کوردستان

دەزگا ئەمنییەکانی پارتی لە بادینان رێگری لە تیمێکی راگەیاندنی یەکێتیی دەکەن

نها نیوز – هەواڵەکان

لەگەڵ نزیکبوونەوەی بانگەشەی هەڵبژاردن، لە سنوری بادینان دەزگا ئەمنییەکانی حزبی پارتیی دیموکراتی کوردستان، رێگرییان لە تیمێکی راگەیاندنی یەکێتی و کاندیدێک کردووە.

لەتیف نێروەیی، ئەندامی لیژنەی باڵای بانگەشەی هەڵبژاردنی پارێزگای دهۆک لە قەزای ئامێدی، بەتوندی ئیدانەی رێگرییکردن لە تیمی راگەیاندنی یەکێتی دەکات و دەڵێت "بەداخەوە پێش بانگەشەی هەڵبژاردن هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە ئەوەی لەبەرامبەر تیمی راگەیاندنی یەکێتی کردوویانە و نەیانهێشتووە سەردانی گوندە زیانلێکەوتووەکانی دەڤەری بەرواری باڵا بکەن لە سنوری قەزای ئامێدی و لێدوان لە جوتیار و هاوڵاتییانی گوندەکان وەربگرن، پێشێلکارییەکی گەورەیە، بەتایبەت کە سەردانەکە لەسەر داوای هاوڵاتییانی  ناوچەکە بوو".

نێروەیی ئاماژە بەوەش دەکات "هەروەک رێگرییانکردووە لە کاندیدێکی یەکێتی و نەیانهێشتووە سەردانی گوندەکانی دەوروبەری ئامێدی بکات بەبیانووی دۆخی ئەمنی.

بەوتەی ئەندامەکەی لیژنەی باڵای بانگەشەی هەڵبژاردن لە دهۆک "لەپێناو سنوردانان بۆ ئەم پێشێلکارییانە داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین رێگا نەدەن ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە ناسەردەمیانە دووبارە بکرێتەوە، کە زیان بەناوبانگی هەرێم دەگەیەنێت و هەڕەشەش لەسەر پرۆسەی بانگەشە و هەڵبژاردنێکی دیموکراتی دروست دەکات و لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی ئەو سەرپێچیانە هەموو رێکاری یاسایی دەگرینەبەر".

 
2024-09-16
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.