ئابوری

تەوتین و "هەژماری من" نزیک دەبنەوە لەکۆتایی یاریەکە و پەرلەمانتارێکی عێراقیش دەڵێت؛ عێراق تەوتین لە هێزە ئەمنییەکانەوە دەستپێدەکات

نها نیوز – هەواڵەکان

هێشتا یاریکە لەنێوان "تەوتین و هەژمارى من" کۆتایى نەهاتووە، بەڵام ئاماژەکان لەعێراقەوە خێران بۆ دروستکردنى فشار بۆسەر هەرێمى کوردستان تاوەکو مل بۆ داوکارییەکانى عێراق بدات. لەوبارەیەوە پەرلەمانتارێکی پێشوی عێراق ئاشکرای دەکات کە بەغدا تەوتین لە هێزە ئەمنییەکانەوە دەستپێدەکات، چونکە "بەزۆر هەژماری منیان پێ پڕکراوەتەوە". کاردیرێکی پارتیش دەڵێت "بۆ مێژوو دەیڵێم، لەئەنجامدا حکومەتى عێراقى هەژمارى من دەکاتە بنەما".

غالب محەمەد، پەرلەمانتارى پێشووى عێراق پلانى بەغدا لەبارەی "هەژماری من"ەوە بۆ میدیاکان ئاشکرا دەکات و دەڵێت "عێراق دەزانێت هەرێمى کوردستان بەزۆرەملێ هەژمارى منى بەهێزە ئەمنیەکان پڕکردووەتەوە، پێموایە بەنیشتمانیکردنى مووچە لە فەرمانبەرانى مەدەنی هەرێمى کوردستانەوە دەستپێدەکات، چونکە ئەوان نەچوونەتە ژێر بارى ئەو پرۆسەیەوە".

لەلایەکی دیکەشەوە زانا تۆفیق بەگ، ئەندامى مەکتەبى پەیوەندییەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان لە سلێمانى وتى "پەیکەرى هەژمارى من گرنگە ببێتە پەیکەرى بەنیشتمانیکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان، چونکە لەلایەک لەڕووى یاساییەوە هەژمارى من لەلایەن بانکى ناوەندییەوە موڵەتى پێدراوە، لەلایەکى دیکەشەوە هەڵەیە هەرێمى کوردستان رێگە بەبانکەکانى عێراق بدات کەڤەرى بازاڕى هەرێمى کوردستان بکەن".

"بۆ مێژوو دەیڵێم، لەئەنجامدا حکومەتى عێراقى هەژمارى من دەکاتە بنەما، چونکە هەولێر و دهۆک ئەو هەژمارەیان پڕ کردووەتەوە، لەگەڵ بەشێکى سلێمانى، بۆیە دەبێتە ئەمرى واقع". زانا تۆفیق وای وت

لەبارەی ئەوەی تەوتین یان "هەژماری من" کامیان دەیبەنەوە، لای خۆیەوە سۆران عومەر، ئەندامى لیژنەى ئابوورى عێراق کە هاوکات سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریشە، لە راپۆرتێکی میدیایی کارى لەسەر ئەو کەیسە کردووە، و تەیف سامى لەوەڵامى ئەودا کۆمەڵێک بەڵگەى پێشکەش کردووە کەوا پیشانى دەدەن، بەغدا تەنها ئەوەى ماوە گرێبەست لەگەڵ وەزارەتى دارایى بکات.

سۆران عومەر لە ئاماژەی خستنەرووی وردەکارییەکانیدا راشیگەیاند "داوام لە وەزارەتى دارایى عێراق کردووە چیدیکە چاوەڕوانى هەرێمى کوردستان نەکات، بەڵکو پێوەرى بایۆمەترى بکاتە بنچینە و لەسەر ئەو بنەمایە مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بەنیشتمانى بکات".

ئەو پەرلەمانتارەی کۆمەڵی دادگەری لە عێراق لەسەر داهاتووی پرۆسەی "هەژمارى من" ئاشکراشیکرد "ئەو پڕۆسەیە بۆ دابەشکردنى مووچەیە و لەکۆتایدا دەبێتە بەشێک لە پڕۆسەى بەنیشتمانیکردنى مووچە لەلایەن عێراقەوە، ناوبراو وتیشی "گرنگ ئەوەیە ناوى مووچەخۆران لە بانکى فیدراڵى جێگیر بکرێت ‌و وەزارەتى دارایى تەمویلى ئەو بانکە بکات ‌و لەوێوە مووچە دابەش بکرێت".
 
2024-09-17
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.