دیدار

گۆڕان بیری چۆوه‌ پارتی سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌كه‌ی ئاودیوی سنوركرد

ئاژانسی نها : دیداری تایبه‌ت

 مه‌حمود سه‌نگاوی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، له‌دیمانه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ ئاژانسی هه‌واڵی نها ئاماژه‌ به‌چه‌ند پرسێكی گرنگ ده‌كات، له‌سه‌ر رێكه‌وتنی پارتی و گۆڕان ده‌ڵێت" گۆڕان بیری چۆوه‌ پارتی سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌كه‌ی ئاودیوی سنوركرد".

ئاژانسی نها: ئێستا زۆرترین قسه‌ له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌ته‌، یه‌كێتی به‌ پێی كورسی یان به‌ پێی قورسایی سیاسی خۆی به‌شداری ده‌كات له‌ حكومه‌تی ئاینده‌ی هه‌رێم ؟

مه‌حمود سه‌نگاوی: یه‌كێتی هێزی دووهه‌مه‌ له‌ كوردستان، نه‌ پارتی حكومه‌تی پێ‌ دروستده‌كرێت به‌بێ‌ ئێمه‌ نه‌ ئێمه‌ به‌بێ‌ ئه‌وان وهیچ لایه‌كمان سه‌ركه‌وتوو نابین، ئه‌گه‌ر پارتی بێ‌ یه‌كێتی حكومه‌ت پێكبهێنێت، ئێمه‌ش له‌ سنووری خۆمان حكومه‌تی خۆمان دروست ده‌كه‌ین، له‌ ئێستادا هه‌ر  حكومه‌تێك پێكبهێنرێت ده‌بێت پارتی و یه‌كێتی تێیدا به‌شدار بن.

ئاژانسی نها: ئه‌گه‌رهه‌ریه‌كه‌ له‌ پارتی و یه‌كێتی به‌جۆرێك باس له‌ پێكهێنانی حكومه‌ت بكه‌ن مانای گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دوو ئیداره‌یی ناگه‌یه‌نێت، ئه‌گه‌ره‌كان بۆ دوو ئیداره‌یی هه‌نگاو ده‌نێت؟

مه‌حمود سه‌نگاوی: ئومێد ئه‌كه‌م به‌و شێوه‌یه‌ نه‌بێت، ناتوانم بڵێم ئه‌گه‌ره‌كان چه‌ندن، به‌ڵام هیوادارم هه‌ردوولامان هه‌ست به‌ به‌رپرسیاریه‌تی بكه‌ین.

ئاژانسی نها: ئێوه‌ ده‌ڵێن نابێت دوو پۆستی سیادی هه‌ستیار كه‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆن به‌ ده‌ست پارتییه‌وه‌ بێت، له‌ كابینه‌ی داهاتوودا یه‌كێتی پۆستی  یه‌كێك له‌و دوو وه‌زاره‌ته‌ وه‌رده‌گرێت؟

مه‌حمود سه‌نگاوی: ده‌بێت وه‌ریبگرێت، به‌شێك له‌ هێزه‌كانی ئه‌و دوو وه‌زاره‌ته‌ سه‌ربه‌ یه‌كێتین، له‌ كابینه‌ی پێشووشدا به‌پێی رێكه‌وتن ده‌بوو دوو ساڵی دووه‌م ئه‌و دوو وه‌زاره‌ته‌ به‌ ده‌ست یه‌كێتییه‌وه‌ بێت، به‌ڵام بارودۆخی یه‌كێتی و كۆچی دوایی جه‌نابی مام جه‌لال هۆكار بوون رێكه‌وتنه‌كه‌ جێبه‌جێ‌ نه‌كرێت و یه‌كێتی دوو ساڵه‌كه‌ی خۆی وه‌رنه‌گرێت، به‌ڵام ئێستا ده‌بێت یه‌كێك له‌و دوو وه‌زاره‌ته‌ بده‌ن به‌ ئێمه.

ئاژانسی نها: له‌ ئێستادا یه‌كلایی بۆته‌وه‌ پۆستی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت پشكی یه‌كێتییه‌، به‌پێی ده‌نگۆكان قوباد تاڵه‌بانی تاكه‌ كاندیدی یه‌كێتییه‌ به ‌حوكمی پاشخانی پێشووی له‌ حكومڕانی و ئه‌و ده‌نگه‌ زۆره‌ی له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ری یه‌كێتییه‌وه‌ به‌ده‌ستی هێناوه‌، ئه‌مه‌ راسته‌؟

مه‌حمود سه‌نگاوی: ناكرێت پێش روداوه‌كان بكه‌وین  ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كه‌ی تر وای دابنێن ئه‌و جێگایه‌ جێگایه‌كی زه‌عیفه‌ و قوباد تاڵه‌بانی ده‌سه‌ڵاتی نابێت له‌ حكومه‌تدا، ره‌نگه‌ قوباد تاڵه‌بانی و یه‌كێتیش رازی نه‌بن به‌و پۆسته.

