کوردستان

بۆ مووچەى مانگى هەشت بەغدا بەجدی دێتەسەر خەت و لیژنەیەک پێکهێنرا

نها نیوز - هەواڵەکان

بۆ مووچەى مانگى هەشت لیژنەیەکى هاوبەش لەنێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و عێراق پێکهاتووە، هاوکات لە رێگەى ئەو لیژنە هاوبەشەوە هەوڵى چارەسەرکردنى کێشەى مووچەى مانگى هەشت دەدرێت.

سەرچاوەیەک لە دیوانى چاودێرى دارایى هەرێمى کوردستان بە میدیای یەکێتی وت "پارەى مووچە لەسەر بنەماى راپۆرتەکانى دیوانى چاودێرى دارایى عێراق رەوانەى هەرێمى کوردستان دەکرێت".

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە "ئێمە هەماهەنگى بەردەواممان لەگەڵ دیوانى چاودێرى دارایى هەیە و ژمارەیەک تێبینیمان هەیە و بە راپۆرت دراوەتە وەزارەتى دارایى هەرێمى کوردستان تاوەکو بۆ مووچەى مانگى هەشت چارەسەریان بکات".

لەبارەى تێبینییەکانەوە، ئەو سەرچاوەیە رایگەیاند "بەشێک لە تێبینییەکان پەیوەندیان بە لیستى مووچەى هێزەئەمنییەکان و نەبوونى بایۆمەترى هێزەکانى پێشمەرگەوە هەیە، لەمبارەیەوە تێبینییەکان دراونەتە وەزارەتى پێشمەرگە بۆ ئەوەى بۆ مووچەى مانگى هەشت یەکلاییبکەنەوە، تێبینیەکى دیکە لیستى مووچەخۆرانى ناوچە دابڕێنراوەکانە کە دەبێت بگوازرێنەوە سەر عێراق.

لەلایەکی دیکەشەوە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایى و ئابوورى حکومەتى کاربەڕێکەری هەرێمى کوردستان ئاشکرایکرد "وەزارەتەکەمان ئەوەى لەسەرى پێویست بێت جێبەجێى دەکات و سەرجەم تێبینیەکانى بەغدا لەبەرچاو دەگرێت و کێشەکان چارەسەر دەکات".

رۆژى 3ـى ئەیلول دەست بەدابەشکردنى مووچەى مانگى حەوت کراو ئەمڕۆ پێنجشەممە دابەشکردنى مووچە کۆتایى دێت. ئەوەش لەکاتێکدایە 2ـى هەمان مانگ بڕى 857 ملیار دینار لەلایەن حکومەتى عێراقەوە رەوانەى هەرێمى کوردستان کرا.
 
2024-09-05
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.