ئەمشەو یەکەم گەشتی تورکیا بۆ سلێمانی دەستپێدەکاتەوە
نهانیوز-هەواڵەکان
لێپرسراوی راگەیاندنی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتی سلێمانی رایگەیاند، دوای نزیکەی سێ ساڵ لە راگرتنی، ئەمشەو یەکەم گەشتی تورکیا بۆ سلێمانی دەستپێدەکاتەوە وابڕیارە هەفتانە چەند گەشتێکی هاوشێوە ئەنجام بدرێت.
دانا محەمەد سەعید لێپرسراوی راگەیاندنی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتی سلێمانی رایگەیاند، سەعات 1ی ئەمشەو پاش دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی نێوان تورکیا و سلێمانی، یەکەم فڕۆکە لە تورکیاوە دەگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و لە سەعات 3ی شەو هەمان فرۆکە بە ژمارەیەک سەرنشینەوە دەگەڕێتەوە تورکیا.
وتیشی "ئەم گەشتە بەدەستپێکردنەوەی گەشتەکانی نێوان تورکیا و فڕۆکەخانەی سلێمانی هەژماردەکرێت و وابڕیارە هەفتانە چەند گەشتێکی هاوشێوە ئەنجام بدرێت".
ئەمە لەکاتێکدایە لە 3ی نیسانی ساڵی 2023وە تورکیا قەدەغەی گەشتەکانی بۆ سلێمانی دەستپێکرد و رۆژی 15ی10ی 2025 (دهسهڵاتی فڕۆکهوانی شارستانی تورکیا) گەشتە ئاسمانییەکان و ئاسمانی ووڵاتەکەی بەڕووی گەشتەکان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئاسایی کردەوەو ئەمڕۆش یەکەم گەشت ئەنجامدەدرێت.
|