کوردستان

ئەوکەسەی شەوی رابردوو لە سلێمانی دوو هاوڵاتیی بریندارکرد دەستگیرکرا


نها نیوز - هەواڵەکان
دەزگای ئاسایشی هەرێم رایدەگەیەنێت، تۆمەتباری رووداوی تەقەکردنەکەی شەوی رابردووی شەقامی بازنەی مەلیک مەحمود دەستگیرکرا.

ئەمڕۆ هەینی 20ی ئەیلوول، دەزگای ئاسایشی هەرێم سەبارەت بە رووداوی تەقەکردنەکەی شەوی رابردووی شەقامی مەلیک مەحمود لە سلێمانی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو 19ی ئەیلوول لە شەقامی مەلیک مەحمود لەشاری سلێمانی دەمەقاڵێ و ئاڵۆزی لە نێوان سەرنشینانی (دوو )ئۆتۆمبێل دروست دەبێت، شۆفێری یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان بەچەکی جۆری (دەمانچە) دوو هاوڵاتی بریندار دەکات و بەخێرایی شوێنی ڕووداوەکە بەجێدەهێڵێت و هەڵدێت.

ئەوەش خراوەتە روو، دەستبەجێ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگاى سلێمانی گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە بەهاوکاری هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی لەماوەی کەمتر لە( 5 )کاتژمێر تۆمەتباری تەقەکەر دەستگیرکرا.

بەگوێرەی زانیارییەکان، شەوی رابردوو لە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود شەڕە تەقە لە نێوان دوو کەسدا روویدا، بەهۆیەوە دوو کەس برینداربوون، یەکێکیان فیشەک بەر سەری کەوتبوو ئەویتریان بەر قاچی.

هاوکات هەر بەپێی زانیارییەکان، ئەو کەسەی فیشەک بەر سەری کەوتووە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی لە نەخۆشخانە گیانیلەدەستداوە.
18کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.