ئابوری

لەبارەی رادەستکردنی داهاتەوە رێککەوتنێکی نوێی هەرێم و بەغدا ئاشکرادەکرێت

نها نیوز – هەواڵەکان
ئەندامى لیژنەى دارایى لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، بەگوێرەى رێککەوتنى رێکارەکانی سەپاندنی باج لە هەردوو حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمى كوردستان و بەغدا، بۆ لەمەودوا حکومەتى هەرێم 50%ـى داهاتى باج دەداتە بەغدا.

د. نەرمین مەعروف، ئەندامى لیژنەى دارایى لە پەرلەمانی عێراق بە میدیای یەکێتیی وت "کۆبوونەوەى لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران بە میوانداری سەرۆکی دەستەی گشتی باجەکان و سەرۆکی دەستەی گشتی گومرگ لە حکومەتی عێراق ئەنجامدرا و ئامانج لە کۆبوونەوەکە، کۆکردنەوەی داهاتە نانەوتییەکان بوو لە چوارچێوەی یاسای بودجەی گشتی ئەمساڵ".

دەشڵێت "سەرۆکی دەستەی باجەکان ئاشکرایکرد بەگوێرەى رێکكەوتنێکی پانزە خاڵی لە هەرێم و عێراق رێکارەکانی سەپاندنی باج لە هەردوو حکومەتی هەرێمى كوردستان و عێراق یەکدەخرێت و لەرۆژى 3ـى ئەیلوول هەرێمی کوردستان لە 50%ـى داهاتى باج دەداتە حکومەتى عێراق".

بەپێی وتەی نەرمین مەعروف "هەر بەگوێرەى رێکكەوتنەکە هەردوو حکومەت بەڵگەنامەی ئەستۆپاکی باجی سەر کۆمپانیاکان، کە چالاکییان هەیە لە شارەکانی هەرێمى کوردستان و دەرەوەی هەرێم پەسەند دەکەن و ئەوەش کۆتایی دێنێت بە کێشەی دووفاقى لە وەرگرتنى باجدا و هەر کۆمپانیایەک بەگوێرەى چالاکییەکانى باجى لێ وەردەگیرێت".

پێشتر حکومەتى کاربەڕێکەری هەرێمى کوردستان تەنیا 50%ـى داهاتى گومرگ و دامەزراوە فیدڕاڵییەکان دەدات بە بەغدا کە لەمساڵدا بڕى 231 ملیار دینارى وەک داهاتى نانەوتى بۆ سێ مانگ داوەتە عێراق.
 
2024-09-06
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.