 ئاژانسی نها: به‌ڵام  سامان گه‌رمیانی له‌ لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی نها وتی یه‌كێتی به‌هێز و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ قوباد تاڵه‌بانی ده‌نێرێته‌ حكومه‌ت، كاندیدێكی تر هه‌یه‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌؟

مه‌حمود سه‌نگاوی: قوباد تاڵه‌بانی یان هه‌ركه‌سێكی تر ئه‌و پۆسته‌ وه‌ربگرێت پشتگیری لێ‌ ده‌كه‌ین و به‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ده‌ینێرین، منیش كاندیدی دیاریكراوی خۆمم نییه‌ هه‌ر كه‌سێك له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرێت من پشتگیری ده‌كه‌م.

ئاژانسی نها: له‌ئێستادا ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ژێربه‌ژێر رێكه‌وتن له‌نێوان یه‌كێتی و گۆڕان له‌ ئارادایه‌، وه‌ك سه‌رده‌می شاخ كه‌ یه‌كێتی سێ‌ به‌ره‌ بوو به‌ره‌یه‌كی ئێستای گۆڕان ده‌بێت؟

مه‌حمود سه‌نگاوی: ئه‌و كاته‌ی هه‌ردوو جه‌نابی مام جه‌لال و نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ ژیاندا بوون رێكه‌وتنێكیان كرد، به‌ڵام دواتر چه‌ندین گرفت و كۆچی دوایی هه‌ردووكیانی به‌دوادا هات، من هه‌موو كاتێك له‌ قسه‌كانمدا وتومه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌شێك بووه‌ له‌ خوێندنگاكه‌ی مام جه‌لال و پێویسته‌ هه‌ردوولا له‌یه‌ك نزیك بین، هه‌رچه‌نده‌ به‌داخه‌وه‌ سیاسه‌تی ئه‌مجاره‌یان له‌به‌رامبه‌ر سه‌رۆك كۆماری عێراق سیاسه‌تێكی باش نه‌بوو و له‌ بیریان كرد چۆن له‌ پردێ‌ رێگری له‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌كه‌یان كرا له‌ چوونی بۆ ناو شاری هه‌ولێر، ره‌نگه‌ له‌ هه‌ر كاتێكدا هه‌مان سیاسه‌ت به‌رامبه‌ریان بنوێنن، ئومێده‌وارم ئێمه‌ گۆڕان و لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كانیش یه‌كبگرین و هێزێك دروستبكه‌ین رووبه‌رووی پارتی ببینه‌وه‌ له‌ رووی سیاسییه‌وه نه‌ك به‌ شه‌ڕ، چونكه‌ ئه‌وان ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ته‌واویان هه‌بێت به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا ره‌نگه‌ كاری باش نه‌كه‌ن و هه‌مان كاره‌كانی 31ی ئاب دووباره‌ بكه‌نه‌وه.

ئاژانسی نها: پارتی ده‌ڵێت رووداوه‌كانی 16 ی ئۆكتۆبه‌ر رووی 31 ی ئابی سپی كرده‌وه‌؟

مه‌حمود سه‌نگاوی: ئه‌وان ئاواتیان ئه‌وه‌بوو 16 ی ئۆكتۆبه‌ر كه‌ركوك وێران بێت و وه‌كو موسڵی لێبێت و به‌ هه‌زاران كه‌ركوكی ئاواره‌ ببن، ئێمه‌ ده‌مانزانی به‌ره‌نگاری ئه‌و هێزه‌مان پێ‌ ناكرێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چه‌ندین شه‌هیدماندا، ته‌نها له‌ حه‌ویجه‌وه‌ 500 هامه‌ر هاتبوون بێجگه‌ له‌ لایه‌كانی تر، دونیا پێی وتین پشتگیریتان لێ‌ ناكه‌ین،  جه‌نابی كاك مه‌سعود خۆی ده‌ڵێت وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا پێی وتین ئه‌گه‌ر ریفراندۆم بكه‌ن ده‌تانگێڕینه‌وه‌ بۆ شوێنه‌كانی پێشووتان، كاك مه‌سعود گوێی نه‌دایه‌ و ئه‌وانیش ئێمه‌یان گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ خوار هێڵی 36.

