نها نیوز – هەواڵەکان
وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا رایدەگەیەنێت، تورکیا نزیکەی ساڵێکە ئامادەیە بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەڵام تائێستا یەک بەرمیل نەوت رەوانە نەکراوە.
ئاڵپئارسلان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند "تورکیا نزیکەی ساڵێکە ئامادەیە بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکانی بەغداد و هەولێر یەک بەرمیل نەوت رەوانە نەکراوە".
وتیشی "چارەسەرکردنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، پێویستی بە بڕیاری سیاسیی هەیە و وەک تورکیا ئامادەی بەشدارییکردنین لە یارمەتیدان و چارەسەرکردنی کێشەکە".
بایراکتار لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەشکرد "داوامان لە بەرپرسانی عێراق کردووە رێگای گەشەپێدان بکرێت بە رێگای وزەش، تاوەکو لە رێگایەوە نەوت و گازی سروشتیی عێراق بۆ بازاڕەکانی جیهان بگوازرێتەوە".
ئەو دەشڵێت "هیچ رێگرییەکی تەکنیکی و بازرگانیی نییە لەبەردەم هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان. تەنیا پێویست بەوە دەکات ئیرادەیەکی سیاسیی راستەقینە پیشانبدرێت، بەتایبەت لەلایەنی عێراقییەوە و لەگەڵ هەولێردا".
لە مانگی ئاداری ڕابردووەوە، تورکیا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی بۆ بەندەری جەیهان ڕاگرت، ئەوەش دوای ئەوەی دادگای ناوبژیوانی پاریس هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی بە بێ ڕەزامەندیی بەغدا بە نایاسایی ناوزەندکرد.
دادگاکە بڕیاریدا تورکیا لەبەرامبەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی نێوان 2014-2018 زیاتر لە یەك ملیار دۆلار قەرەبوو بدات بە عێراق.