ئابوری

لەبارەی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە بڕیاری یەکلاکەرەوە درا

نها نیوز - هەواڵەکان

جێگری بەڕێوەبەری خانەنشینی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، رێوشوێنی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان کاتی زۆری پێویستە هەربۆیە بەهاوتاکراوی دابەشنەکرا، دەشڵێت "بڕیاردراوە پاش هەڵسەنگاندن لە مانگەکانی داهاتوودا مووچەی خانەنشینان هاوتا بکەین".

رۆژی دووشەممە 2ی ئەیلولی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی حەوتی بڵاوکردەوە و لە راگەیەندراوێکیشدا ئاشکرایکرد کە خانەنشینان بەهاوتاکراوی مووچەکانیان وەردەگرن، بەڵام ژیان سابیر، بەڕێوەبەری خانەنشینیى سلێمانى رایگەیاند کە ئەو بڕیارە خانەنشینانی پێشمەرگە ناگرێتەوە.
 
فەتحوڵا عومەر، جێگری بەڕێوەبەری خانەنشینی پێشمەرگە لە لێدوانێکدا زانیاری نەبیستراو ئاشکرا دەکات و دەڵێت "رێوشوێنی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان کاتی زۆری پێویستە و لەپێناو دروستنەبوونی جیاوازی لە مووچە بڕیاردراوە ئەم مانگە مووچە وەک پێشتر دابەشبکرێت".

فەتحوڵا عومەر لەبارەی گرفتی هاوتانەکردنی خانەنشینانی هەرێم بە بەغدا زانیاری دڵخۆشکەر دەخاتە روو و رایدەگەیەنێت "بڕیاردراوە پاش هەڵسەنگاندن لە مانگەکانی داهاتوودا مووچەی خانەنشینان هاوتا بکەین".

ناوبراو هێما بۆ خاڵێکی گرنگتر دەکات و ئاماژە بەوەش دەکات "مووچەى خانەنشینی هاوتا بکرێت زۆرینەی دەرماڵەی پلە تایبەتەکان نامێنن و ئەوانەی مووچەکانیان لە 500 هەزار کەمترە لە هاوتاکردنی مووچە سوودمەند دەبن و ئەوانەی لە ملیۆنێک کەمتر وەردەگرن 300 هەزار دیناری دیکەیان بۆ زیاد دەکرێت.
2024-09-05
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.