ئابوری

هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینی پێشمەرگە ناگرێتەوە

نها نیوز – هەواڵەکان

بەڕێوەبەرى خانەنشینیى سلێمانى رایدەگەیەنێت، هاوتاکردنى مووچە خانەنشینانى وەزارەتى پێشمەرگە بۆ مانگى تەمموز ناگرێتەوە.

ژیان سابیر، بەڕێوەبەری خانەنشینیى سلێمانى بە میدیای یەکێتی وت "بەگوێرەى ئەو رێنماییانەى لە وەزارەتى دارایی و ئابووریى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانى خانەنشین هاتوون، مووچەى خانەنشینانى پێشمەرگە بۆ مانگى تەمموز بەبێ هاوتاکراوى دەدرێت، وەکو مانگەکانى پێشوو مووچە وەردەگرن".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا "هەریەک لە خانەنشینانى مەدەنى و خانەنشینانى سەربە وەزارەتى ناوخۆ، مووچەکانیان بە هاوتاکراوى بۆ مانگى تەمموز وەردەگرن".

سەبارەت بەهۆکاری ئەو گرفتەش، سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایى و ئابووریى حکومەتى کاربەڕێکەری هەرێمى کوردستان ئاشکرایکرد "تەنیا پەیوەندى بە یەکنەخستنى لیستى مووچەى خانەنشینانى پێشمەرگەوە هەیە".

لەبارەی ئەوەی ئەم گرفتە مووچەی مانگی ئابیش دەگرێتەوە؟ سەرچاوەکە رونیکردەوە "یەكخستنی لیستی مووچە لەم مانگەدا تەواو دەکرێت و بۆ مانگى ئاب بە هاوتاکراوى مووچەى خانەنشینان دابەش دەکرێت، چونکە بڕیارەکەى بەغدا خانەنشینانى پێشمەرگەش دەگرێتەوە".
 
2024-09-02
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.