کوردستان

بەهۆی سەرقاڵیی مەسرور بارزانییەوە؛ کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران ناکرێت

نها نیوز – هەواڵەکان
وتەبێژى حکومەتى کاربەڕێکەری هەرێم رایدەگەیەنێت، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران ئەنجامنادرێت و سەرچاوەیەکیش لە ئەنجوومەنەکە، هۆکارەکەی دەگەڕێننەوە بۆ نەبوونى هیچ تەوەرێکى گرنگ و سەرقاڵیى مەسرور بارزانى.

پێشەوا هەورامانى، وتەبێژى حکومەتى کاربەڕێکەری هەرێمى کوردستان لە لێدوانێکیدا بە میدیای یەکێتیی راگەیاند "ئەمڕۆ کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیران ناکرێت"، بەبێ ئەوەی زانیاریی زیاتر بخاتە روو.

لەمبارەیەوە، دوو سەرچاوە لە ئەنجوومەنى وەزیران رایانگەیاند، هۆکاری ئەنجامنەدانی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونى هیچ تەوەرێکى گرنگ و هاوکات سەرقاڵیى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتی کاربەڕێکەر، کە پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ بەردى بناغەى نەخۆشخانەیەکى شێرپەنجەى لە هەولێر دانا.

بەگوێرەى زانیارییەکان، لە رۆژى دووشەممەى رابردووەوە، سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان سەرجەم وەزیرەکانى ئاگادارکردووەتەوە، کە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیران بۆ ئەم هەفتەیە ناکرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەگوێرەى پەیڕەوى ناوخۆ، ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان هەفتانە لە رۆژى چوارشەممە کۆبوونەوەى ئاسایى خۆى دەکات.
 
2024-09-18
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.