نها نیوز – راپۆرت
دوای ئەوەی سەرۆکایەتی سووریا ڕایگەیاند، ڕێکەوتنێک کە بە "مێژووی" ناوی دەبات لەنێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵۆم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئەنجامدرا، ئێستا هەموو چاوەکان ڕوویان لە ناوچەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا کردووە، کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی عەبدی و بەهاوکاری ئەمریکاوە پشتگیری دەکرێت و بە ناوی (هەسەدە) ناسراوە.
ئەم ڕێککەوتنە مێژووییە بە یەکەم ڕێککەوتن لەنێوان سەرکردەیەکی کورد و سەرۆکێکی سووریا لەدوای دامەزراندنی دەوڵەتی سووریاوە دادەنرێت، بەو پێیەی دەسەڵاتە یەک لەدوای یەکەکانی سووریا دانیان بەبوونی کورد لەو وڵاتە یان مافەکانی کورددا نەناوە، لەوانەش مافی خوێندن بە زمانی دایک و ڕەگەزنامە، کە سەدان هەزار لێی بێبەش بوون، تا ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە 8ـی کانونی یەکەمدا.
لە بڕگەی یەکەمی ئەم ڕێککەوتننامەیەدا هاتووە "گەرەنتیکردنی مافی هەموو سوورییەکان بۆ نوێنەرایەتیکردن و بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسی و هەموو دامودەزگاکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای لێهاتوویی، بەبێ گوێدانە پێشینەی ئایینی و نەتەوەیی"، هەروەها لە بڕگەی دووەمدا هاتووە "کۆمەڵگەی کورد پێکهاتەیەکی ڕەسەنە لە دەوڵەتی سووریادا، بۆیە دەوڵەتی سووریا گەرەنتی مافی هاووڵاتیبوون و سەرجەم مافە دەستوورییەکانی خۆی دەکات".
ئاگربەست و نەمانی شەڕ
دیارترین بڕگە بڕگەی سێهەم بوو، مەرجی ئاگربەستی لەسەر هەموو خاکی سووریا داناوە، لە بڕگەی چوارەمیشدا "تێکەڵکردنی سەرجەم دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ ئیدارەی دەوڵەتی سووریا، لەوانە دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتی و گازییەکان.
بەڕێوەبەری سەنتەری کوردی بۆ لێکۆڵینەوەی سیاسی دەڵێت "ئەگەر بێدەنگی تورکیا بەردەوام بێت، ئەوە مانای ئەوە دەگەیەنێت ئەنقەرە بە شێوازێکی تر لەگەڵ لەم ڕێککەوتنەدایە".
نەواف خەلیل، بەڕێوەبەری ناوەندی کوردی بۆ لێکۆڵینەوەی سیاسی لەلێدوانێکدا سەبارەت بە ڕێککەوتنە "مێژووییەکە" دەڵێت "پێموایە دۆخی سەر زەوی گۆڕاوە، بەتایبەتی لەڕووی ئەو قبوڵکردنە بەرفراوانەی کە ڕێککەوتنە مێژووییەکەی نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، مەزلوم عەبدی، وەریگرتووە".
دەشڵێت، "هەنگاوەکانی دیکە دەسپێردرێت بە لیژنەکان"، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەموو وردەکارییەکانی پەیوەست بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە و چۆنیەتی ئەنجامدانی.
قبوڵکردنی گەورەی سووریا
بەوتەی ناوبراو، رێککەوتنەکە قبوڵکردنی گەورەی لە سووریای وەرگرت، بینیمان لەو خۆپیشاندانانەی لە هەموو ناوچەکانی سووریا ئەنجامدرا، هەزاران کەس چوونەتە گۆڕەپانەکان بۆ دەربڕینی خۆشی خۆیان"، بە بۆچوونی ناوبراو،"ئەم ڕێککەوتنە پێشوازییەکی گەورەی نێودەوڵەتیی لێکرا، بەتایبەتی لەلایەن ئەڵمانیا و لایەنە عەرەبییەکانی وەک شانشینی سعودیە، ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو، هاشمیم".
شانشینی ئوردن، و وڵاتانی دیکە
سەبارەت بە پێشوازی نەکردنی تورکیا بۆ ڕێککەوتنەکە تائێستا، بەتایبەتی کە هێزەکانی سووریای دیموکرات بە گەورەترین تەحەددا بۆ تورکیا لە سووریا دادەنرێت، بەڕێوەبەری ناوەندی کوردی وتی "سەیر نییە تورکیا پێشوازی نەکردبێت تائێستا شتێکی ئەرێنییە، و باوەڕیشم بەوە نییە کە ئەو ڕێککەوتنە بەبێ ئاگاداری تورکیا و عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرابێت لە کاتێکدا ئەم ڕێککەوتنە نزیکەی دوو هەفتە دوای بانگەوازەکەی ئۆجەلان دێت".
ئەو سەبارەت بە"بێدەنگی تورکیا" دەڵێت "ئەگەر بێدەنگی تورکیا بەردەوام بێت، ئەوە بە مانای ئەوە دێت ئەنقەرە بە جۆرێکی دیکە بەشدارە لەم ڕێککەوتنەدا، ئەوەش پشتڕاست دەکاتەوە بە دیمەنی مەیدانی لەڕێگەی وەستاندنی هێرشەکانی ئەنقەرە و ئەو کوتلانەی لەلایەن ئەنقەرە پاڵپشتی دەکرێن بۆسەر ناوچەی بەنداوی تشرین کە ماوەی 3 مانگە دەستیپێکردووە".
هاوکات ئەم ڕێککەوتنە لە بڕگەکانیدا گەرەنتی گەڕانەوەی هەموو ئاوارە سوورییەکان بۆ شارۆچکەکانیان و پاراستنیان لە دەوڵەت لەخۆ گرتووە.
هەروەها بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەکانی ئەسەد و هەموو هەڕەشەکان و ڕەتکردنەوەی داوای دابەشبوون و قسەی ڕقاوی و هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی "فیتنە"، جگە لە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە تاکۆتایی ئەمساڵ.
ئامادەکردنی/ عەلی مەلا