بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی مووچه پێشمەرگە دوایین ده‌رفه‌ت درایە هه‌رێم
نها نیوز - هەواڵەکان
بەوتەی لیوا بەختیار محەمەد، ئەمینداری وەزارەتی پێشمه‌رگه، تاكۆتایی ئه‌مساڵ ده‌رفه‌ت دراوه بە هەرێم بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كانی مووچەی پێشمەرگە به‌ته‌واوی چاره‌سه‌ر بكرێن.
لیوا بەختیار محەمەد، ئەمینداری وەزارەتی پێشمه‌رگه لە دیدارێکدا ئاشکرای دەکات "لیژنه‌ی هاوبه‌شی چاودێری دارایی هه‌رێمی كوردستان و عێراق كۆمه‌ڵێك تێبینیان له‌سه‌ر مووچه‌ی پێشمه‌رگه هه‌یه و ئێستا رۆژانه تێبینیه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كرێن و تاكۆتایی ئه‌مساڵ ده‌رفه‌ت دراوه بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كان به‌ته‌واوی چاره‌سه‌ر بكرێن".
لیوا بەختیار ئاماژه بەوەش دەکات "به‌پێی هاوتاكردنه‌كه، پێده‌چێت مووچه‌ی هه‌ندێك له پله باڵاكان كه‌مبكات ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی به یاساكه‌وه هه‌یه، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه به‌پێی یاساكانی 38 و 34 خه‌ڵكی خانه‌نشین كردووه، به‌ڵام یاسای ژماره 9ی ساڵی 2014ی عێراق جیاوازی هه‌یه.
ناوبراو باس لەوەش دەکات "له‌دوای كۆبوونه‌وه‌ی شاندی هه‌رێمی كوردستان و عێراق له هه‌ولێر، بڕیاردراوه هه‌ماهه‌نگی زیاتر هه‌بێت، بڕیاری هاوتاكردنی مووچه‌ش جێبه‌جێ ده‌كرێت، به‌ڵام پێویستی به گرتنه‌به‌ری میكانزمی جۆراوجۆر هه‌یه.
وتیشی "بڕیارێك هه‌یه مووچه‌ی خانه‌نشینانی پێشمه‌رگه هاوتای عێراق بكرێت، بۆ مانگی هه‌شتیش خانه‌نشینیانی سه‌ربازی و پێشمه‌رگه هاوشێوه‌ی مانگی حه‌وت مووچه وه‌رده‌گرن و بۆ مانگی (ئه‌یلول/9) و مانگه‌كانی داهاتوو هێشتا بڕیاری له‌باره‌وه نه‌دراوه".
|