یەکێتیی دڵنیایی و چاونەترسی لەسەر ئەم پرسە راگەیاند
نها نیوز - هەواڵەکان
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، مام جەلال زۆرجار وتویەتی یەکێتی کەلە فڕۆکە و بۆمب و مووشەک ناترسێت لە رەخنەی رۆژنامەنوسیش ناترسێت، دەشڵێت "بافڵ تاڵەبانیش لە هەولێر ئاماژەی بەوە داوە کە یەکێتی وەک چیای سەفین لە پشتی میدیاکاران و کادرانی خۆی رادەوستێت".
قوباد تاڵەبانی، جێگیری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پێگەی فەرمی خۆی نوسراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە "سەرۆک مام جەلال زۆر جار دەیوت یەکێتی کە لە فڕۆکە و بۆمب و موشەک ناترسێت، لە رەخنەی رۆژنامەنووس و تەنانەت چەواشەکاری بە پلانی میدیای لایەنی رکابەریش ناترسێت".
نوسیویشیەتی "لە کۆبوونەوەم لەگەڵ هەڤاڵانی میدیاکار و کارمەندانی دەزگاکانی راگەیاندن لە پارێزگای هەولێر ئاماژەم بەوەدا راستە لە هەولێر و هەندێک ناوچەی دیکە کاری رۆژنامەوانی ئەرکێکی قورسە، بەڵام هەڤاڵانی میدیاکاری ئێمە ئازایانە ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن".
لەبارەی سەرۆکی یەکێتیشەوە رایەگیاندووە "سەرۆک بافڵ لە هەولێر ئاماژەی پێدا یەکێتی وەک چیای سەفین لە پشتی میدیاکاران و هەڤاڵ و کادرانی خۆی رادەوستێت. سوپاسیشم کردن کە لە رووماڵکردنی رووداوی چەند رۆژی لەمەوبەری هێرشکردنەسەر هەڤاڵانمان لەکاتی بانگەشەدا زۆر ئازایانە ئەرکی خۆیان جێبەجێ کرد".
قورباد تاڵەبانی جەختیشیکردووەتەوە، کە یەکێتی نەک تەنیا ئازادیی کاری رۆژنامەگەری مسۆگەر کردووە، بەڵکو رێگریش دەکات لەوەی لایەنی دیکە سنووری ئەو ئازادییە بەرتەسک بکاتەوە.
|