ئابوری

عێراق لە دەستکاریکردنی خشتەی بودجەدا هەرێم بێبەش دەکات

نها نیوز - هەواڵەکان

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، چەند لایەنێکی سیاسی بۆ بەرژەوەندیی پارێزگاکانی خۆیان، دەستکاریی خشتەی بودجە دەکەن، دەشڵێت "لیژنەکانی لێکۆڵینەوە لەو زیادبونەی لەخشتەی بودجە کراوە، کاری خۆیان نەکردووە و کارەکانیان پشتگوێخستوە".

شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق له ‌فراكسیۆنى پارتى بە میدیاى نزیك لە حزبه‌كه‌ی دەڵێت‌ "دوای ناردنی خشتەی بودجەی 2024 لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ په‌رله‌مان بۆ پەسەندکردنی، پاش چەندین کۆبونەوەی لیژنەی دارایی، بڕیاردرا سیاسییەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەستکاریی خشتەکە نەکەن، هەندێ لە ئەندام پەرلەمانەکانی سەر بەپارێزگاکانی ناوەڕاست‌ و باشوری عێراق، سکاڵایان هەبوو لەبارەی ئەو پارەیەی دابینکراوە بۆ پارێزگاکانیان کەمە".

دووبەردانی ئاماژە بەوەش دەکات "پێویستە هەندێ گۆڕانکاریی بکرێت، بۆیە دەنگمان لەسەر گواستنەوەی دوو ترلیۆن‌ و 500 ملیار دا وەک دەسەڵاتی سەرۆک وەزیران بۆ پارێزگاکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، دوای پەسەندکردن، خشتەکە لای سەرۆک پەرلەمان‌ و ئەمینداری پەرلەمان واژۆکراو سەرۆک کۆمار پەسەندیکرد و گەیشتە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لەوێ  دەستکاریکراو  14 ترلیۆن ‌و 500 ملیار دینار زیادکرا، هەندێک پێیانوایە لەلایەن پەرلەمانەوە دەستکاریی کراوە.

وتیشی"دوای ساڵی 2012 تا ئەمڕۆ وەکو پەرلەمان‌ و دەستور و یاسا، ژمێرەی کۆتایی لە عێراق لای حکومەت بۆ په‌رله‌مان نەنێردراوە، ئەو خەرجیانەی حکومەت دەیکات، هیچ چاودێرییەکی بۆ نییە، ئەمە پەسەندمان لەسەر نزیکەی 199 ترلیۆن دینار کردووە، خەرجییەکانی حکومەت 206 ترلیۆن دینارە، خشتەی ئەمساڵ کە 211 ترلیۆن دینارە، پاشان گەیشتە په‌رله‌مان، زیاتر لە 14 ترلیۆن ‌و 500 ملیار دینار زیاد بووە، پێویستە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێک بێت لەسەر ئەو گۆڕانکاریانە".

بەوتەی پەرلەمانتارەکەی پارتی لە عێراق "بودجەی سێ ساڵیی کە لە 2023 پەسەندمان کرد، بۆ ئەوەبوو حکومەت رزگاربێت لەجێبەجێکردنی ماددەکانی بودجە، دەبینین هەموو ساڵێک، نیوەی ساڵ ناردنی خشتەی بودجە لەلایەن حکومەت بۆ پەرلەمان کێشەی تێدەکەوێت، ئەوەش ئەوە کاریگەریی لە حکومەت ‌و شایستە داراییەکانی هەرێم دروستکردووە جگە لە مووچە کە هەموو مانگێک بەبیانویه‌ک ناردنی دوای دەخەن".

ناوبراو جەخت لەوەش دەکاتەوە "هیچ لیژنەیەک کاری خۆی نەکردووە و هیچ ئەنجامێکی نەبووە، هیچ بودجەیەک بۆ پەرەپێدان‌ و قەرەبوی هاوڵاتییان بۆ هەرێم نەهاتووە، وەزارەتی پەروەردەی عێراق مووچەی لە هەموو فەرمانبەرانی عێراق ‌و هەرێمی کوردستان زیاترە".
2024-09-03
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.