کوردستان

گۆڕانکاری لە رێنوێنیی زەوی دابەشكردن بەسەر فەرمانبەراندا كرا

نها نیوز – هەواڵەکان
بەڕێوەبەری كاروباری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی لەبارەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا رایدەگەیەنێت، گۆڕانكارییەك لە رێنوێنیی زەوی دابەشكردن كراوە و پێش ئەوەی فۆڕمەكان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بنێردرێن، بۆ وەزارەتی شارەوانی دەنێردرێن.

سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری كاروباری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان رایگەیاند "زۆربەی وەزارەت و فەرمانگەكان بابەتی پڕكردنەوەی فۆڕمی زەوییان تەواو كرووە، یان لە تەواوبووندان".

دەشڵێت "بڕگەیەكی رێنوێنیی زەوی دابەشكردن هەموار دەكرێتەوە. بەپێی ئەو رێنوێنییەی دەرچووە، وەزارەتەكان دوای تەواوبوونی پڕكردنەوەی فۆڕمەكان، فۆڕم و لیستەكان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران رەوانە دەكەن، بەڵام ئەو بڕگەیە لە رێنوێنییەكە هەموار دەكرێتەوە، سەرەتا فۆڕمەكان بۆ وەزارەتی شارەوانی رەوانە دەكرێن، پاشان ئێمە وردبینییان دەكەین و بۆ ئەنجوومەنی وەزیران دەیاننێرین، بە مەبەستی تەرخانكرنی زەوی".

سەربەست مەولوود لەبارەی ژمارەی ئەو زەوییانەی تەرخان كراون، وتی "هەر شارەوانییەك و ژمارەیەكی جیای دەبێت لە تەرخانكردنی زەوی بۆ فەرمانبەران، ئەوەش دەوەستێتە سەر هەبوونی زەوی و فراوانكردنی سنووری شارەوانییەكان، بەڵام رووبەرێكی فراوانی زەوی بۆ پڕۆسەكە تەرخان دەكرێت".

لەبارەی فەرمانبەرە خانەنشینەکانەوە، بەڕێوەبەری كاروباری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی باسی لەوە کرد "لەگەڵ بەرپرسانی فەرمانگەی خانەنشینی کێشەی پێدانی فۆڕمی زەویمان بەو فەرمانبەرانە چارەسەر کرد، کە تازە خانەنشین بوون، هەر فەرمانبەرێک، کە خانەنشین کرا، ئەوا پەیوەندیی بە خانەنشینەوە هەیە، ئەگەر ناسنامەی خانەنشینیشی نەبوو، ئەوا فۆڕمی زەویی پێدەدرێت و مافی وەرگرتنی زەویی هەیە".

ڕۆژی 27ی 3ی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی کە سوودمەند نەبوون و، لە رۆژی 31ی 5ی 2024، وەزارەتی شارەوانی رێنوێنیی ژمارە 2ی ساڵی 2024ی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە رۆژنامەی وەقایعی فەرمیی كوردستان بڵاوكردەوە.
 
2024-09-18
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.