دیدار

مەحمود سەنگاوی: بەشێک لە پارتییەکان منیان خۆش دەوێت، بەڵام ناوێرن بیڵێن

ئاژانسی نها.. دیدار

مەحمود سەنگاویئ ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی نها رایگەیاند، ئێمە بۆ چاکسازیی لەناو یەکێتی هاوکارین و هاوکاریی هاوسەرۆکەکانیش دەکەین.

ئاماژەی بەوەشکرد، من لە سەرەتاوە بە حزبەکەی خۆمم وتووە کابینەکەی مەسرور بارزانی هاتووە بۆیٔەوەی لایەنەکان تەفروتونا بکات و هێزەکان لە دەستی یەکێتی وەربگرێتەوە دوایی بە هەوەسی خۆی بکەوێتە گیانی هەموو خەڵک، پێم وتوون لەگەڵ مەسرور بارزانی حکومەت ناکرێت.

دەقی چاوپێکەوتنەکەی ئاژانسی نها لەگەڵ مەحمود سەنگاوی

ئاژانسی نها: دۆخی ئێستای یەکێتی لە دوای کۆنگرەی چوارەمەوە بەرەو چ ئاڕاستەیەک دەڕوات؟ دانانی دوو هاوسەرۆک جیاوازی دەکات لە نێوان کۆنگرەی چوارەم و کۆنگرەکانی دیکەی حزبەکە؟

مەحمود سەنگاوی: من ناڵێم ئێستا یەکێتی بووەتەوە یەکێتی پێشوو، بەڵام هاوسەرۆکی لە دونیادا تازەیە و هەیە، رەنگە یٔێمە لەسەر هاوسەرۆکی هاوڕا نەبوبین، بەڵام یەکێتی حزبێکە بڕوای بە دیموکراتییەت هەیە کە زۆرینە لەسەر شتێک کۆک بوو، دەبێت ناڕازییەکانیش ئیلتیزام بکەن، زۆرینەی سەرکردایەتی یەکێتی بڕیاریدا هاوسەرۆکی پەیڕەو بکرێت، وەزعی یەکێتی یٔێستا خراپ نییە، بەڵام ماندوبوونی دەوێت، تاکو رێکدەخرێتەوە، ئێستا دەستپێکراوە بۆئەوەی وەزعەکە ئارامبکرێتەوە و کادرە تۆراوەکان ئاشتبکرێنەوە،  بۆئەوەی یەکیتی بێتەوە سەر رێڕەوی خۆی.

ئاژانسی نها: باسی کادری تۆراوت کرد، ئێستا لەناو یەکێتیدا تەکەتول هەیە؟

مەحمود سەنگاوی: ئێستا کەس تەکەتول ناکات ئێستا ئێمەمانان کە ناڕازی بووین تا ئێرە بوو، ئیتر ئەوە تەمەن دەڕوات، لە مەرحەلەی دووەمدا ئێمە ناتوانین بێینە ناو حزبەوە و خۆمان هەڵبژێرین، ئێمە بۆ چاکسازی ناو یەکێتی هاوکارین هاوکاری ئەو دوو هەڤاڵەین کە هاوسەرۆکن.

ئاژانسی نها: کاک کۆسرەت دەبوو باوکی یەکێتی بوایە لە دوای مام جەلال، بەڵام دەگوترێ نەیتوانی ئەو ئەرکە ببینێ، بۆچی واکرا کە کاک کۆسرەت دوربکەوێتەوە لە گۆڕەپانە سیاسییەکە و بە تایبەتی لە یەکێتیش؟ دەوترێ زویر بووە.

