ئابوری

وەزارەتێکی هەرێم گرفت بۆ وەزارەتێکی عێراق و جیهانی دروست دەکات

نها نیوز - هەواڵەکان

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر گرفتی بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ ئۆپیک دروستکردووە.

د. بڕیار رەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت "وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێم گرفتی بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ ئۆپیک دروستکردووە، چونکە بەبێ رێککەوتن رۆژانە 240 ھەزار بەرمیل نەوت بەرھەمدەھێنێت".

د. بڕیار رەشید ئاماژە بوەش دەکات "لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق کۆبووەتەوە و پێی راگەیاندووە؛ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێم رۆژانە 286 ھەزار بەرمیل نەوت بەرھەمدەھێنێت کە پێویستبوو رۆژانە تەنھا 46 ھەزار بەرمیل نەوت بەرھەمبھێنێت بۆ پێداویستی ناوخۆ، بەڵام ھەرێم پابەندی ئەم رێککەوتنە نەبووە و ئەوەش گرفتی لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و رێکخراوی ئۆپیک دروستکردووە.

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارەی عێراق "وەزیری نەوت رایگەیاندووە؛ رێکخراوی ئۆپیک سێجار لە زیاد بەرھەمھێنانی نەوت ئاگاداری کردوونەتەوە و ئەو بڕە زیادەیەی ھەرێم بەرھەمی دەھێنێت کێشەی بۆ حکومەتی عێراق دروستکردووە کە تائێستا کێشەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانە سروشتییەکانی ھەرێم چارەسەر نەبوون".
 
2024-09-02
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.