وتار

مەترسی رێککەوتنی تورکیا - لیبیا بۆسەر کورد؟

هونەر تۆفیق

تورکیا و حکومەتی هاوپەیمانی نیشتمانی لیبیا ، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان مۆرکرد سەبارەت بە هاوکاری سەربازی و دیاریکردنی سنووری دەریایی لەنێوانیاندا . ناڕەزایەتی توندی میسر ، ئیتالیا ، یۆنان ، قوبرس لێکەوتەوە . هەروەها یەکێتی ئەوروپا ، ڕوسیا ، ئەمریکا ، سعودیە ، ئیمارات بە هەنگاوێکی مەترسیداری تورکی حسابیان کرد . جارێکی تر پرسی رێکەوتنی لۆزانی ١٩٢٣ ی وروژاندەوە . بۆیە لە کورت مەودادا ئەو رێککەوتنەی تورکیا - لیبیا کاریگەری دەبێت لەسەر نیشتمانی کورد .

چی لە لیبیا دەگوزەرێت ؟
لە واقیعدا دەوڵەتی لیبیا لەپاش خستنی جەماهیریەکەی قەزافیەوە دابەشبووە بەسەر دوو حکومەتدا . لە رۆژهەڵاتەوە هێزەکانی بەرەی جەنڕال حەفتەر حوکمداری دەکەن ، میسر ، روسیا ، سعودیە ، ئیمارات پشتیوانی لێدەکەن . لە خۆرئاواشە وە ، ترابلوسی پایتەخت حکومەتی هاوپەیمانی نیشتمانی بە پشتیوانی ئیخوانی موسلمینی جیهانی و تورکیا و قەتەر ناوچەکەیان بەڕێوەدەبەن . هیچکام لەو دوو حکومەتە بە هەڵبژاردن دەستەڵاتیان نەگرتۆتە دەست . تەرابلوس شەرعیەتی لە ڕێکەوتنی سیاسی بە نێوەندگیری نەتەوەیەکگرتووەکان وەرگرتووە . حکومەتەکەی حەفتەریش لە شۆرشی لیبیاوە شەرعیەت بەخۆی دەدات . لەو نێوەندەدا دەیان گروپی چەکداری توندڕەو لەجەنگی دژ بەیەکدان .

سوپای بیانی لە لیبیا ؟!
بۆ خستنی قەزافی دەیان وڵات بەشداری ڕاستەوخۆی کرد بە هێزی ئاسمانی و زەمینی . لەوانە قەتەر ، فەرەنسا ، ئەمریکا ، بەریتانیا ، ئیتالیا . روسەکان لەو کاتەدا کشانەوە ، وڵاتەکەیان بۆ شۆرشگێرەکان بەجێهێشت . بەڵام لەپاش ئەزموونی سوریاوە ، روسیا لەگەڕانەوەدایە بۆ لیبیا . هێزەکانی گروپی ڤاگنەر کە هێزێکی تۆکمەی شارەزاو تایبەتی نافەرمی روسین لە لیبیادا رۆڵی سەربازی گرنگ دەگێڕن .

ناکۆکی بەرەکان ؟!
هاوپەیمانی روسیا - تورکیا ، لە لیبیادا لەوپەڕی ناکۆکیدایە . روسیای لایەنگری حەفتەر ، ناڕازیە لە پشتیوانی تورکیا بۆ تەرابلوس . روسیا جگە لە ئامانجی ستراتیژی سەربازی و بەرگری لە دەریای ناوەڕاستدا ، چاوی لە سەرچاوەکانی وزەیە ( نەوت و غاز) لەو وڵاتەدا . گەڕانەوەی روسیا بۆ پێگە ئابووریەکەی لە لیبیادا بایی دەیان ملیارد دۆلار داهاتی ساڵانەیە بۆ مۆسکۆ . هەروەها سعودی و میسریەکان دژ بە حکومەتێکی ئیخوانین بە پشتیوانی ئەردۆغان ، لیبیا بگرێتە دەست . ئەمریکیەکان بە گومانەوە لە پەیوەندی دۆستەکەیان حەفتەر دەڕوانن لەگەڵ روسیادا .

