کوردستان

کردنەوەی نوسینگەی حەماس لەبەغدا ململانێکانی عێراق دەهێنێتە کوردستان

نها نیوز - هەواڵەکان

دوای ئەوەی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، کە بزووتنەوەی حەماس نوسینگەی خۆی لە ناوجەرگەی بەغدا کردووەتەوە، بەهۆیەوە لە عێراق و هەرێم مشتومڕی ئەمنی دروستبووە و مەترسی تێوەگلانی شەڕی ئیسرائیل و غەززە لە ناوەندی فیدراڵ هەیە. نها نیوز لەسەر مەترسی کردنەوەی ئەو نوسینگەیە جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی پێشوی وەزارەتی پێشمەرگە دەدوێنێت و ناوبراو ئاشکرای دەکات "کردنەوەی نوسینگەی حەماس لە عێراق کاریگەری ناراستەوخۆ و نێگەیتڤی لەسەر ئەمنیەتی کوردستان دەبێت".

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی پێشوی وەزارەتی پێشمەرگە لە لێدوانێکی تایبەتدا بە نها نیوزی راگەیاند "لە راستیدا زانیاری وردم نییە لەبارەیەوە، پێشتر ئەو هەواڵەی بڵاوبووەوە حکومەتی عێراق بە فەرمی رەتیکردەوە کە هیچ نوسینگەیەک لە بەغدا کرابێتەوە، تەنانەت باسیانکرد وتیان؛ سەرکردەکانی حەماس زۆربەیان دێن لە بەغدا نیشتەجێ دەبن، ئەمەش حکومەتی عێراق و ناوەندەکانی دەسەڵاتی عێراق رەتیانکردەوە و کردیانە قاڵبی پڕوپاگەندەوە".

لەبارەی ئەوەی کردنەوەی نوسینگەی بزووتنەوەی حەماس لەرووی ئەمنییەوە مەترسی بۆ هەرێمی کوردستان دروست ناکات؟ بەوتەی ئەو ئەمیندارە ئەو بابەتەیە زیاتر پەیوەستە بە عێراقەوە و، پێشیوایە کە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانیشەوە هەبێت یاخود کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دروستبکات، چونکە "خۆتان دەزانن عێراق بووەتە ناوەندێکی ململانێ، ئەمەش ئەم ناوەندە ململانێیە زیاتر دەکات، وە هەرێمیش بەشێکە لە جەستەی ئەم ململانێیەی عێراق، ئەگەر بە ناراستەوخۆش بێت کاریگەری هەیە".

جەبار یاوەر لە وردبینی وتەکانیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم بابەتەیە زیاتر هەواڵی رۆژنامەگەری بێت و عێراق نەچووەتە ژێربارییەوە، بەڵام وتیشی "ئەگەریش گریمانەکە ئەوە بێت، عێراق بەگشتی و بە هەرێمی کوردستانیشەوە کاریگەری ناراستەوخۆ و هەلومەرجێکی نێگەیتف و زیانی دەبێت، چونکە عێراق چەقی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێرانە".
22کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.