ئاژانسی نها: واته‌ كورد گه‌ڕێنرایه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می ساڵی 2003؟

مه‌حمود سه‌نگاوی:  ته‌نها شتێكی كه‌می ماوه‌، ئه‌ویش له‌ ئه‌نجامی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ و ناڕاست.

ئاژانسی نها: ئێوه‌ خاوه‌ن ناسنامه‌ی ئه‌م وڵاته‌ن و خه‌باتتان كردووه‌ بۆ ئازادی، بۆچی رێگه‌تان له‌و سیاسه‌ته‌ هه‌ڵه‌یه‌ نه‌گرت؟

مه‌حمود سه‌نگاوی: راسته‌ ئێمه‌ له‌ میدیاكان بانگه‌شه‌مان بۆ ریفراندۆم كرد، به‌ڵام له‌ راستیدا زۆر هاوارمان كرد و وتمان با ریفراندۆم ئه‌نجام نه‌درێت.

ئاژانسی نها: ئه‌و هاواره‌تان به‌ ئاشكرا  بۆ نه‌كرد، بۆ له‌ میدیاكان به‌ خه‌ڵكتان نه‌وت نابێت ریفراندۆم ئه‌نجام بدرێت؟

مه‌حمود سه‌نگاوی: بابه‌ته‌كه‌ بابه‌تێكی نه‌ته‌وه‌یی بوو، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ پشتگیریمان لێ‌ نه‌كردایه‌ ئێستا كاك مه‌سعو‌د ده‌یوت ئێمه‌ ویستمان كورد بكه‌ین به‌ ده‌وڵه‌ت به‌ڵام یه‌كێتی نه‌یهێشت، ئه‌وه‌ مه‌ترسییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی بوو بۆ ئێمه.

ئاژانسی نها: به‌ڵام مه‌ترسییه‌كانتان نه‌ده‌زانی؟

مه‌حمود سه‌نگاوی: بێگومان ده‌مانزانی، رۆژێك پێش ئه‌نجامدانی ریفراندۆم مه‌كته‌بی سیاسی له‌ كه‌ركوك كۆبونه‌وه‌مان كرد و وه‌فدێكمان نارد بۆ لای كاك مه‌سعود تا ریفراندۆم ئه‌نجام نه‌درێت، خودی كاك عومه‌ر فه‌تاح داوای كردبوو به‌یانێك ده‌ربكرێت و رابگه‌یه‌نرێت ریفراندۆم ئه‌نجام نادرێت، به‌ڵام كاك مه‌سعود پێداگری كرد و به‌داخه‌وه‌ تووشی ئه‌و كاره‌ساته‌ی كردین.

ئاژانسی نها: سه‌باره‌ت به‌ڕێكه‌وتنی نێوان گۆڕان و یه‌كێتی، ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م رێكه‌وتنه‌كه‌ چی بوون؟ كێن ئه‌وانه‌ی رێگر بوون له‌و رێكه‌وتنه‌؟ ئایا ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ هه‌ردوولا دووباره‌ بچنه‌وه‌ سه‌رمێزی گفتوگۆ؟

مه‌حمود سه‌نگاوی: سه‌باره‌ت به‌رێكه‌ونتن بۆ نا، له‌ سیاسه‌تدا هیچ شتێك مه‌حاڵ و نه‌گونجاو نییه‌، به‌ڵام ناچمه‌ ناو ورده‌كارییه‌كانی كێ‌ رێگری لێكرد و بۆ رێكه‌وتن نه‌كرا.

ئاژانسی نها: له‌ ئێستادا پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆ یه‌كێتی یه‌كلا بۆته‌وه‌، پێت باشه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان ژن بێت و كێ به‌ شیاوی ئه‌و پۆسته‌ ده‌زانیت؟

مه‌حمود سه‌نگاوی: لای من هه‌ر كه‌سێك ئه‌و پۆسته‌ وه‌ربگرێت جیاوازی نییه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ به‌رگری له‌ مافی میلله‌ت و پشتگیری یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بكات، با سه‌رۆكی ئه‌مجاره‌ی په‌رله‌مان ژن بێت، حیزب بڕیار ده‌دات كێ‌ ئه‌و پۆسته‌ وه‌رده‌گرێت، هه‌ر كه‌سێكيش بایكۆت ده‌كات یاخود نا كه‌یفی  خۆیه‌تی، وه‌كو ئه‌ندامی حیزب ده‌بێت پابه‌ندی بڕیاری حیزبه‌كه‌ی بێت.

