ئابوری

(هەژماری من) شکست دەهێنێت و "ئیفلاس" دەکات

نها نیوز - هەواڵەکان

دوو شارەزایی بواری ئابوری و دارایی دوو مەترسی گەورە لەسەر پرۆژەی (هەژماری من) ئاشکرا دەکەن و جگە لەوەی کەلە بەرژەوەندی چەند کەسێکەئەمە لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە لە هەرێم ئەو پڕۆژەیە شکستی هێناوە و هاوکات بانکە ئەهلییەکان لە قەیراندا مەترسی "ئیفلاس"ـبوونیان هەیە.

لەبارەی مەترسییەکیان جەبار گۆران، شارەزای بواری ئابووری و دارایی کە بۆ  وێبسایتی فەرمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان قسەیکردووە، دەڵێت "هەژماری من پرۆژەیەکی بازرگانییە و لەبەرژەوەندی چەند کەسێکە، بەڵام ئەگەر حکومەتی هەرێم بەرژەوەندی گشتی و مووچەخۆرانی دەوێت، پێویستە مووچە تەوتین بکرێت لەیەکێک لە بانکە حکومییەکان، کە ئەمە بڕیاری دادگای فیدراڵیشە".

ناوبراو زیاتری رونکردووەتەوە و ئاماژە بەوەش دەکات "بانکە حکومییەکان کە لەناو پرۆژەی (هەژماری من)دان بڕواپێکراوترن بەبەراورد بە بانکە ئەهلییەکان، هاوکات بانکە حکومییەکان لەلایەن بانکی مەرکەزییەوە پشتیوانی دەکرێت و زۆر بە ئەستەم ئیفلاس دەکەن، هاوکات بۆ بانکە ئەهلییەکان پێشبینی کراوە کەلە کاتی قەیرانەکاندا مایەپووچبونی خۆیان رابگەیەنن.

جەبار گۆران وتوشیەتی بەو وێبسایتە "بانکە حکومییەکان بەراورد بەبانکە ئەهلییەکان کەمتر تاکە کەس دەتوانێت کۆنترۆڵی بکات و بڕیاری لەسەر بدات، ئەمەش وای کردووە مووچەخۆرانی هەرێم تەوطینیان لە هەژماری من پێ باشتر بێت".

پەیوەست بە مەترسی دووەم لەسەر (هەژماری من)، د. لاڤە ئاراس پسپۆڕی دارایی و ئابووری ئاشکرایکردووە "حکومەتی هەرێمی کوردستان لەماوەی رابردوودا بەتایبەت لە کابینەی نۆدا نەیتوانی ئەو بێ متمانەییەی لەنێوان هاووڵاتی و حکومەتدا هەبوو چارەسەر بکات، بەپێچەوانەوە رێژەی بێ متمانەییەکی زیاد کردوو ئەو متمانەیەش کە پێشتر هەبوو بەتایبەت لە رووی داراییەوە لەناوی برد، ئەمەش وایکردووە مووچەخۆران روو لە تەوطین بکەن و پشت لە هەژماری من بکەن، بەمەش هەژماری من شکستی هێناوە".

پسپۆڕەکەی بواری دارایی و ئابوری دەشڵێت "وەک پسپۆڕان لەگەڵ پرۆژەی (هەژماری من)دا نین، چونکە هەندێ کۆت و بەندی بۆ مووچەخۆر داناوە کە نایاسایین و مووچەخۆر پابەند دەکات بە هەندێک رێکارەوە کەبە خواستی خۆی نییە، هاوکات (هەژماری من) پێچەوانەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییە و ئەمەش هۆکارێکی سەرەکی بووە بۆ دواکەوتنی ناردنی مووچە لەبەغداوە".
2024-09-07
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.