ڕۆژنامەیەکی عێراقیی: هەڵبژاردن دوابخرێت مەرجەکانی پارتی جێبەجێش نەکرێن هەر بەشداریی ناکات
پارتی دیموكراتی كوردستان پێداگرە لەسەر بەشدارینەكردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و داوای دواخستنی دەكات، ئەوەش كۆمیسیۆنی خستووەتە دۆخێكی ئیحراجییەوە، بەوپێەی ماوەی كارەكانی لە كۆتایی نزیكدەبێتەوە، ئەگەر پەرلەمان ماوەكەی درێژنەكاتەوە، ئەوەش بەگوێرەی ڕۆژنامەی سەباح-ی نیمچە فەرمی عێراق.
سەباح سوبحی، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: حزبەكەی بڕیاڕی داوە بەشداری هەڵبژاردن نەكات، ئەگەر مەرجەكانی و میكانیزمی ئەنجامدانی هەڵبژاردن هەموارنەكرێتەوە.
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، ئامانجی پارتی دواخستنی هەڵبژاردن نیە، بەڵكو ئەنجامدانێتی لەسەر بنەما دیموكراسیەكان و بەشداریپێكردنی كەمینەمان، ئەگەر هەڵبژاردن بەبێ جێبەجێكردنی ئەم مەرجانەش دوابخرێت، ئەوا هەر بەشداری لە هەڵبژاردن ناكەن.
دەشڵێت: مەحاڵە هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بەبێ بەشداری پارتی بەڕێوەبچێت، كە گەورەترین هێزی سیاسیە، لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان.
لەبارەی تەمەنی كۆمیسیۆنیشەوە سەباح سوبحی وتویەتی: ئەنجومەنی نوێنەران دەتوانێت دەرچەیەك بدۆزێتەوە بۆ بەردەوامبونی لە كارەكانی، بەتایبەت ئەگەر بڕیاڕو رێككەوتنی سیاسی هەبێت لەنێوان كوتلە سیاسیەكان، بۆ تازەكردنەوەی كاری كۆمسیۆن.
|