وتار

“دواكەوتنی مووچە و بەڵای میدیاكان ..!”

د. عەدالەت عەبدوڵا

بەبۆنەی ئەوەی كێشەی دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، وەك تەوقیت، هاوكاتی دەستپێكردنی بانگەشەی پێشوەختی هەڵبژاردنە لە هەرێم!، سەرنج دەدەیت بە دەگمەن نەبێت، دامودەزگاكانی راگەیاندنمان، ناتوانن بە شێوەیەكی پیشەیی و ساردوو لەسەرخۆ، بەدواداچوون و بنكۆڵكاری بۆ وردەكارییەكانی ئەم كێشەیە بكەن.

ئێستا لەم دۆسێ ئاڵۆزو هەستیارەدا كە پەیوەندیی بە ژیان و گوزەرانی نزیكەی یەك ملیۆن و نیوو مووچەخۆری هەرێم و دۆخی بازاڕی كاروكاسبیی باقیی چین و توێژەكانی تریشەوە هەیە كە پشت بەخۆیان دەبەستن و كاسبكارن، بە لێشاو زانیاری چڕو یەك لەدوای یەك لە دەزگاكانی راگەیاندن و سۆشیال میدیاكانەوە بڵاودەكرێنەوە.

لە روانگەی زانستی میدیاوە كە بواری پسپۆڕیمانە، دەتوانرێت بوترێت پڕ بەهاترین هەواڵ لە هەلومەرجی قەیرانی دارایی چەند ساڵەی هەرێمدا بریتییە لەو هەواڵانەی كە پەیوەستن بە مووچەو دواكەوتنی، هاتنی، لە قۆناغی پێشووتریشدا پاشەكەوتكردن و لێبڕینییەوە. لەم ئاستەدا، بە حوكمی چاودێریكردنی ئاراستەی میدیای كوردی، بەو ئەنجامگیرییە گەیشتووین كە هەر توێژینەوەیەكی زانستی لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2024 بۆ گەشتەكانی هەواڵی كەناڵە ئاسمانییەكانی هەرێم و ناوەڕۆكی لاپەڕەی كاروباری ناوخۆیی رۆژنامەو گۆڤارەكان و كۆنتێنی هەواڵی رۆژانەی ماڵپەڕو سەكۆی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی دنیای راگەیاندنی نوێ New Media بكرێت، هەر زوو روون دەبێتەوە كە ئەم بابەتە لەواقعی ئێمەدا، بابەتی مووچە و وردەكارییەكانی، بەرزترین ئاستی بەهای هەواڵییان هەبووەو هەیە.

كێشەیەكەش لەمەدا نییە. بێگومان هەرچی پەیوەندیی بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانەوە هەبێت، خۆبەخۆ، لە میدیادا بەها وەردەگرێت. كێشەی گەورە و نەوتراو ئەوەیە كە هەمیشە قەیرانە ئابووری و داراییەكان، كە دەخرێنە ئەستۆی لایەنە بەرپرسەكان، گەمەی سیاسی و حیراكی كۆمەڵایەتیی زۆریان تێدەكەوێت، لەوانە : ململانێی بەغدا – هەرێم، مشتومڕی نێوان حكومەت و پەرلەمان، بۆڕبۆڕێنی نێوان پارتە فەرمانڕەواكان و پارتە بەرهەڵستكارەكان، بەریەككەوتنی گوتارییانەی نێوان كۆمەڵگەی مەدەنی و دەوڵەت و دەزگاكانی، یان میدیای ئەهلی و میدیای رەسمی و .. هتد.. وە لەبەرئەوەی دەزگاكانی راگەیاندن لە هەرێمدا، لە رووی خاوەندارێتییەوە، دەكەونە ناو ئەم حیراكە سیاسی و كۆمەڵایەتییانەوەو نوێنەرایەتیی هێڵێكی سیاسی و فكری و بەرژەوەندییەكی دیاریكراو دەكەن، ئەوا هەرزوو دەچنە دەرەوەی پابەندییەكانی بنەما پیشەییەكانی كاری میدیایی و رۆژنامەوانییەوە، بگرە هەر میدیایەو بە پلەی یەكەم بە زمانی پڕوپاگەندەی سیاسی روماڵ دەكات و هەوڵی راكێشانی سۆزو باری سایكۆلۆژیی هاووڵاتیان بەلای خۆیدا، دەدات.

رەهەندێكی قوڵبوونەوەی قەیرانە دارایی و ئابوورییەكانی هەرێم، یان چارەسەرنەكردنیان، وابەستەی ئەم سیستەمە ئاڵۆزو پێكناكۆكەی دۆخیی میدیایی هەرێمەكەمانە، كە لە كۆتاییدا بۆتە هۆی ئەوەی هەم یاریی بە زانیارییەكان و هەم رووداو و هەواڵ و پەرەسەندنەكانیش بكرێت. ئێستا ئەمە هەر نەبۆتە كێشە بۆ رای گشتیی خەڵكی كوردستان و بۆ دەسكەوتنی زانیاریی وردو دروست و بەڵگەدار لەبارەی ئەم دۆسێیەوە، بەڵكو پرۆسەی هەڵوێستوەرگرتنی كاربەدەستان و بەرپرسانی دۆسێكەشی تێكداوە، بەدیاریكراویش لە دوو رووەوە، یەكەم: بەریەككەوتنی زانیارییەكان، یان نەبوونی شەفافییەت و زانیاریی پێویست و زۆرجار هەڵوێستوەرگرتن لەسەر بنەمای ئەوەی كە لەراگەیاندنەكانەوە بڵاودەبنەوە، بەتایبەتی كاتێك بەدواداچوونی مەیدانیی كاربەدەستان بۆ دۆسێكە یان سەردانی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا دوادەكەوێت، دووەم: لەبەر رۆشنایی یاریكردن بە زانیاری و وێنەو داتاو بەڵگەكانیش لە میدیای كوردیدا، هەندێجار، كاربەدەستان دەكەونە بەرگری لە هەڵوێستی سیاسیی خۆیان و پارتەكانیان یان حكومەت و وەزارەتەكانیان، بەمەش جەوهەریی مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسێكە فەرامۆش دەكرێت كە ئیشكردنی زانستییانە و پیشەییانەیە لەگەڵیدا. ئەم دۆخە تەنانەت زۆرجار لە بەغداشەوە بەدی دەكرێت، بەتایبەتی كاتێك لە هەندێ میدیای كوردییەوە هێرشی توند دەكرێتە سەر بەغداو حكومەتەكەی، یان وەزارەتی دارایی عیراق، یان تەنانەت خودی وەزیری داراییش!.

نەوتراوێكی روونی ئەم دۆخە ئاڵۆزە میدیاییە ئەوەیە كە ئەم بوارە، هەندێجار، وەك بەڵایەك زیان لە دۆسێكان و قەیرانەكانی وڵات دەدات، هەتا میدیاش ئاوها بەڕێوەببرێت و زانستییانە ئاراستە نەكرێت، ئەوا قورسە رۆڵی پۆزەتیڤی لە چارەسەركردنی كێشەكانی كۆمەڵگەدا هەبێت.

ژمارەی خوێنەر   ‌ 484‌
8/28/2024 6:12:53 PM
زیاتر...