دیدار

بەرپرسێكی باڵای گۆڕان: شاسوار عبدولواحید، رای كرد و پەنای بۆ كاك نەوشیروان هێنا

ئاژانسی نها: فەرەیدون بێوار

بەرپرسی ژووری دارایی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت "وەختی خۆی شاسوار زۆر مەمنون بوو تاوەكو پارە بدات و لێی وەربگیرێت". دەشڵێت "لەناو كولتوری كوردەواریدا كارێكی زۆر ناشیرین و عەیبەیە كەسێك پارە ببەخشێت و دواتر باسی بكات".

ئاوات شێخ جەناب، بەرپرسی ژووری دارایی بزوتنەوەی گۆڕان بە ئاژانسی نها-ی راگەیاند "كاتی خۆی شاسوار وەك بازرگان  بۆ هاوكاری بزوتنەوەی گۆڕان هەندێك پارەی داوە، بەڵام وەك بەخشین بووە نەك قەرز".


لەم دیدارە  تایبەتەدا لەگەڵ ئاژانسی نها،  باس لە قەرزەكانی گۆڕان و هاناهێنانی شاسوار عەبدولواحید بۆ لای نەوشیروان مستەفا و 25 دەفتەر دۆلارەكەی یەكێتی دەكات.

نها: شاسوار عەبدولواحید، لەپۆستێكی فەیسبوكدا دەڵێت "بزوتنەوەی گۆڕان و بەرپرسە باڵاكانی قەرزاری منە و ئێستا پارەیان نادەمێ بۆیە رەخنەم لێدەگرن" وەڵامی ئێوە چییە؟
ئاوات شێخ جەناب: بزوتنەوەی گۆڕان و كەناڵی كەی ئێن ئێن هیچ پارەیەكی شاسوار قەرزار نین، ئەگەر هەر كەسێكیش بۆ خۆی خانوو یان شوقەی لێكڕی بێت ئەوە پەیوەندی بە هەڵوێستی بزوتنەوەی گۆڕانەوە نییە.

نها: شاسوار عەبدولواحید باس لەوە دەكات كاتی خۆی بەپارە هاوكاری بزوتنەوەی گۆڕانی كردووە؟
ئاوات شێخ جەناب: وەختی خۆی شاسوار زۆر مەمنون بوو تاوەكو پارە بدات و لێی وەربگیرێت. نەبزوتنەوەی گۆڕان و نە كاك نەوشیروان قەت داوای پارەیان لەكەس نەكردووە، بەتایبەتی شاسوار.  بەس لەناو كولتوری كوردەواریدا كارێكی زۆر ناشیرین و عەیبەیە كەسێك پارە ببەخشێت و دواتر باسی بكات، بەخشینی لەچی و باسكردنی لەچی؟.

نها: كەواتە پارەی بەخشیوە بە گۆڕان؟
ئاوات شێخ جەناب: بەڵێ، بەس نازانم بڕەكەی چەندە، چەندینجار هاتووەتە لای رەوانشاد كاك نەوشیروان مستەفا تاوەكو قبوڵی بكات و پارەی لێوەربگرێت، تا دواجار كاك نەوشیروان رازی بوو كۆمەڵێك كورسی بۆ هۆڵی كۆبوونەوەی مەكۆی سەرەكی بكڕێت.

نها: ئەو پارەیەی داوێتی بە بزوتنەوەكە ئایا بەقەرز بووە یان وەك هاوكاری و بەخشین بووە؟
ئاوات شێخ جەناب: بەخشین بووە نەك قەرز.

نها: بەرای ئێوە بۆچی لەم كاتەدا شاسوار وا بەتوندی دژایەتی گۆڕان دەكات؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەوەی ئێستا شاسوار دەیكات  و پەلاماری گۆڕان دەدات ئاشەكەی دەچێتە خزمەتی لایەنەكانی ترەوە. دەیەوێ بەهەمان سیاسەت و نەفەسی بزوتنەوەی گۆڕان رەفتار بكات گوایە بەخەیاڵی خۆی سیحری گۆڕان بەتاڵ دەكاتەوە.

نها: هیچ پەیوەندییەكی هاورێتی لەنێوان شاسوار عەبدولواحید و رەوانشاد نەوشیروان مستەفادا هەبووە؟
ئاوات شێخ جەناب: كاك نەوشیروان هیچ كاتی هاوڕێی تایبەتی شاسوار نەبووە، بەس شاسوار زۆرجار لەگەڵ كۆمەڵێك كەسی دیكە سەردانی ماڵی كاك نەوشیروانی كردووە. 
بەتایبەتی كاتێك كەناڵی ئێن ئارتی سووتێنرا، شاسوار قسەیەكی لەدەم دەرچوو و باسی بنەماڵەی تاڵەبانی كرد، ئیدی لەترسانا رای كرد و هانا و پەنای بۆ كاك نەوشیروان هێنا تاوەكو  بیپارێزێت.

نها: باس لەوە دەكرێ كە ئێوە وەك بزوتنەوەی گۆڕان، مانگانە بڕی 250 هەزار دۆلار واتە (25) دەفتەر دۆلارتان لە یەكێتی نیشتمانی وەرگرتووە؟
ئاوات شێخ جەناب: بەڵێ راستە، زۆر كەس ئەو بابەتە بەنەزانییەوە باس دەكات، چونكە ئەوە بەرهەمی سەركردایەتی هاوبەش بوو كە كاتی خۆی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا ئەندامی سەركردایەتی هاوبەشی نێوان یەكێتی و گۆڕان بوو.
ئنجا هیچ عەیبی تێدانییە ئەگەر لەنێوان دوو هاوپەیمان هاوكاری مادی و مەعنەوی یەكتر بكەن. یەكێتی  هاوخەبات و هاوپەیمانی ئێمە بووە، خۆ دوژمنمان نییە. رێكەوتنی دەباشان لەنێوانماندا بووەو لەزۆر رووەوە هاوكاری یەكتر بووین.

نها: ئایا هێشتا ئەو پارەیە وەردەگرن؟
ئاوات شێخ جەناب: نەخێر، لەدوای ریفراندۆمەكە، پەیوەندی نێوان ئێمە و یەكێتی تێكچوو، ئێمە زۆربەی شتەكانمان لەگەڵ یەكێتی راگرت، تەنانەت سەركردایەتییە هاوبەشەكەش راگیرا، ئیدی لەو كاتەوەش هاوكارییە مادییەكەمان وەرنەگرتووە.




2018-08-22
زیاتر...
1