەمبارەکانی چەکی ئێران ئاشكراده‌كات

نها نیوز ـ هه‌واڵه‌كان

به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتێک کە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، ئێران یەکێک لە گەورەترین جبەخانەی مووشەکیی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، ده‌شڵێت: بنکە و کۆگاکانی عەمبارکردنی چەکى ئێران لە قووڵایی زەویی و لەڕێگه‌ی سیستەمی بەرگری ئاسمانییەوە پارێزگارییان لێدەکرێت، ئەمەش وایکردووە لەناوبردنیان لەڕێگای هێرشی ئاسمانییەوە سەخت بێت.

رۆژنامەکە باسی لەوەکردووە، سوپای ئێران لە ڕووی کەرەستە، یەکگرتوویی، ئەزموون و کوالێتی کارمەندان وەک یەکێک لە سوپایە بەهێزەکانی ناوچەکە تەماشا دەکرێت، ستراتیژی سەربازیی ئێران لەسەر بەرپەرچدانەوەیە و جەخت لەسەر پەرەپێدانی مووشەکی ورد و دوورمەودا، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بەرگریی ئاسمانی دەکاتەوە.

ئەوەش هاتووە، جبەخانەی مووشەکیی ئێران بریتییە لە مووشەکی کروز و دژە کەشتیی و هەروەک مووشەکی بالیستیک کە مەودای تا 1200 میل (نزیکەی دوو هەزار کیلۆمەتر) دەگرێتەوە کە توانای پێدانی هەر ئامانجێکیان هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە ئیسرائیلیشەوە.

سەبارەت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، تاران جبەخانەیەکی گەورەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی  هەیە کە مەودای 1200 بۆ 1550 میل (نزیکەی 2000 بۆ 2500 کیلۆمەتر)یان هەیە، کە توانای فڕینیان هەیە لە بەرزاییە نزمەکاندا بۆ ئەوەی لە ڕادار دوور بکەونەوە.

هەر به‌پێى رۆژنامە ئەمریکییەکە، ئێران هێزی سەربازیی خۆی لە ڕێگەی نمایشە سەربازییەکانەوە پیشاندەدات کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکەکانی لەخۆدەگرێت و نیازی هەیە ئاستێکی بەرزی هەناردەکردن لە فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا ئەنجامبدات.

بە وتەی شارەزایان، بنکە و کۆگاکانی عەمبارکردنی چەک و چۆڵی ئێران بە شێوەیەکی بەرفراوان لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە بڵاوبوونەتەوە، لە قووڵایی زەویی و لەڕێگای سیستەمی بەرگری ئاسمانییەوە پارێزگارییان لێدەکرێت، ئەمەش وایکردووە لەناوبردنیان لەڕێگای هێرشی ئاسمانییەوە سەخت بێت.

ن.هـ

2024-04-15
زیاتر...