تەقینەوەیەک لە وێستگەی پیشەسازیی فڕۆكەوانی توركیا روویدا
نها نیوز - هەواڵەکان
لە ئەنقەرە هێرشكرایە سەر وێستگەی پیشەسازیی فڕۆكەوانی توركیا و بەگوێرەی زانیارییەکان تەقینەوە بووە، لەوبارەیەوە وەزیری ناوخۆی وڵاتەكەش رایگەیاندووە کەلە هێرشەكەدا كوژراو و بریندار هەیە.
بەگوێرەی میدیای فەرمی توركیا، هێرشەكەی لەڕێگەی تەقینەوە بووە لە وێستگەی پیشەسازیی فڕۆكەوانی توركیا لە ئەنقەرە. هەروەها وێستگەکە ناوی (توساش)ە.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو میدیا فەرمییە، لەدوای تەقینەوەكە لە نزیك دەروازەی ئەو وێستگە پیشەسازییەی دروستكردنی فڕۆكە، دەنگی تەقەكردن بیستراوە و هێزە ئەمنییەكان تیمەكانی ئاگركوژێنەوە و فریاگوزاری پزیشكی رەوانەی شوێنەكە كراون.
لایخۆشیەوە سەبارەت بە هێرشەکە عەلی یەرلیكایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لەپێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی ئێكس نوسیویەتی "هێرشێكی تیرۆریستی كراوەتەسەر وێستگەیەكی سەربە كۆمپانیای پیشەسازیی فڕۆكەوانی توركیا و هێرشەكەش كوژراو و برینداری لێكەوتووەتەوە".
هێرشەكە لەكاتێكدایە، ماوەی چەند رۆژێكە لە توركیا باس لە هەوڵەكان بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی چارەسەری كێشەی كورد دەكرێت، لەو چوارچێوەیەشدا داوا دەكرێت عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان ئازاد بكرێت.
جێی سەرەنجە، کۆمپانیای TUSAS یەکێکە لە گرنگترین کۆمپانیاکانی بەرگری و فڕۆکەوانی تورکیا. کۆمپانیاکە KAAN بەرهەم دەهێنێت کە یەکەم فڕۆکەی شەڕکەری نیشتمانییە لە وڵاتەکەدا، و چەندین پرۆژەی دیکەش.
|