کوردستان

مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەبارەی وەرگرتنەوەی بارەگای دەزگای چاودێر هاتەدەنگ

نها نیوز - هەواڵەکان
راگەیاندنی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەبارەت بە وەرگرتنەوەی بارەگای دەزگای چاودێر روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.
دەقی روونکردنەوەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی:
‏‎ دەزگای چاودێر لەسەرەتای دامەزراندییەوە بە پاڵپشتیی دارایی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان كارەكانی ئەنجامداوە و تاوەكو ئێستا بەردەوامبووە، بەوپێیەی بەڕێز مەلا بەختیاریش لەناو ریزەكانی یەكێتی نیشتمانیی كوردستاندا نەماوە و روونبووەوە کە بارەگای دامەزراوەكە رادەستناكرێت و نایەوێت لەژێر چەتری یەكێتیدا درێژە بە كارەكانی بدات، یەكێتی بە مافی رەوای خۆی دەزانێت بەشێوەیەكی هێمنانە و دوور لە هەموو جۆرە گرژییەك، هەوڵی وەرگرتنەوەی بارەگای دەزگای چاودێر بدات کە خاوەندارێتیی زەوی و بارەگاکە دەگەڕێتەوە بۆ یەکێتی. ئەم هەوڵەش نەك پەیوەندیی بە ئازادیی رادەربڕین و دژایەتیكردنی بیری ئازادەوە نییە، بەڵكو پاڵپشتیی ئازادیی كاری رۆژنامەوانی و فراوانكردنی سنوورەكانی دیموكراسی، ستراتیژی نەگۆڕی یەكێتی بووە و هەرواش دەمێنێتەوە. سلێمانی پایتەختی رۆشنبیری کوردستانە و ناوەندی ئازادی ڕادەربڕین و چالاکی رۆشنبیرییە و ئەو شانازییەش بەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەوێ کەهەمیشە لەو سەنگەرەدا بووە. ئەم هەوڵەی یەكێتیش درێژكراوەی هەوڵەكانی حزبەكەیە بۆ رێكخستنەوەی دەزگاكانی و باشتر خزمەتكردنی كوردستان و خەڵكەكەی. هەموو دەنگۆیەكیش سەبارەت بە جووڵاندنی هێزی سەربازی بۆ وەرگرتنەوەی بارەگاکە رەتدەكەینەوە.

‏‎بەداخەوە میدیای باڵێكی دەستڕۆیشتووی ناو پارتی دیموكراتی كوردستان وەك هەمیشە هەوڵی نەزۆكانە دەدەن بۆ بەلاڕێدابردنی راستییەكان و چەواشەكردنی خەڵكی كوردستان، بۆیە داوایان لێدەكەین ئەگەر ئەوان لە خەمی ئازادیی كاری رۆژانەمەوانی و بیروڕای ئازاددان، فەرموون چالاكوان و رۆژنامەنووسانی ناو زیندانە تاریكەكانی هەولێر و بادینان ئازادبكەن. سلێمانی پێویستی بە فرمێسكی تیمساحیی ئێوە نییە، بەڵكو ئێوەن دەبێت وانەكانی ئازادی و دیموكراسی لە سلێمانیی سەربەرزەوە فێرببن.
2024-09-06
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.