جیهان

ئێران لە ترسی ئیسرائیل فەرماندەیەكی خۆی دەكات بە سەرپەرشتیاری حزبوڵڵا

نها نیوز – هەواڵەکان

رۆژنامەی (ئەلجەریدە) لەزاری سەرچاوەیەکی نێو فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران ئاشکرایکردووە، حزبوڵڵا نایەوێت ئەمیندارێكی نوێ‌ دەستنیشان بكات لە ترسی كردنە ئامانجی لەلایەن ئیسرائیلەوە، بەهۆیەوە ئێران فەرماندەیەکی خۆی لەناو فەیلەقی قودس دەکاتە سەرپەرشتیار. 

سەرچاوەیەك لە فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدران بە رۆژنامەی (ئەلجەریدە)ی وتووە "محەمەد رەزا فەلاح زادە، یاریدەری فەرماندەی فەیلەقی قودس بەسەرپەرشتیاری حزبوڵڵای لوبنان دیاریكراوە، تا كاتی دەستنیشانكردنی ئەمیندارێكی نوێ‌ بۆ حزبەكە".

وتیشی "بڕیارەكە بەفەرمارنی عەلی خامنەیی رابەری باڵا بووە، بەهۆی ئەوەی حزبوڵڵا ترسی هەیە ئیسرائیل هەر ئەمیندارێكی نوێ‌ بكوژێت كە دەستنیشانی بكەن".

بەوتەی سەرچاوەكە بێت، فەلاح زادە سێبەری قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس بووە، خاوەنی ئەزمونێكی زۆرە لە ئیدارەدانی جەنگی مەیدانی و، بەشێوەیەكی كاتی سەرپەرشتی حزبەكە دەكات.

رۆژنامەی (ئەلجەریدە) لە راپۆرتەکەیدا ئەوەشی خستووەتە روو "دانانی فەلاح زادە، پێویستی بە هیچ رێوشوێنكی رێكخستن نییە لەناو حزبەكە و، هیچ گۆڕانكارێك لەبونیادی سیاسیدا روونادات، بڕیاری سیاسیش لەدەستی سەركردە لوبنانیەكانی حزبەكەدا دەمێنێتەوە".

رۆژنامەکە وتەی زیاتری ئەو فەرماندەیەی نێو فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران دەخاتە روو، سەرچاوەکە دەشڵێت "سەرەڕای هەموو پرۆسە سەربازییەكانی ئیسرائیل لە لوبنان، بەڵام رێگاكانی هاوكاریكردنی حزبوڵڵا تائێستا وەكو خۆیەتی و، سەركردەكانی سوپای پاسداران و حزبوڵڵا لەڕێی تونێل و رێگا نهێنیەكانەوە لەژێر زەوی هاتوچۆ دەكەن".

هاوکات ئەركە فەلاح زادە هاوكاریكردن دەبێت لە ئیدارەدانی جەنگی ئێستا لەگەڵ ئیسرائیل و، دابینكردنی پەیوەندی و پشتیوانی لۆجستی دەبێت بۆ حزبەكە.

جێی ئاماژەیە، فەلاح زادە لەو هێرشە ئاسمانیە رزگاریبوو كە مانگی رابردوو، ئیبراهیم عەقیل و سەركردەكانی هێزی رزوانی لە دەوروبەری باشوری لوبنان كردە ئامانج.

هەروەها لە جەنگی ساڵی (2006)ی حزبوڵڵا و سوپای ئیسرائیلدا كە ماوەی (33) رۆژی خایاند، بە فەرمانی خامنەیی، قاسم سولەیمانی چووە لوبنان و لەوێ‌ جێگیربوو، بۆ هاوكاریكردنیان لە ئیدارەدانی جەنگ و هەمان ئەو ئەركەی ئێستا بە فەلاح زادە سپێردراوە.
 
2024-10-11
زیاتر...