ڕێکەوتنەکەی تورکیا و لیبیا ؟!
تورکیا لە زمانی ئەردۆغانەوە نایشارێتەوە کە لەهەوڵی پێداچوونەوە یان هەڵوشاندنەوەی ڕێکەوتنی لۆزانی ١٩٢٣ دان . پرۆژەکەی ئەردۆغان بۆ ساڵی ٢٠٢٣ باس لە بوژاندنەوەی سیاسی و ئابووری تورکیا دەکات لەیادی ١٠٠ ساڵەی لۆزاندا . جاڕی ئەوە دەدەن کە لەپاش ١٠٠ ساڵ لەو رێكکەوتنە ، چیدی هەڵدەوەشێتەوە و تورکیا ئازاد دەکات سەروەری دەریایی و زەمینی بەسەر خاکە پچڕێنراوەکانی عوسمانیدا وەربگرێتەوە ، توانای وەگرتنی باج لە کەشتیەکانی گوزەرکار بە کەناڵی بۆسفۆردا بگەڕێتەوە بۆ تورکیا کە لۆزان فەرزی کردووە بەسەر تورکیادا نابێت باج لە هاتوچۆی کەشتیەکان وەربگرێت . هەروەها مافی گەڕان بداتەوە بە تورکیا لە دەریای ناوەڕاستدا نەوت و غاز دەربهێنێت .
لە باکووری سوریا ( رۆژئاڤا ) یەکەم هەنگاوی شکاندنی لۆزان لەلایەن تورکیاوە نراوە . ناوچەکانی عەفرین ، سەریکانی ، تەل ئەبیەز ، ئیدلبی لە سوریا دابڕیووە . بەپێ ی ئەو ڕێکەوتنەی لەگەڵ تەرابلوسی لیبیشدا ، مەرجەکانی لۆزان لە دەریادا دەشکێنێت کە نزیکەی شەش هەزار دورگەی یۆنانی دەگرێتەوە لە نزیک کەنارەکانی تورکیادا . هەروەها مافی قوبرسی یۆنانی لە سوودی ئابووری دەریایی پێشێل دەکات بەپێ ی ئەم رێککەوتنە نوێ یە . لەهەمان کاتدا بەشێک لەمافی میسر و دورگەی کریتی یۆنانی زەوت دەکات کە ئەو سنوورە دەریاییە دەوڵەمەندە بە غازی سروشتی ، تورکیا لەو رێکەوتنەوە مافی داگیرکردنی بۆخۆی دەگەڕێنێتەوە .

کاریگەری لەسەر کورد ؟!
تورکیا لەڕێگەی ئامادەکاریەکانی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ پرۆژەی سەروەری ( وەک ئەردۆغان ناوی ناوە ) دوو هەنگاوی سەرچڵانەی ناوە لە دەریای ناوەڕاست و باکووری سوریادا . ئەگەر ئەو رێکەوتنەی لیبیا - تورکیا لەناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا تێپەربێت و بێدەنگی لەو هەنگاوانەی ئەردۆغان بکرێت . لە یادی ١٠٠ ساڵەی لۆزاندا ، ئەو رێگەیەش بەخۆی دەدات پابەندنەبوونی تورکیا بە هەر ١٤٧ خاڵەکەی ڕێکەوتنی لۆزانی ١٩٢٣ ەوە ڕابگەیەنێت و هێرشیش بکاتە سەر هەرێمی کوردستان کەلە ئێستادا چەندین بنکەی سەربازی تیادا هەیە ، بەناوی گەڕاندنەوەی سەروەری خاکی تورکیا ( عوسمانیەکان ) ەوە هەرێمی کوردستانیش داگیردەکات .
ژمارەی خوێنەر   ‌ 204‌
1/12/2020 9:23:49 AM
زیاتر...