مەحمود سەنگاوی: کاک کۆسرەت سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە وە بەداخەوە کاک کۆسرەت تەندروستی تەواو نییە، ئەوەش کاریگەریی لەسەر بەڕێوەبردنی ئەرکەکانی هەبووە، کاک کۆسرەت خەباتگێڕێکی بە توانای یەکێتی بووە و قوربانی داوە، دونیاش گۆڕاوە تا مردن ئێمە قیادەی ئەم حزبە نابین گەنجی تر دێت، ئێمە کەسمان خاوەنی بڕوانامەی بەرز نەبووین، ئێمە هاتوین ئیشمان کردووە لەناو حزبەکەدا وە زۆر هیلاک بووین، بە تایبەت کادری سەربازی، ئامادەبووین بمرین، بەڵام کوردستان بەجێ نەهێڵین ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بکەین کە بە خەڵکماندابوو، ئێمە لە یەک شتا پەلەمان کردووە، دەبوو لە مەرحەلەی یەکەمدا هەموو بە تەمەنەکان بە یەکجار نەکشاباینەوە، دەبوو بەشێکمان لەگەڵ سەرکردایەتی ماباینەوە بۆئەوەی ئەم کادرە گەنجانە رەنگە کە زۆر شارەزا نەبوون، شارەزا بونایە.

ئاژانسی نها: هەست بەوە ناکەن لە بەینی هاوسەرۆکەکاندا رکابەرایەتی هەیە؟

مەحمود سەنگاوی: نا من شتیوا نابینم ئەوان ئامۆزای یەکیشن، ئێمە جارێکی دیکە لایەنگری هیچ لایەک نابین، ئێمە لایەنگری یەکێتی نیشتمانی کوردستان و خوێنی شەهیدەکانمانین، ئێمە تا یٔێستا شتیوامان نەبینیەوە کە رکابەری هەبێت.

ئاژانسی نها: چ هیوایەک هەیە کە لەم دەستە و تاقمە و کوتلە گەراییە وازبێنن و بێتە سەر رێبازێکی راست؟

مەحمود سەنگاوی: بەداخەوە یەکێتی لە ئەنجامی یٔەو تاقم و دەستەگەرییە زیانی زۆری بەرکەوت یەکێتی یٔەگەر هەمیشە حزبی یەکەم نەبوایە بە هاوشانی حزبەکانی دیکە دەڕۆیشت، بەڵام بەهۆی ئەو کوتلەکاریەوە بچوکبووەوە، خۆت دەزانی ئێمە لە بەرامبەر پارتی ٥٠ بە ٥٠ بووین، بەڵام ئێستا پارتی یٔەگەر بە تەزویریش بێت دەڵێت من ٤٥ کورسیم هەیە، بۆیە هەستانەوەی یەکێتی و گەورەبوونی لە قازانجی هاوڵاتییان و کەسوکاری شەهیدانیشە.

ئاژانسی نها: جارێکی دیکە سەرهەڵدانەوەی کوتلە و دەستەگەرایی لەناو یەکێتیدا زەحمەت نییە؟

مەحمود سەنگاوی: زۆر زەحمەتە، چونکە ئێستا کەس دوای ئەوە ناکەوێت.

ئاژانسی نها: دەوترێت کەسێک لەناو لایەنێکی سیاسیدا مەحمود سەنگاوی بەوە تۆمەتباردەکات کە نەوت بەقاچاخ دەبات، کێشە بۆ پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی دروستدەکات، چەکی میلانۆی فرۆشتووە ئەمانە لەچییەوە سەرچاوەی گرتووە کە تۆ خراویتە ناو بازنەی قەناسەوە؟

