کوردستان

نێچیرڤان بارزانی: پێموانییه‌ له‌ ئێستادا مووچه‌ كێشه‌ بێت

نها نیوز – هەواڵەکان
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، له‌دوای كۆبوونه‌وه‌ی نێوان شاندی هه‌رێم و به‌غدا له‌ هه‌ولێر، بڕیاردراوه‌ ناردنی مووچه‌ به‌رده‌وام بێت. ده‌شڵێت " پێموانییه‌ له‌ ئێستادا مووچه‌ كێشه‌ بێت".

ئەمڕۆ یەكشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنووسان ڕایگەیاند "كاری باشكراوە لە زاخۆ و هیوادارین كاری زیاتر بكرێت بۆ خەڵكی كوردستان ماندوون و شایەنی كاری زیاتر و باشترین".

ئاماژەی بەوەشكرد "هێشتا كات ماوە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و دەبێت بانگەشە بەجۆرێك بكرێت كە كەس كەس نەشكێنێت، چونكە هەموومان لە یەك بەلەمداین، لەگەڵ یەكتر شكاندن و یەكترسڕینەوەدانین و نابێت بگاتە ئەو قۆناغە".

نێچیرڤان بارزانی لەبارەی کێشەکانی هەرێم و بەغدا وتی "حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە هەوڵدان بۆ چارەسكردنی كێشەكان لەگەڵ بەغدا و دەمانەوێت هەمو كێشەكان لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا چارەسەر بكرێن. حكومەتی هەرێم ئامادەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەڵام كێشەكە حكومەتی هەرێم نییە و لە بەغدایە و دەبێت لەوێ چارەسەر بكرێت".

لەبارەی مووچەوە، سەرۆکی هەرێم باس لەوە دەکات "دوای هاتنی شاندەكەی بەغدا بۆ هەرێم، لە ئێستادا ئەوەی ڕوونە ئەوەیە مووچە دەدرێت، ئێمە داوای لێبوردن دەكەن كە كەم و زۆر دابەشكردنی دوا دەكەوێت، بەڵام من لەو باوەڕەدا نیم بابەتی مووچە كێشە بێت".
 
2024-09-15
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.