ئاژانسی نها: كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان كه‌ی ده‌به‌سترێت؟ جگه‌ له‌ ده‌نگدانی ئه‌ندامانی كۆنگره‌ كێ‌ كاندیده‌ بۆ پۆستی سكرتێری گشتی؟كێ‌ به‌ شایسته‌ ده‌زانن؟

مه‌حمود سه‌نگاوی: من پێش رووداوه‌كان ناكه‌وم به‌ڵام هه‌میشه‌ وتومه‌ ده‌بێت كۆنگره‌یه‌كی بێ‌ رێكه‌وتن ببه‌سترێت، بڕیارماندابوو مانگی دووی ساڵی داهاتوو كۆنگره‌ ببه‌ستین به‌ڵام نازانم جێبه‌جێ‌ ده‌كرێت یاخود نا.

ئاژانسی نها: خۆت هه‌ڵده‌بژێریته‌وه‌ بۆ ئه‌ندامێتی مه‌كته‌بی سیاسی یان سه‌ركردایه‌تی؟

مه‌حمود سه‌نگاوی: نازانم ئه‌و كاته‌ چۆن ده‌بێت، به‌ڵام له‌ ئێستادا حه‌زم لێی نییه.

ئاژانسی نها: دكتۆر به‌رهه‌م ئێستاش جێگری دووه‌می سكرتێری یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانه‌؟

مه‌حمود سه‌نگاوی: كاك به‌رهه‌م كاتی خۆی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی قبوڵ نه‌كراوه‌ و ئێستا یه‌كێتییه‌، به‌ڵام نازانم هه‌مان پۆستی پێشووی هه‌یه‌ یاخود نا چونكه‌ یه‌ك دوو كۆبوونه‌وه‌ كراوه‌ من لێره‌ نه‌بووم.

ئاژانسی نها: له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆمار چه‌ند كه‌سێك له‌ یه‌كێتی دڵگران بوون، له‌وانه‌ كاك به‌ختیار، مه‌كته‌بی سیاسی هیچ هه‌نگاوێكی ناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بیگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ناو كۆبونه‌وه‌كان؟

مه‌حمود سه‌نگاوی: مه‌كته‌بی سیاسی كاك به‌ختیاری ده‌رنه‌كردووه‌ تا بیگه‌ڕێنێته‌وه‌، زۆر كه‌سیش چوونه‌ته‌ لای وه‌ك كاك حامیدی حاجی غالی و قسه‌یان كردووه‌، خۆی عاجز بووه‌ و ئه‌وه‌ش كێشه‌ نییه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه.

ئاژانسی نها: له‌ ئێستادا هاوپه‌یمانی بووه‌ به‌ سێ‌ به‌شه‌وه‌، ئێوه‌ چیتان كردووه‌ وه‌كو یه‌كێتی تا هاوپه‌یمانی بگه‌ڕێننه‌وه‌ ژێر باڵی یه‌كێتی له‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی دكتۆر به‌رهه‌م؟

مه‌حمه‌د سه‌نگاوی: ئه‌وانه‌ی دوێنێ‌ كۆنگره‌یان به‌ستووه‌ ئه‌وه‌ هیچ نییه‌، ئه‌وانه‌ هه‌رچوونه‌ هه‌ولێریان شكان بوو بۆیان، من پێم وایه‌ ئیتر ده‌بنه‌ كۆمه‌ڵێك له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ولا.

ئاژانسی نها : پێت وایه‌ حیزب هه‌یه‌ وه‌كو ماركێتی سیاسی بۆ پاره‌ په‌یداكردن حیزبایه‌تی ده‌كات؟

مه‌حمود سه‌نگاوی: بێگومان، ئه‌گینا من پێم وایه‌ ئه‌و براده‌رانه‌ی وه‌كو كاك ئارام و ئه‌وان له‌ 500 ده‌نگ زیاتریان نه‌هێنابێت له‌و زیاتر له‌ سه‌د هه‌زار ده‌نگه‌ی كاك به‌رهه‌م له‌ په‌رله‌مانی عێراق، ئێستاش پێم وایه‌ زۆربه‌یان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ناو یه‌كێتی.

