وتار

ژن لەنێوان حزب و عاتیفەدا!

شیلان دەرگەڵەیی
بابەتێکی هەستیارە و زۆرجار پیاوان خۆیان لەقەرەی نادەن نەوەک بە (دژەژن) و دواکەوتوو ناوببرێن, بەڵام ئێمەی ژن هەقە چیتر چاوپۆشی لەو پێشێلکاریەی بەرپرسی چاوبز و هەندێک ژنی هەلپەرست نەکەین کە نەفسنزمی و بودەڵەیی هەندێک پیاوی نامەسۆل ئەقۆزنەوە بۆ گەیشتن بە دوا پێپیلکە.

نەبوونی ژن لە هەر ئۆرگانێکی حزبی یا ئیداری یا هەر کایەیەکی کۆمەڵایەتی, دواکەوتووی و سستی ئەو ئۆرگانە ئەسەلمێنێ بەڵام; ئەوە مانای ئەوە نیە بۆ بوونی رەگەزی( مێ) هیچ پێوەرێکی ژیرانە و لۆژیکیانە ڕەچاونەکرێ بۆ دانانی لەهەر ئۆرگانێک. 

من نامەوەێ لێرە تۆمەت بۆ ژن ببەخشمەوە, خۆشم ژنم و لەناو حزب و رێکخراوی خوێندکارانیش کارم کردووە, ژنی چالاک و رەوشتبەرز و دڵسۆز و لەهەموو روێک پاکم دیوە, تا راددەی وازهێنان بێزاریان کردووە چونکە نەکەوتوۆتە ژێر کاریگەری کوتلەبازی و تەقڵەبازی و هەوەسبازی بەرپرسان, هەشیانبووە لە پێپیلکەی یەکەم پازیداوەتە سەری سەرەوە ( لەبەر کۆمەڵێک ئیعتبارات کە رووی باسکردنیان نیە).
ئاخر من پێشمەرگەی دانەبڕاوم دیوە لە شێخ اللەی هەولێر, لە سەید عەلی رانیە, لەژێر پردەکەی سلێمانی (دەستگێر) بووە, واتە دەستێ گۆرەوی یا بنیشتی لەسەردەست بووە و فرۆشتوویەتی کەچی لە ماڵێکدا چوار پێنج خوشک (کارگێڕ) و پلەدار و لەوانەیە ئەوجارە کاندیدی پەرلەمانیشیان هەبێ لەناو لایەنەکانی تر بێ ئەوەی نە لەرووی فکری و نە رابردووشیان شایستەبن!

خۆ لەنێوان ئەو پێشمەرگە (دەستگێڕ) و ئەو کچە ( کارگێڕ) انە جیاوازیەکە زۆر دیار و زەقە.

بۆچی دەبێ ژنێک یا کچێک ( دیسان ئەڵێمەوە; لەبەر کۆمەڵێک ئیعتبارات) لەسەر پیاوێک فەرز و فەزڵ بکرێ و بچێتەپێش کە شەرمەزاری بۆ حزبەکەی و فراکسیۆنەکەی لەدوایە ئەوە جگە لە خواردنی مافی کەسانی تریش؟!!

بۆ کچێک لەسەر ئەساسی کچی یا خوشکی فلان شەهید یا بەرپرسە پۆستی ناشایستە بە (کەسایەتی خۆی نەک شەهیدەکەی) وەرگرێ و دواییش ببێتەوە دڕک یا هەر خۆشی مایەی شەرمەزاری بێ؟!!
بۆچی عاتفەی حزبی و شەخسی حوکم بکا لە هەڵبژاردنی کادیر بۆ پۆستەکان, خۆ ئەکرێ ئەوانە لە شوێنی تر رازی بکرێن, حزبایەتی بە عەتف ناکرێ.

چەند لەو کچ و ژنانەی رۆژئاوا و باکوور کچ و خوشکی ساڵح موسلم یا سەلاحەدین دەمیرتاشن و سەرپەرشتی بەرەیەکی فراوانی شەڕیش ئەکەن؟!!

چەند لە بەرپرسە پیاوەکانیشیان سەرۆک عەشیرەت یا بازرگانن و پەیەدە و هەدەپە ( دیوەخانانە)یان بۆ دابینکردبن و لە بۆنەکان بەرپرسەکان سەردانیان بکەن؟

ئێمە تا لەو چوارچێوە تەسکە تەقلیدیە عەشایەریە عاتفیە دەرنەچین, ڕەوڕەوەکەمان هەر بەرەو دواوە لێئەخورین.

من باسی حزبەکەی خۆم ئەکەم, ئەوانەی تریش زۆر لەو باشترنین, کامەیان تازەترینیانە, ئەبێ هەر خەریکی دوعابێ چونکە لەگەڵ ئیسلامیەکانیش هاوپەیمانن ئیتر هەر خەریکی سبحان اللە و ماشاللەبن.
یەکێتی ئەبێ دەرچێ لەو قاوغە کۆنەی, ئەبێ ژن لەسەر ئەساسی رابردوو و ئێستای پاکی, ئاستی زانستی, فکری, خاوەن بەرنامەی کار و دڵسۆزی بۆ خاک و نەتەوە ئنجا حزبەکەشی هەڵبژێرن, نەک ئەو هۆیانەی لەسەرەوە باسمکرد.

 بۆ منی ژن گرنگە ژنێک لەوێ بێ هەستبکەم دەنگ و رەنگی منە نەک بۆ مەرامی تایبەتی خۆی و پاڵنانی لەلایەن هەندێک بەرپرس چوارساڵ لەوێ بخوا و بخەوێ و خۆی پڕکا و پێش تەواو بوونی ماوەکەشی ئەمبەر و ئەوبەر بکا بەڵکو خولێکی تریش لێ پاڵداتەوە.

ژمارەی خوێنەر   ‌ 1224‌
9/13/2018 11:04:02 AM
زیاتر...