ئابوری

نرخی نەوت دابەزینێکی تری تۆمارکرد

نها نیوز – هەواڵەکان
لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 37 سەنتی دیکە دابەزی و بە 73 دۆلار و 38 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هاوکات، نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 41 سەنت دابەزی و یەک بەرمیل لەو نەوتە بە 69 دۆلار و 63 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە، نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بە رێژەی 4.4٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیی.

توشیتاکا تازاوا، شرۆڤەکاری ژاپۆنیی بازاڕە داراییەکان دەڵێت "دابەزینی نرخی نەوت بەردەوامبوو لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەهۆی ئەوەی ئەگەری چارەسەربوونی کێشەی کەمبوونەوەی نەوتی لیبیا هاتووەتە ئاراوە".

لە لیبیا کە ماوەی یەک هەفتەیە بەرهەمهێنانی نەوت لەو وڵاتە وەستاوە، ئێستا دوو لایەنی نەیار رێککەوتوون کە پێکەوە سەرۆکێک بۆ بانکی ناوەندیی وڵاتەکە دابنێن کە کۆنترۆڵی داهاتی نەوتی ئەو وڵاتەی بەدەستەوەیە، ئەوەش نرخی نەوتی زیاتر دابەزاندووە.
 
2024-09-04
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.