ئاژانسی نها: له‌ ئێستادا باس له‌ دووباره‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی جموجۆڵه‌كانی داعش ده‌كرێت، پێتان وانییه‌ هۆكارێك له‌ پشت دووباره‌ چالاككردنه‌وه‌ی داعشه‌وه‌ هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی مه‌هدی بشكێنرێت و كورد په‌راوێز بخرێت؟

مه‌حمود سه‌نگاوی: له‌ ئێستادا دنیا دنیای هه‌واڵگرییه‌، هه‌ر وڵاتێك بیه‌وێت كێشه‌ بۆ وڵاتێكی تر دروست بكات ده‌توانێت له‌ رێگای هه‌واڵگرییه‌وه‌ ئه‌و كاره‌ بكات و داعش بجوڵێنێت، به‌ڵێ‌ له‌ ئێستادا له‌و میحوه‌ره‌ی من سه‌رپه‌رشتی ده‌كه‌م له‌ گه‌رمه‌سێر داعش زۆرترین جموجۆڵی هه‌یه‌، به‌ڵام پێكدادانیان ته‌نها له‌گه‌ڵ هێزه‌ عێراقییه‌كانه‌ و ناتوانن بێنه‌ ناو سنوره‌كانی ئێمه.

ئاژانسی نها: ده‌وترێت حه‌شدی شه‌عبی كارئاسانی بۆ داعش ده‌كات، ئه‌مه‌ راسته‌؟

مه‌حمود سه‌نگاوی: له‌ راستیدا هه‌ر داعشن ئێستا هاتوون بوون به‌ حه‌شدی شه‌عبی، به‌ تایبه‌تی عه‌سایبی ئه‌هلی حه‌ق.

ئاژانسی نها: ئێستا نماینده‌ی كێ‌ ده‌كه‌ن، حه‌شد یان داعش؟

مه‌حمود سه‌نگاوی: نماینده‌ی خۆیان ده‌كه‌ن، هه‌رچییه‌ك ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌یه‌ بمێننه‌وه‌ و نه‌كوژرێن و نه‌گیرێن.

ئاژانسی نها: وه‌ك ده‌زانرێت له‌ماوه‌ی پێشوودا دۆخی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان زۆر ناجێگر بوو، له‌ دوای ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق و كوردستان دۆخه‌كه‌ باشتر نه‌بووه‌؟

مه‌حمود سه‌نگاوی: له‌ ئێستادا دۆخی یه‌كێتی جێگیره‌ و زۆر باشه‌ و هۆكاره‌كه‌شی گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح و ئاشتبوونه‌وه‌ی به‌شێكمانه‌ كه‌ پێشتر كێشه‌مان هه‌بوو له‌ ناو یه‌كێتی و له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێكی تر، له‌ ئێستادا هیچ كێشه‌مان نییه.

ئاژانسی نها: تۆ به‌وه‌ ناسراوی كه‌سێكی قسه‌ له‌ روو بوویت، ئێستا تۆش هیچ كێشه‌یه‌كت نه‌ماوه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی؟

مه‌حمود سه‌نگاوی: من هیچ كێشه‌یه‌كم نییه‌، ئه‌گه‌ریش شه‌ڕبكه‌م له‌سه‌ر یه‌كێتی و گه‌و‌ره‌یی یه‌كێتی شه‌ڕ ده‌كه‌م نه‌ك له‌سه‌ر كه‌س.

ئاژانسی نها: واز له‌ پرسیاره‌ سیاسییه‌كان ده‌هێنم و پرسیارێكی كۆمه‌ڵایه‌تیت لێ‌ ده‌كه‌م, له‌ زۆر كات و زۆرینه‌ی شوێنه‌كان ده‌مانچه‌ت پێ ده‌بینرێت، ئه‌مه‌ ئاره‌زوویه‌كی خۆته‌ یان دوژمنداریت؟

مه‌حمود سه‌نگاوی: ئێمه‌ نازانین كێ‌ دوژمنمانه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌ درێژایی مێژوویه‌كی دوور و درێژ ئێمه‌ چه‌كمان پێیه‌، نازانین له‌ چ كاتێكدا توشی چی ده‌بین، من قبوڵی هه‌ندێك شت ناكه‌م، كه‌سێك ئیهانه‌م بكات هه‌ر له‌وێدا ده‌یكوژم و كه‌رامه‌تی خۆم له‌ هه‌موو شتێك له‌لا گرنگتره‌، به‌ڵام هه‌رگیز ئیهانه‌ی كه‌س ناكه‌م ئه‌گه‌ر كه‌سێك ده‌ستم بۆ نه‌با ده‌ستی بۆ نابه‌م، به‌ڵام قسه‌م پێ‌ بوترێت مه‌حاڵه‌ جواب نه‌ده‌مه‌وه‌، بۆ بابه‌ته‌كه‌ی شاناز براده‌ران سه‌رزه‌نشتیان كردم له‌وه‌ی بۆ خۆم ده‌كه‌مه‌ هاوڕێی ئه‌وانه‌ به‌ڵام من هه‌ركه‌س جنێوم پێبات مه‌حاڵه‌ بێده‌نگ ببم.