مەحمود سەنگاوی: بەداخەوە ئەوە پیاوێکی کاسەلێسە ناوی ئومێد خۆشناوە کاسەلێس دوو مانای هەیە، یەکەم، ئەو سەگی خوێڕی و پشیلە و شتانە دەگرێتەوە کە قاپەکان ئەهێڵنەوە شەو نایشۆن و دەیهێڵنەوە بۆ بەیانی دوای قاپەکان دەیلێسنەوە، دووەم، خەڵک هەیە لەبەردەم ئاغاکاندایە کە ئاغا نان ئەخوات ئەو ئەچێت قاپەکەی ئەلێسێتەوە، ئومێد خۆشناو لە هەردوکیانە، من لێرەوە ئاگاداریان دەکەمەوە یەک جاری دیکە قسە بکەن خۆیان دەزانن لە سەری سەرەوە پێدادێم تا خوارەوە زۆر شتم لایە بیڵێم، بەڵام ئومێد دەکەم نەیگەیەننە ئەوە من شکاتم کردووە لە ئومێد خۆشناو دەڵێم بێتە بەردەم دادگا لەسەر منی ئیسپات بکات کە میلانم فرۆشتوە، کە نەوتم فرۆشتووە هەرچەندە ئەمە پێی ئەڵێن سەگ بە مانگ شەو وەڕین با خەڵکی گەرمیان شاهێدی لەسەر من بدات، بزانن من نەوتم فرۆشوە، من کەرامەتی خۆم لە هەموو نەوت و پارە و هەموو شتێکی دیکە پێ گەورەترە. من سەنگاویم تەمەنم بەرەوە ٧٠ ساڵ دەڕوات کەرامەتی خۆم نافرۆشم بە پارە.

ئاژانسی نها: ئەی بۆچی وادەکەن؟

مەحمود سەنگاوی: ئەوانە دەیانەوێت یەکێتی بشکێنن، من لە کۆنگرە، دووەم دەنگ بووم نە پارەم هەبووە بیدەم بە خەڵک بۆئەوەی دەنگم پێبدەن، من ٧٩٦ دەنگم هێناوە پارتی لەوە دەترسێ، جگە لەوە لە رووی کۆمەڵایەتییەوە پەیوەندی باشم هەیە، هەتا بەشێک لە پارتییەکانیش منیان خۆشدەوێت، بەڵام ناوێرن بیڵێن، چونکە من غەدرم لەکەس نەکردووە بەڵکو بەرگریم لە خەڵک کردووە.

ئاژانسی نها: ئومێد خۆشناو بۆ دەگەیەنیتە یٔاستی سەرکردایەتی، لەکاتێکدا خۆت ئەڵێی پیاوێکی بچوکە بۆ گەورەی دەکەی؟

مەحمود سەنگاوی: گەورە نابێت پێی ئەلێم کاسەلێس واتە گورگ و سەگی خوێڕی.

ئاژانسی نها: قسەکانی ئومێد لەسەر پارتی حساب دەکەی، یان وەکو شەخسی خۆی؟

مەحمود سەنگاوی: لەسەر پارتی حسابی دەکەم، خۆی چییە؟ پیاوێکی کاسەلێس و تەواو.

ئاژانسی نها: بۆچی یٔەوان توانیان پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر لابەرن، بەڵام کەتۆ شکاتت هەیە لەسەر ئومێد خۆشناو، بەڵام بۆی دەرچوو؟ بۆ تەنها سۆران عومەر کرا بە قوربانی؟

مەحمود سەنگاوی: دیکتاتۆریەتی بەشێک لە پارتییە ئەگینا لەناو پەرلەمانی کوردستان لە چوار کەس سکاڵا هەیە، عەلی حەمە ساڵح و شیرین ئەمین، ئەلێن ئێمە ئامادەین بەبێ هەڵگرتی پارێزبەندی بچینە بەردەم دادگا، بەڵام دەزانن ئومێد خۆشناو درۆ دەکات، من هەموو بەڵگەکانم هەیە ئەو میلانۆیانەی تەسلیمی من کراوە من بە ئەفسەرەکاندا تەسلیمی کێم کردووە، ئەفسەرەکانیش تەسلیمی کوێیان کردووە و ئێستا لە کوێیە، بەڵام ئومێد ناوێرێ بێتە بەردەم دادگا، چونکە من لێی دەبەمەوە، لەبەرئەوە من لەسەر پارتی حساب دەکەم نەک ئومێد، وە چاوەڕوانی وەڵامیشم، بەڵام ئەمجارە زۆر بە دەمی پیسەوە دێمە مەیدان و هەموو شتێک دەڵێم، بەڵام رێزیان لێدەگرم بۆئەوەی دەمکوتی بکەن، سۆران عومەر چی وتوە؟ ئەو بەڵگانەی سۆران لایەتی منیش لامە کە، دەڵێت سەرۆکی حکومەت خاوەنی کۆمپانیایە، کێ هەیە لە کوردستان نەڵێت پارتی دزە؟ تۆ بڕۆ ئەو بازاڕە دزی گەورە بە پارتی دەزانن، هەتا ئەو پارانەی لە ئەمریکاشەوە دێت بۆ هێزی پێشمەگە دەیبنە بانکەکەی خۆیان.

