ئاژانسی نها - رێزە حسین
ئەندامێكی دەستەی كارگێری مەكتەب سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێت، سلێمانی تەنها شار نیە كاری تێكدەرانەی تێدا ئەنجام بدرێت، رووداوی تەقەكردن لە بارەگا حزبیەكان لە هەموو شارەكانی دیكەش تۆماركراوە.
لە بەرامبەر تەقەكردن لە بارەگایەكی پارتی لە شاری سلێمانی لە لایەن چەند كەسێكی ونەناسراوەوە، عەتا شیخ حسن وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ چەند دەزگایەكی راگەیاندن شاری سلێمانی بەبێ دەرگاو پەنجەرە وەسفدەكات، راشیگەیاندووە هێزە ئەمنیەكان لە پۆلیسی و ئاسایش و لیژنەی باڵای ئەمنی شارەكە كەمتەرخەمن لە بەرامبەر هەر حاڵەتیكی هاووشێوە كە لە سنوری شارەكە تۆماربكربَت، هەروەك وتەبێژی پۆلیسی سلێمانیش ئاماژە بەوەدەكات كە ئەو بۆچوونە تەنها قسەی تاكە كەسێكەو ناچێتە بواری پێناسەی شارێكی ئارامی وەك سلێمانی، هاوكات ئەندامێكی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش لەوبارەیەوە قسەی خۆی هەیەو دەڵێت" حاڵەتی هاوشێوە لە هەموو شارەكانی هەرێمی كوردستان بوونی هەیەو تەنها لە شاری سلێمانی حاڵەتی ئاوا تۆمار نەكراوە".
حاكم قادر حمە جان ئەندامی كارگێری مەكتەب سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە سلێمانی تایبەت بە ئاژانسی نها نیوز وتی "ئارامی و ئاسایشی شاری سلێمانی دەكەوێتە ئەستۆی لیژنەی ئەمنی شارەكە، لەبەر ئەوە پێویستە لیژنەی ئەمنی ژیانی هاووڵاتیانی شارەكە و هەم سەرجەم بارەگا حزبی و ناحزبی و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بپارێزن و بێدەنگ نەبن لە هەر حاڵەتێكی هاوشێوە كە ببێتە هۆی تێكدانی نارامی بۆ شارەكە، بۆیە ئێمە لەوبارەیەوە بەرامبەر كەمتەرخەمی ئەمنی شارەكە ئەگەر بوونی هەبێت قسەی خۆمان دەبێت، هاوكات ئێمە لە رێی "ئاژانسی هەواڵی نها" وەئاگاداریان دەكەینەوە پێویستە بۆ حاڵەتێكی تەقەكردن و گێرەشێوێن لە بەرامبەر هەر شوێنێك بكرێت، ئەوان هەستن بە ئەركی خۆیان و بەدواداچوونی جدی بكەن تا ئەو ئاستەی كەسی ئەنجامدەر دەستگیردەكرێت و رووبەڕووی سزایی یاسایی دەبێتەوە".
وتیشی "بەڵام هەركات حاڵەتێكی ئاوا لەلایەن تاكە كەسێك یان چەند كەسێكەوە ئەنجام بدرێت، ئەوە مانای ئەوە نیە شارەكە بێ دەرگاو پەنجەرەیە، چونكە شاری سلێمانی، شارێكە ئارام و ئاسایش تێدا بەرقەرارە، هاوكات حاڵەتی تێكدەرانەی تاكەكەسی لە هەموو شارەكانی هەرێم روودەدات، سلێمانی تەنها شار نیە رووداوی ئاوای تێدا تۆماربكرێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە لیژنەی ئەمنی لە پۆلیس و ئاسایش بەدواداچوونی جدی و ورد بكەن بۆ هەر حاڵەتێكی هاوشێوە تا ئەو ئاستەی ئەنجامدەرەكانی دەستگیردەكرێت".
لەلایەكی دیكەوە نەقیب سەركەوت ئەحمەد بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندیەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لەوبارەیەوە تایبەت بە ئاژانسی نها نیوز وتی "بۆ ئەو كێشەی رووبەڕووی بارەگایەكی پارتی دیموكراتی كوردستان بوویەوە، راستەوخۆ پۆلیس و ئاسایش چوونە شوێنی رووداوەكەو ئەركی خۆیان بەجێهینا، هەرچەندە تا ئێستاش ئەو حزبە هیچ سكاڵایەكی لەوبارەیەوە بۆ پۆلیسی سلێمانی بەرز نەكردۆتەوە".
ئەو وتەبێژەی پۆلیسی سلێمانی لەوبارەیەوە روونكردنەوەی زیاتری داو باسی لەوەكرد " وتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە كاتێك بە سلێمانی دەڵێت بێ دەرگاو پەنجەرەیە،ئەوە بۆچوونی تەنها خۆیەتی".
جەختیشیكردەوە "لای هەموو تاكێكی خەڵكی هەرێمی كوردستان روونە شاری سلێمانی لەرووی ئەمن و ئاسایشەوە چەندە ئارام و پارێزراەوە، هەروەك هێزەكانی ئێمە 24 كاتژمێر لە كاروچالاكی خۆیان بەردەوامن لە سنوری شارەكە بە قەزاوناحیەكانیەوە، ئەوەش لای هەموو كە سێك ئاشكرایە رووداوی هاوشێوە تەنها رووبەڕووی بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستانی نەبۆتەوە، تەقە لە بارەگای یەكێتی نیشتمانی كوردستان و لە حزبەكانی كەش بەهەمان شێوە كراوە لەلایەن خەڵكی تێكدەرەوە، بۆیە ناكرێت بۆ تەقە كردن لە بارەگایەكی حزبی، شارێكی پڕ لە ئارامی بە بێ دەرگاو پەنجەرە وەسف بكەیت و ناوزڕاویبكەیت".
نەقیب سەركەوت ئاماژەی بەوەشكرد "ئەگەر ئەم شارە ئارم نەبێت چۆن بارەگاكانیان پارێزراوە، یان خەڵك تا بەری بەیان لەسەر شەقام و دەرەوەیە بەبێ مەترسی و بە ئازادی، ئەبێت ئەو برادەرەی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەی لا روونبێت سلێمانی شارێكی فراوانە خەڵكێكی زۆری تێدا كۆبووەتەوە، بێگومان رووداویش تۆمار دەكرێت و رەنگبێت تەقەش لە بارەگایەكی حزبێك بكرێت كە ئەوانەش دوای لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەكان رووندەبێتەوە ئەنجامدەری ئەو كارە كێیەو بۆچ مەبەستێكیش كراوە".