کوردستان

سەعدی پیرە: دەمانەوێت هەموومان پێکەوە خزمەت بکەین

نها نیوز – هەواڵەکان
وتەبێژی یەکیتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت "هەوڵی نانەوەی دووبەرەکی لەنێوان پێکهاتەکانی کەرکوک دا جێی قبوڵ نییە و دەمانەوێت هەموومان پێکەوە خزمەت بکەین".

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کەرکوک رایگەیاند "هەموو پێکهاتەکان پێکەوە دەتوانین خزمەتی خەڵکی کەرکوک بکەین و ژینگەیەکی باشتر بۆ داهاتووی نەوەکانی کەرکوک دابینبکەین، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لەم ڕوانگەیەوە کە هێزی یەکەمی شارەکەیە هەست بە بەرپرسیارێتی زیاتر دەکات و بەپشوودرێژی هەوڵی رێککەوتن لەگەڵ پێکهاتەکان دەدات".

دەشڵێت "ئەو لایەنانەی کە خۆیان وەک ناڕازی نیشانداوە و بەشداری حکومەتی خۆجێیی کەرکوکیان نەکردووە، پێمان وایە بە خواستی خۆیان نییە و خۆیان بڕیاردەر نین لەو پرسە، هەر لایەنێکیش هەوڵی نانەوەی دووبەرەکی بدات لە کەرکوک جێی قبوڵ نییە، بەپێچەوانەوە ئێمە خوازیارین هەموو لایەن و پێکهاتەکان بەشداربن لە حکومەتی خۆجێیی کەرکوک لەپێناو خزمەتی خەڵک کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەڕێی پارێزگارەوە ئەو مەشخەڵەی هەڵگرتووە".

وتەبێژی یەکێتی ئاماژەی بەوەشدا "پشتیوانی پارێزگاری کەرکوک دەبین بۆ خزمەت و ئارامی و ئاشتی و پێکەوەژیان لە شارەکە و لەم رووەوە دەتوانین وەڵامی نەیارەکانمان بدەینەوە، وەک چۆن لە رابردوودا یەکێتی خوێنی بۆ کەرکوک رشتووە، لە ئێستاشدا بە هەمان ئامانج کە فاراهەمکردنی ئاشتی و ئارامی و خزمەتگوزارییە بۆ شارەکە بەردەوام دەبین".

لە درێژەی قسەکانیدا، پیرە دڵخۆشیی خۆی دەربڕی کە "یەکێک لە رۆڵە بەوەفاو دڵسۆزەکانی کەرکوک بە هەڵبژاردنێکی دیموکراتی بوو بە پارێزگاری کەرکوک، کەرکوکییەکان باشترین کەسیان بۆ پارێزگار هەڵبژارد، چونکە رێبوار تەها هیچ کاتێک کەرکوکی جێنەهێشتووە و لە خۆشی و ناخۆشیدا لەگەڵ کەرکوک و کەرکوکییەکان بووە".
 
2024-09-04
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.