لە سلێمانی گەورەترین پرۆژە رادەگەیەندرێت
نها نیوز - هەواڵەکان
پرۆژەیەکی گەورەی نیشتمانیی لە سلێمانی بە ناوی (پارکی نەتەوەیی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد) دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئارام قانع، مۆریاسی خاوەنی کۆمپانیای "مۆریاس ڤژنس" لەلێدوانێکی تایبەتدا بە نها نیوزی راگەیاند، کۆمپانیاکەیان هەڵدەستێت بە دروستکردنی پارکێکی گەورەی نەتەوەیی بە ناوی "خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد" کە پرۆژەیەکی گەورەی نیشتمانییە.
خاوەنی کۆمپانیاکە ئاشکراشیکرد "ئەم پارکە نەتەوەییە دەکەوێتە نێوان عەربەت - سلێمانی و هەموو یال و گردەکانی نێوان عەربەت و سلێمانی ئەگرێتەوە، کە کۆتا بەشی گۆیژە و ئەزمەڕن".
مۆریاسی لەبارەی ناوی پرۆژەکەوە دەڵێت "هێشتا ناوەکەی ساغنەبووەتەوە و، دوو ناوی بۆ دیاریکراوە، یەکێكیان پارکی نەتەوەیی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدە، دووهەمیان پارکی نەتەوەییی سلێمانی".
دەشڵێت "ئەم پارکە نەتەوەییە پێکدێت لە سەوزکردن و رواندنی سێ ملیۆن دار لەو ناوچەیە و 15 جارلە پارکی هەواری شار گەورەتر دەبێت و چوار دەوری ئەگیرێت. هەروەها لەپشتی دۆڵەمیران گەورەترین بەنداوی ئاو دروستدەکرێت بۆ گلدانەوەی بەفر و باران و بەکارهێنانەوەی لە سەوزکردنی گۆیژە".
"بیرۆکە و پرۆپۆزوڵی پڕۆژەکە لەلایەن ئارام قانعەوە پێشکەشی قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی کراوە و بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی شاری سلێمانی پشتگیری دەکرێت و لە ئێستادا شارەوانی سلـێمانی سەرقاڵی ئامادەکردنی زەوین بۆ بەرهەمهێنانی درەخت و رواندنی دار و سەوزکردنی ئەو ناوچەیە و کردنی بە پارکی نەتەوەیی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد" خاوەنی کۆمپانیاکە وای وت.
ناوبراو سەبارەی بە بڕی تێچوی پرۆژەکە ئاماژە بەوە دەکات، کە هێشتا دەرخستەی بۆ نەکراوە و زیاتر لە 6 ساڵ بۆ ئەم پرۆژەیە دیاریکراوە.
|