ئاژانسی نها: پێت وایه‌ به‌رهه‌م ساڵح سه‌ركه‌وتوو بێت له‌ چوار ساڵی ئاینده‌دا؟

مه‌حمود سه‌نگاوی: پێش رووداوه‌كان ناكه‌وم، به‌ڵام تا ئێستا به‌پێی ئه‌وه‌ی ده‌یبینم سه‌ركه‌وتووه.

ئاژانسی نها: به‌ڵام ئه‌مه‌ روداو نییه‌ بابه‌تێكی چاره‌نوس سازه‌، تۆ كه‌سێك ده‌نێریته‌ به‌غداد ده‌بێت بزانیت سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت یان نا؟

مه‌حمود سه‌نگاوی: له‌ ئێستادا دۆخی عێراق ناجێگیره‌ گه‌رنا به‌رهه‌م ساڵح كه‌سێكی سه‌ركه‌وتووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چه‌ند له‌ به‌غداد بووه‌ سه‌ركه‌وتوو بووه‌ و له‌ سه‌دا سه‌د متمانه‌م پێیه‌تی.

ئاژانسی نها: عادل عه‌بدول مه‌هدی ئه‌و پیاوه‌ی ئێوه‌ له‌ شاخ پشتگیریتان لێ‌ ده‌كرد، هیچ ئومێدتان هه‌یه‌ چاكه‌ و پیاوه‌تی رۆژانی رابردووی شاختان باته‌وه‌؟

مه‌حمود سه‌نگاوی: ئه‌و سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقه‌، نوێنه‌ری هه‌موو لایه‌نه‌ جیوازه‌كانی عێراقه‌ نه‌ك به‌ ته‌نها ئێمه‌، وه‌ ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ هاوسه‌نگی رابگرێت، كه‌سێكیش نییه‌ شه‌ڕی كردبێت بۆ ئه‌و پۆسته‌ به‌ڵكو داوای لێكراوه‌ بچێته‌ ئه‌وێ‌، ئه‌گه‌ر بزانێ‌ سه‌ركه‌وتوو نابێت یه‌كسه‌ر ده‌ست له‌ كاركێشانه‌وه‌كه‌ی پێشكه‌ش ده‌كات.

ئاژانسی نها: كۆتا پرسیارم له‌باره‌ی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوكه‌, كێ‌ ده‌كرێت به‌ پارێزگار؟ ئه‌و پۆسته‌ پشكی یه‌كێتییه‌ یاخود پارتی؟

مه‌حمود سه‌نگاوی: پشكی ئێمه‌یه‌ و لێی ناگه‌ڕێینه‌وه‌ مه‌گه‌ر به‌ زۆر لێمان بسه‌نن.

ئاژانسی نها: ئه‌وان هێزیان هه‌یه‌ و ئیوه‌ش هه‌تانه‌، بۆچی به‌زۆر لێتان بسه‌نن؟ بۆ پێداگری ناكه‌ن له‌وه‌ی كاندیدتان هه‌بێت و نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ دواوه‌ ؟

مه‌حمود سه‌نگاوی: له‌ ئێستادا پارتی هه‌وڵ ده‌دات عه‌ره‌بێك ئه‌و پۆسته‌ وه‌ربگرێت ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ نه‌بێت، به‌ڵام ئێمه‌ كاندیدی خۆمان هه‌یه‌ .

 ئاژانسی نها: پارێزگاری كه‌ركوك هه‌ر له‌ كه‌ركوكییه‌كان ده‌بێت؟

مه‌حمود سه‌نگاوی: ئاسۆ مامه‌ند ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵا یان رزگار عه‌لی هه‌ركامێكیان یان كه‌سێكی دیكه‌ ئه‌و پۆسته‌ وه‌ربگرێت جیاوازی نییه‌ گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ركوكی بێت و  له‌ كه‌ركوكدا بێت.
 

2018-11-24
زیاتر...
1