ئاژانسی نها- ئاوات خەیروڵا
وتەبێژی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پۆستی سەرۆكایەتی كۆمارپشكی یەكێتی نیشتیمانییە وپێشتر لەگەڵ پارتی لەبەرامبەر پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم ڕێككەوتنی ستراتیژی لە سەركراوە.
ئاژانسی نها: پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار پشكی كێیە و لەگەڵ پارتی ڕێكەوتون بۆ یەكلایی كردنەوەی پۆستەكە لای كێ بێت؟
سەعدی پیرە: پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار پشكی یەكێتی دەبێت، بەهۆی ئەوەی پێشتر لەگەڵ پارتی لەبەرامبەر پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار ڕێككەوتنی ستراتیژی لەسەركراوە، هەروەها تائێستاش لەگەڵ پارتی بە چڕی باسی ئەوپرسەمان نەكردوە، ئەوەی ئێستاش قسەی لەبارەوە دەكات تەنیا ڕاگەیاندنەكانە دەیانەوێت گێرەشێوێنی بنێنەوە، یاخودئەوانەی كە كاندیدی پارتین قسەلەسەر ئەو پۆستە دەكەن.
ئاژانسی نها:یەكێتی وپارتی بە وەفدی هاوبەش سەردانی بەغداد دەكات یاخود بەجیا؟
سەعدی پیرە: لەكۆبونەوەمان لەگەڵ كوتلەی فەتح ودەوڵەتی یاسا باسمان لەوەكردوە ڤیتۆمان لەسەر كەس نییە و ئێمە وەكو كورد، بە وەفدێكی یەكگرتووە پرۆژەی یەكگرتوە دێنە بەغدا و هەر بۆیە ئێستا دەمانەوێت پرۆژەیەكی نیشتیمانی ئامادە بكەین بە بەشداری هەمولایەنە سیاسییەكان و داوا لەلایەنە سیاسییەكانی هەرێمیش دەكەین بەشداربن.
ئاژانسی نها: مەرجی كوردچی دەبێت بۆ بەشداریكردن لەحكومەتی نوێی عێراق؟
سەعدی پیرە: لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكان هاوپەیمانی دەبەستین بۆپێكهێنانی كابینەی نوێ حكومەتی عێراق و ئەو خاڵانەی پەیوەستە بەكورد تێدا جێگیردەكەین و تەنها مەرجی ئەوەمان دەبێت كەسەرۆك وەزیران جێبەجێ بكات، بەڵام ئەگەر هاتوو جێبەجێی نەكرد لەپۆستەكەی دوربخرێتەوە كەپێچەوانەی پێشترە سەرۆك وەزیران خۆی خاڵەكانی دەنوسیەوە پاش دەرچونی جێبەجێی نەدەكرد.
ئاژانسی نها: ئایندەی پۆستی سەرۆكی هەرێم چی لێ بەسەر دێت؟
سەعدی پیرە: لەئێستادا پۆستی سەرۆكی هەرێم سڕكراوە و چاوەڕێی نوسینەوەی دەستوری هەرێم دەبین و هەر لەو نێو دەستوریشدا ئەو پۆستەیەكلایی دەبێتەوە.
ئاژانسی نها: سەبارەت بە كۆنگرەی یەكێتی، كەی كۆنگرەئەنجام دەدرێت؟
سەعدی پیرە: بەبۆچونی من بێت پێش هەڵبژاردنەكان كۆنگرە ببەستین چونكە بەستنی كۆنگرە پێویستییەكی زەرورییە بۆ یەكێتی و لە ئێستادا باردۆخی جەماوەری یەكێتی زۆر لەبارەو هەموكات پشتیوانی ڕاستكردنەوەی یەكێتی دەكات و لەگەڵ بەرەوپێشبردنی ئەوحزبەیە، چونكە ئەگەر كێشەیەك لەناو یەكێتیدا هەبێت لەسەركردایەتییەكەیەتی كە لەپاش مردنی مام جەلال و ئەوگۆڕاكارییانە دروستبوەو تا ئێستاش مودیریەتێكی وانەبوە یەكێتی بخاتەوە سەرسكەی خۆی.
ئاژانسی نها: پۆستی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی چۆن یەكلایی دەكرێتەوە؟
سەعدی پیرە: بەستنی كۆنگرەی یەكێتی پۆستی سكرتێری یەكێتی یەكلای دەكاتەوە و كۆنگرە بڕیاری لەسەر دەدات.
ئاژانسی نها: بۆچونی زۆربەی سەركردایەتی یەكێتی چیە لەسەربەستنی كۆنگرە؟
سەعدی پیرە: زۆربەی سەركردایەتی یەكێتی لەگەڵ بەستنی كۆنگرەدایە، چونكە بەشێكی زۆری كێشەكان چارەسەردەكات و یەكێتی دەباتە قۆناغێكی دیكەوە.