وتار

بزوتنەوەی گۆڕان: تەڵاق

سەردار عەزیز

بزوتنەوەی گۆڕان هەر لە سەرەتاوە لە دوو یەکەی جیاواز پێکهاتبوو، ئەم دوو یەکەیە بریتی بوون لە بزوتنەوە لە گەڵ حیزب.

ئەم دوو بەشە هەرچەندە بەبێ بونی ئاگاییەکی زانستیانە یان زانیاریانە، هەوڵدرا تێکەڵ بکرێن یان پێکەوە کار بکەن بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.

بەشە بزوتنەوەییەکەی گۆڕان بریتی بوو لە خواستێکی ڕێکنەخراوی جەماوەریی، کە خۆی تەنها لە پشتیوانی ڕاستەوخۆی ئەو خەڵکانەدا نەدەبینییەوە کە پشتیوان بوون، بەڵکو ئەوانەش کە پێیان باش بوو وەک مۆدێل، بەڵام لە بەر هۆکاری تر، ڕاستەوخۆ بەشدار نەبوون.

ئەم بەشە ڕێکنەخراوبوو، خواست و خەونی گەورەی هەبوو، هەست بە نادادی و بێبەشیی و قۆرغکاریی هاندەریی بوو.

ئامانجی ئەوەبوو دەموچاوی نوێ، مامەڵەی نوێ، دەرفەت لە گەڵ دادپەروەرییدا ببینێت.

ئەم جەماوەرە دەیانویست ببن بەو کەسانەی کە تەنها لە کاتی جەنگ و دەنگداندا بیرنەکەونەوە، بەڵکو لە کاتی داڕشتنی بودجە و خزمەتگوزاریشدا لە بیر بن.

بەشەکەی تری گۆڕان، ئەوانە بوون لە حیزبەکانی ترەوە هاتبون، بە تایبەتی یەکێتی.

ئەمانە، هەرچەند لە ناو یەکتردا تەبا نەبوون، بەڵام دەیانزانی یاریی باڵباڵین و کتلە و خۆڕێکخستن و خزانە ناو ئۆرگانەکان و فشار بکەن.

نەک هەر تەنها بە ئاگابوون لە یارییەکانی مانەوە و ململانێ لە ناو کایەی حیزبدا، بەڵکو زۆرێکیان ئالودەبووبوون پێی.

ئەم بەشە گۆڕانخواز نەبوون، تەبا نەبوون لە گەڵ بزوتنەوەکەدا، بەڵکو یەکێتییەکی تر، حیزبێکی تربوون، کۆمەڵێ بەرژەوەندیی سنورداریان دەویست.

بەڵام لە ناو کایەی سیاسیدا، ئەوانەی کە بە ئاگان لە خۆڕێکسختن، هەمیشە زاڵ دەبن، بە سەر بێ ئاگا لە تەڵەکەبازییەکانی حیزبایەتی و سیاسەت.

مرۆڤی حیزبی خاوەن خەونی بچوکە، هەرگیز نایەوێت کایەکە بگۆڕێت، بەڵکو چۆن بە دەستکەوتەکانی بگات.

یاری گۆڕانی ڕێساکان، لە هەموو سیستەمێکدا، سەختە و باجی هەیە.

بزوتنەوە سیاسییەکان وەک لافاو دێن، فشارێکی گەورەی کاتی دەکەن، ئەگەر نەتوانن خۆیان بگۆڕن بۆ هێزی ڕێکخراو پاش ماوەیەک دەنیشینەوە.

بۆ نمونە دەبینیت ترەمپییەکان لە ناو کایەی پارتی کۆمارییەکاندا، بزوتنەوەیەکن کە توانای زاڵبونیان هەیە بە سەر باڵەکانی تردا، ئەمە دەگمەنە.

چونکە بزوتنەوە پشوو درێژ و یاریزان و مەکرباز نیە.

بەڵکو زوو ماندودەبێت، زوو دەکشێتەوە، زوو دەگەرێتەوە دۆخە پێشینەییەکەی خۆی و کارەکە بۆ یاریکەرە لێزانەکان بەجێدەهێڵێت.

حیزبی کوردی کۆپییەکی ساختەی مۆدێلی لینینییە.

هەموو شتێک بەکاردەبات بۆ خۆی. حیزب هەیە لە پێناوی حیزبدا.

هەرچەندە ئەم قۆناغە لە کوردستان کۆتایی هات.

ئەگەر سەیری ئەدەبیاتی سەرەتاکانی گۆڕان و ناڕەزایییەکانی تر بکەیت، زۆر باس لە مەکتەب سیاسیی دەکرێت وەک یەکەیەکی حیزبی لینینی، بەڵام بە هەڵکشانی خێزانەکان، مەکتەب سیاسیی، لە ئێستادا دیکۆرێکی کۆنی زەوقسز نەبێت هیچی تر نیە.

ئێستا ئەوەی هەیە گۆڕانی حیزبە، گۆڕانی بزوتنەوە، کۆتایی هات.

 

 
ژمارەی خوێنەر   ‌ 1149‌
7/25/2024 1:21:31 PM
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.