راپۆرت

ئێستا گەیشت.. هۆکاری جێگیرکردنی هێزە عێراقییەکان لە کەرکوک ئاشکراکرا

نها نیوز – هەواڵەکان

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ عێراق هێزێکی سوپای وڵاتەکەی لە گوندی پەڵکانە لە کەرکوک جێگیرکرد و نها نیوز لەسەر ئەو بابەتە بەدواداچون بۆ هۆکارەکەی دەکات و لەوبارەیەوە ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت "بەداخەوە ساڵانە لە دوو کاتدا ئەم کێشەیە دروستدەبێت، هۆکارەکەش بەهۆی ئەوەوەیە کە هەندێک هاوڵاتی عەرەب ویستوویانە گرفت دروست بکەن و کوردەکانیش کۆبونەتەوە، ئەو هێزەیە بۆ ئەوە جێگیرکراوە".

دارا سێکانیانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر فراکسیۆنی یەکگرتوو لەوبارەیەوە تایبەت بە نها نیوزی راگەیاند "بەداخەوە ساڵانە لە دوو کاتدا ئەم کێشەیە دروستدەبێت هەم لەکاتی وەرزی چاندن و هەم لەکاتی وەرزی دروێنەدا، وە بەداخەوە تاوەکو ئێستا ئەم کێشانە لەبنەڕەتەوە چارەسەر نەکراوە، چونکە بەهۆی ماددەی 140 لەگەڵ هەندێک ماددەی تر و هەندێک یاسایی دیکە، ئەو کێشانە تاوەکو ئێستا بەردەوامن.

پەیوەست بە هۆکاری جێگیرکردنی ئەو هێزەیە، سێکانیانی ئاماژەی بەوەشدا "ئەو هێزە بۆ ئەوە هاتووە هەندێک هاوڵاتی عەرەب کە پێشتر لەو ناوچەیە بوون کە پێیان دەوترێت 'عەرەبی هاوردە' هاتوونەتە ئەم ناوچەیە و، وە ویستویانە گرفت دروست بکەن وە لەبەرامبەردا کوردەکانیش بەهەمان شێوە کۆبونەتەوە بۆئەوەی کە تاوەکو شتێکی نەخوازراو روونەدات، پێدەچێت ئەو سوپایە بۆ ئەوە هاتبێت تا زیاتر بۆ مەبەستێکی دیکە.

بەپێی بڕیاری ژمارە 29ـی ساڵی 2012 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری باکوور، زیاتر لە 700 گرێبەستی عەرەبی هاوردە هەڵوەشاوەتەوە و فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووکیش بە نووسراوی فەرمی فیرقەی هەشتی سوپای عێراقی ئاگادارکردووەتەوە رێگە لە کاری کشتوکاڵی جووتیارانی کورد نەگرن، بەڵام سوپای عێراق گوێ بە داواکارییەکەی فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک نادات.

بە وتەی دارا سێکانیانی بێت، لەهەر شوێنێک گرژی دروست دەبێت پێویست دەکات هێزی چالاکی مەدەنی لەگەڵ پۆلیس و وەزارەتی ناوخۆ بێن، وتیشی "تەسەوردەکەم ئەو هێزەیە زیاتر بۆ ئەوە بێت".

ڕۆژی یەکشەممەوە 28-04-2024، بەبڕیاری فەرماندەی فیرقەی هەشتی سوپای عێراق، سەرجەم جووتیارانی کورد لە سنووری کەرکووک ئاگادارکراونەتەوە کە دروێنەی بەرەوبوومەکانییان قەدەغەیە و هەرکەسێک سەرپێچی بکات سزا دەدرێت.

سەبارەت بەوەی ئایا یەکێتی و پارتی تاچەند هۆکاربوون یاخود ڕێخۆشکەربوون بۆ هێنانی ئەم هێزە عێراقیانە؟ ئەندامەکەی پەرلەمانی عێراق رونیکردەوە "دەکرێت بەجۆرێکی دیکە بیڵێین، ئەگەر لە رابردوودا ئەم گرفتەیە چارەسەر بکرایە بەتایبەت ماددەی 140، دەکرا کۆدەنگی کورد و رێککەوتن لە بەغدا لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بکرایە بۆ ئەوەی کۆتاییان بەم کێشەیە بهێنایە، بەڵام بەداخەوە زۆرجار بەهۆی ناکۆکییەکانی هەرێمەوە کە گوازراوەتەوە بۆ بەغدا، بەهۆیەوە بەشێک لەم کێشانە چارەسەر نەکراوە".

لە سنووری پارێزگای کەرکووک، ملیۆنێک و 100  هەزار دۆنم زەوی کێشەی لەسەرە، بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکان یەک لەسەر سێی کێشەکان چارەسەر دەبن، بڕیاری ژمارە 29ـی ساڵی 1975ـی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی لێژنەی کاروبارەکانی باکووریش کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەساڵی 2012 بڕیاری لەسەرداوە و گشتاندنی بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کردووە، کە پێویستە لە رێگەی وەزارەتی دادی عێراقەوە، فشار لەسەر دادگاکان و فەرمانگەی تاپۆی کەرکوک بکرێت، بۆ گەڕاندنەوەی 900 هەزار دۆنم زەوی دیکەی جووتیارانی کورد و تورکمان.

ئ.ز 
 
2024-05-09
زیاتر...
123