ئاژانسی نها: کابینەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرکەوتوتر بوو یان مەسرور بارزانی؟ 

مەحمود سەنگاوی: من لە سەرەتاوە بە حزبەکەی خۆمم وتووە کابینەکەی مەسرور بارزانی هاتووە بۆئەوەی لایەنەکان تەفروتونا بکات و هێزەکان لە دەستی یەکێتی وەربگرێتەوە دوایی بە هەوەسی خۆی بکەوێتە گیانی هەموو خەڵک، پێم وتوون لەگەڵ مەسرور بارزانی حکومەت ناکرێت، پارتی پارەی پڕوپیرێژنەی ئێرەش کە کۆدەکرێتەوە دەیبات بۆخۆی و سەرفی دەکات.

ئاژانسی نها: بۆچی کە باسی نەوت و بە قاچاغبردن دەکرێت ناوی تۆ دەهێندرێت؟

مەحمود سەنگاوی: لەبەرئەوەی من ناهێڵم کۆمپانیاکانی پارتی لە سنورەکەی ئێمە کاربکەن، من لەگەڵ دڵشاد بارزانیش قسەم کرد، پێموت ئێوە چەند دەهێڵن کۆمپانیاکانی یەکێتی لە بادینان ئیش بکەن، منیش هەر ئەوەندە دەهێڵم لێرە ئیش بکەن، من پیاوێک نیم بە دوای پارە بکەوم من بێمنەتم لە هەموو دوژمنەکانم.

ئاژانسی نها: یٔەو هەموو قەناعەتە لەکوێوە سەرچاوەی گرتووە؟

مەحمود سەنگاوی: من لە سەرەتای ژیانمەوە تا بومەتە پێشمەرگە و تا ئێستاش بەم گیانەوە ئیش دەکەم، لە ناو پارتی و لە ناو یەکێتیش بەو گیانەوە ئیشم کردووە، لەبەر ئەوە من میللەتەکەی خۆم و کوردستانم لە هەموو شتێک خۆشتر ئەوێت.

ئاژانسی نها: پەشیمان نەبووی رۆژێک لە رۆژان پارتی بووی؟

مەحمود سەنگاوی: نەخێر ئەوە هی سەردەمی خۆی بوو، من ئەگەر کارێکی خراپم کردبێ لە سەردەمی خۆیدا لێی پەشیمان نیم، لەبەرئەوەی ئەو سەردەمە وابوو.

ئاژانسی نها: تۆ زۆر لە کاک بەرهەمەوە نزیکی، بەڵام ئێستا بەرهەم زۆر دورە لە یەکێتی هۆکارەکەی بۆچی دەگەڕێتەوە؟

مەحمود سەنگاوی: کاک بەرهەم بڕوای بە هاوسەرۆکی نەبوو، کاک بەرهەم ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتییە، سەرۆک کۆماری عێراقە، کاری باش دەکات بۆ هەرێمی کوردستان بەڵام کاک بەرهەم ئامادە نەبووە وەکو هاوسەرۆک بێت ئیش بکات.

