ئەو قەیرانانەی رووبەڕووی هەرێم بوونەتەوە، هیچ لایەنێكی ئۆپۆزسیۆن نەبووە بڵێت، چارەسەرم پێیە و ئەوەی لە هەرێمی كوردستان دەگوزەرێت، لەبازنەی بۆڵەبۆڵدا دەخولێتەوە.
بودجە گرنگی خۆی هەیە، هەر وڵاتێك بودجەی گشتیی ساڵانەی هەبوو، ئابووریی ئەو وڵاتە و چالاكی بازرگانیی زیاتر گەشەدەكات، چونكە ئەگەر بازرگان و وەبەرهێنەكان یان هاوڵاتییەكان بەرچاو روونیان هەبوو، لەبارەی ئاستی داهات و خەرجییەكانی وڵات، ئەوكات لەژێر رۆشنایی ئەو خەرجییانە دەتوانن پلان بۆ كاری بازرگانیان دابنێن. بەڵام كاتێك یاسای بودجە نەبوو، هاوڵاتییان و بازرگانەكانی ئەم هەرێمە نەیانزانی داهاتی وڵاتەكەیان چەندە و شەفاف نییە، ئەوكاتە ترس و نیگەرانی دروستدەبێت و بەشێك لە چالاكییە بازرگانییەكان دەوەستێت یان پەكی دەكەوێت. پێموایە، لە 2014ەوە تاوەكو ئێستا یاسای بودجەی نەبووە لە هەرێمی كوردستان و زیانێگی گەورەی بە بازرگانیی و وەبەرهێنانی ناوخۆیی گەیاندووە، تا رادەیەكیش وەبەرهێنان پاشەكشەی كردووە. بۆ نموونە، ئەگەر هاوڵاتییەك پلان بۆ خەرجیی ماڵەكەی دانەنێت مایە پووچ دەبێت، ئەوە بۆ دامەزراوە و وڵاتێكیش راستە. چونكە، تەبیعەتی بازرگان وایە كە لە ئاوی لێڵدا مەلە ناكات، هەمیشە دەبێت بەرچاو ڕوونییەكی هەبێت. گرنگە ئەو كەسانەی دەچنە پەرلەمان، یاخود لیژنەكانی دارایی و بازرگانی، پێویستە خەڵكی شارەزا و تایبەتمەند بن، چونكە هەر وڵاتێك یاسای بودجەی نەبوو، بەواتای ئەوە دێت ئابوورییەكەی ناڕوونە و لەڕووی چالاكی بازرگانییەوە پاشەكشەدەكات و ناڕوونی و ناشەفافی و گەندەڵی لەداهات دروستدەكات.