له سنوورى سلێمانى ژمارهیهك تیرۆریست دهستگیركران.. دژهتیرۆر زانیاریى ئاشكرادهكات
نها نیوز ـ ههواڵهكان
دهزگاى دژه تیرۆر دەستگیرکردنی 'سێ تیرۆریست' لە سنووری چەمچەماڵ ئاشكرادهكات و دهڵێت:"لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی دژەتیرۆر و هاوپەیمانان پێكهوه ئهو تیرۆریستانه دهستگیركراون".
به پێى ئهو زانیاریانهى دژه تیرۆر بڵاویكردووهتهوه، پاڵپشت بە زانیاری ھەواڵگریی دروست و ورد و چاودێری بەردەوامی ھێزەکانی دژەتیرۆر، دوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە، شەوی 5ى ئهم مانگه، بە فڕۆکەی تایبەتی بەڕێوبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆر، بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی وەھاب ھەڵەبجەیی بەڕێوبەری گشتیی دژەتیرۆر، ئۆپەراسیۆنێکی ھاوبەش لە نێوان ھێزەکانی سەر بە بەڕێوبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆر و ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبونەوەی داعش ئەنجامدرا.
ئهوهش ئاشكراكراوه، لەو ئۆپەراسیۆنە تایبەتەدا توانرا سێ تیرۆریست لە سنووری چەمچەماڵ دەستگیربکرێن.
دژه تیرۆر راشیگهیاندوه، تیرۆرستانی دەستگیرکراو بەناوەکانی (ع،ە،ن) لەدایکبووی 1996، (ع،ا،ح) لەدایکبووی 2000، (م،ح،م) لەدایکبووی 1986و سەرجەمیان خەڵکی موسڵن و پێشینەی کاریان لەناو ڕێکخراوە تیرۆرستییەکاندا ھەبووە و لە سنووری چەمچەماڵ نیشتەجێبوون، پاش دەستگیرکردنیشیان، دەستبەجێ ڕادەستی یاسا کراون بە مەبەستی سزادانیان.
|