ئاژانسی نها: بە قەولی سەرۆکی نەهاتەوە ناو یەکێتی؟

مەحمود سەنگاوی: قەول جیاوازە و کارکردن جیاوازە کە هاتە سەر ئەوە لە سەرۆکەوە گۆڕا بۆ هاوسەرۆک، برادەران بانگیان کرد وتیان ئێمە هاوسەرۆکین تۆش لەگەڵمان هاوسەرۆک بە، بەڵام بەرهەم رەتی کردووە و وتی کاکە ئێوە کاری خۆتان بکەن و من نایکەم.

ئاژانسی نها: ئێستا کاک بەرهەم توڕە نییە؟

مەحمود سەنگاوی: من نازانم لێم نەبیستووە، بڵێت توڕەم، ڕەنگە توڕەش بێت.

ئاژانسی نها: یٔێستا بێدەنگیشە لە ناو یەکێتی تەنها کاروچالاکییەکانی سەرۆک کۆمار بڵاودەکاتەوە، بەشداری کۆبوونەوەکانی یەکێتیش ناکات.

مەحمود سەنگاوی: وتویەتی من بەشداری کۆبوونەوەکان ناکەم.

ئاژانسی نها: پێتان وایە دوای ئەو چوار ساڵە هەر بەم نەمەتە بمێنێتەوە کاک بەرهەم؟

مەحمود سەنگاوی: نازانم مرۆڤ پێش رووداوەکان نەکەوێت باشە.

ئاژانسی نها: لەسەر دەستی بافڵ و لاهور یەکێتی هەڵدەستێتەوە؟

مەحمود سەنگاوی: ئێمە چاوەڕوانین هاوکاریان دەکەین و پشتیوانیان دەکەین، ئومێد دەکەم سەرکەوتوو بن، ئێمە پشتیوانی یٔەوان نین، وەکو شەخس ئێمە پشتیوانی یەکێتین.

ئاژانسی نها: دەوترێت چەند بەرپرسێکی ناڕازی گۆڕان لەگەڵ یەکێتی دەیانەوێت بزوتنەوەیەک دروستبکەن، ئایا یٔەوە هەیە و باوی ئەوە ماوە؟

مەحمود سەنگاوی: من خۆم جارێکی دیکە دوای ئەو شتانە ناکەوم، ئەو کەسانە نازانم چۆن بیردەکەنەوە پێموانیە سەرکەوتوبن.

ئاژانسی نها:جاریکی دیکە باوی مۆدێلی حزبایەتی ماوە لەدوای یەکێتی و پارتییەوە؟

مەحمود سەنگاوی: زەمان و زەمینەی نەماوە، سەبارەت بە ئەو بزوتنەوەش پێموایە قسەی میدیایە تەسەور ناکەم ئەوە بکرێت.

ئاژانسی نها: ئەگەر شتێکت مابێت بیڵێی

مەحمود سەنگاوی: سوپاستان دەکەم من ماوەیەکی زۆرە بێدەنگم بەڵێنم بە ئێوەش دابوو کە قسە بکەم، یەکەم کەس بۆ ئێوە قسە دەکەم، وە ئەو رۆژانە قسەکانی ئەو کاسەلێسەم گوێ لێبوو زۆر بە ناشرینی تەشهیری کردبوو گوایە من دزم من رۆژنامەنوسم کوشتووە، بەڵام من کە تاوانبارکراوم، چومە بەردەم دادگا، یٔینجا من پیاوێکی ئەوەندە لاواز نیم بچم منداڵێک بکوژم،  خەڵک سزای هەتاهەتایی دراوە لەسەر کەیسی کاوە.

من تەنها يئەوەم يدەوێت وەک خۆی ئەو دیمانیە بڵاوبکەنەوە و هیچی لێنەبڕن، کە دەڵێم کاسەلێس مەبەستمە ئەو کاسەلێسە بڵاوبکرێتەوە.

2020-09-10
زیاتر...
1