ئابوری

بەغدا مەرجێکی دیکەی زیادکرد و داوایی گەڕانەوەی پارەی خانەنشینی لە هەرێم دەکات

نها نیوز - هەواڵەکان

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، پێویستە هەرێم ئەو پارانە رەوانەی بەغدا بكات كە لەساڵانی خزمەتی خانەنیشینانی بڕیوە، بۆ ئەوەی خانەنیشینەكانی یاسای خانەنیشینی یەكگرتوو بیانگرێتەوە.

عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت "پابەندكردنی حكومەتی هەرێم بە تەوتین كردنی مووچە لە بانكە حكومیەكان، ئامانجی زامنكردنی مافەكانی هاوڵاتییان و بەدیهێنانی دادپەروەریە، بڕیارەكە هیچ رەهەندێكی سیاسی نییە".

عەتوانی رونیشی دەکاتەوە "ئەندامی لیژنەكەمان كۆكن لەسەر پێویستی دورخستنەوەی دۆسیەی مووچە لە كێشمەكێشە سیاسیەكان، لەگەڵ جەختكردن بەپابەندبوونی تەواو بەدەستوری عێراق، بەجۆرێك دادپەروەری بۆ تەواوی هاوڵاتییان دەستەبەربكات".

لەبارەی دۆسیەی خانەنیشانی هەرێمی كوردستانیش، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد "شمولكردنی خانەنیشانی هەرێم بە یاسای خانەنیشینی فیدراڵی پێویستی بەوەیە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو پارانە رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق بكات، كە لە خانەنیشینانی بڕیوە لە ساڵانی خزمەتكردنیان، بۆ ئەوەی پرسەكەیان چارەسەربكرێت".

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ‌ چوارشەممە لیژنەی دارایی بە سەرۆكایەتی عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەكە و ژمارەیەك لە ئەندامەكانی، پێشوازیان كردووە لە وەفدێكی پێشمەرگە دێرینەكانی پارێزگای سلێمانی، بەئامادەبونی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لە دیدارەکەدا باس لە تەوتینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و خانەنیشیان كراوە.
14کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.