دیدار

وردو درشتی توشبووانی ئۆتیزم لەم چاوپێکەوتنەی نها نیوز بزانە

نها نیوز – راپۆرت

د. سەید عەلی سەمەدی، پسپۆڕی گشتی گرفتەکانی گەشەو ژیری و ئۆتیزم لە 2007ەوە کار لەسەر کەسانی خاوەن ئۆتیزم دەکات و لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ نها نیوز رایگەیاند، ئۆتیزم، گرفتێکی دەماری گەشەییە و نزیکەی 80 ساڵە ھاتووەتە ناو کتێبەکان، هەروەها ئۆتیزم نەخۆشی نییە تاوەکو لە نەخۆشخانەکان دەرمان و ماددەی کیمیاییان بۆ بەکاربهێنرێت، وە سمارتفۆنەکان ھۆکاری توشبوونن بەئۆتیزم نیین، بەڵکو ئۆتیزم دیاریدەکەن. بەوتەی ئەو پزیشکە بێت ئۆتیزمی سوک لەزۆرێک لە خەڵکیدا بوونی هەیە، هەروەک ئەو دەڵێت "پێدەچێت دراوسێی خۆم بێت یان براو خوشک، ئەویش زوو دڵی دەشکێت و کێشەی تێگەشتنی ھەیە و ھەستیارە بەمڵچەمڵچ".

دەقی چاوپێکەوتنی نها نیوز لەگەڵ د. سەید عەلی سەمەدی، پسپۆڕی گشتی گرفتەکانی گەشەو ژیری و ئۆتیزم:

نها نیوز: ئۆتیزم چیە؟


د. سەید عەلی سەمەدی: ئۆتیزم، بەپێی زانیاری ئێستای ئێمە گرفتێکی دەماری گەشەییە و پێیدەڵێین (جیاوازی نۆرۆ دیڤلۆپمێنتاڵ). پانزدە ساڵە کار لەسەر ئەوە دەکەم، هەروەها دوو کەسی خاوەن ئۆتیزم وەکو یەک نین و جیاوازن، بەڵام بۆچی بەھەموویان دەوترێت ئۆتیزم! ئەمەش لەدوو خاڵدایە جیاوازن  یەکەم داخوازی ھەڵسوکەوت و کۆمەڵایەتی تایبەتیان ھەیە، واتە دوورە پەرێزن و حەز ناکەن تێکەڵ ببن و تایبەتن لەکاتی قسەکردنیش دەنگیان تایبەتە، پەیوەندی چاو کەمتر بەکاردێنن. لەکاتی قسەکردندا سەیری دەوروبەریان دەکەن. وە لەبواری رەفتاریش جیاوازن و دووبارەکردنەوەی رەفتاریان هەیە و حەز بەگۆڕینی رۆتینەکانیان ناکەن و نەگۆڕانی ژینگەیان پێخۆشە. گۆڕانی ژیان تێکیان دەدات واتە جیاوازی ھەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی و رەفتارییان ھەیە. لەکاتی دەستنیشانکردن بەو دوو خاڵە دەوترێت (کەموکوڕی دوو دانەی)ی. دیاریکردنی ئەوەی ئایا ئەم کەسەی ئۆتیزمی هەیە وشک و نەگۆڕە! یان کۆمەڵگا و ژینگەکەیان، یاخود هەردووکیان زۆر گرنگە.

نها نیوز: توێژینەوەکان بەو جۆرە ئۆتیزمان دەستنیشانکردووە، راستە؟

د. سەید عەلی سەمەدی: بەڵێ، ئەو سەرچاوانەی کە ناسراون لە جیھاندا (ئای.سی.دی) ژمارە 11 لەگەڵ (دی.ئێس.ئێم) ژمارە پێنج بەو جۆرەیە ئۆتیزم ناسراوە ساڵ بەساڵ دەگۆڕدرێت، پێش ساڵی 2013 دەیانوت پێنج جۆر کێشەیان ھەیە، یەکەم کەس بەنەخۆشی ئۆتیزم دەستنیشانکرا (دۆناڵد گرێ تریپلێت)ی هەشتاو چەند ساڵه بوو تا ساڵی رابردوو دەژیا، ئۆتیزم 80 ساڵە ھاتووەتە ناو کتێبەکان، بەڵام تازە دەیناسین.

نها نیوز: ئاماژەت بەوەکرد نەڵێین ئۆتیزم نەخۆشییە، گەر نەخۆشی نەبێت ئایا دەروونیە، زۆربەی پزیشکانی دەروونی دەڵێین؛ ئەم حاڵەتە نەخۆشیەکی دەروونیە، پێویستە ئۆتیزم بەچی ناوبھێنرێت؟

د. سەید عەلی سەمەدی: پەنجەتان لەسەر گرنگترین خاڵ دانا، پێتان بڵێم بۆچی گرنگە، گەر سەرەتا لەخۆمانەوە سەیر بکەین، کاتێک بەکەسێک دەڵێین نەخۆشە کە بەدوای چارەسەردا بگەڕێین وەکو نەخۆشییە باوەکان. من ئەو گرفتە گەورەم لەکوردستاندا ھەیە تائێستا پێناسەیان دیارینەکردووە، گروپێک لەوان کە پزیشکن دەڵێین؛ ئۆتیزم نەخۆشییە، دەچن بۆ نەخۆشخانەکان و دەکەون و دەرمان و مادەی کیمیایی بەکاردێنن، بۆچی پێناسە گرنگە! گەر ئۆتیزم گرفتێکی ھزری و فێربوونە دێیت قوتابخانەیان بۆ دادەنێیت و فێری رەنگ و گەورە و بچوک و چوارگۆشە و بازنە و سێگۆشەیان دەکەیت، بەڵام گەر وتت؛ نەخۆشییە دێیت نەخۆشخانەیان بۆ دروستدەکەیت. کاتێک دەڵێی جیاوازییە هەست دەکەیت کە دەبێت باشتریان بناسی هەوڵ بۆ ناسینی زۆرتر دەدەیت. لە کوردستان ھەست بەوە ناکەن پێناسە گرنگە، بۆیە پاڵپشتییەکان زۆر بەربڵاون، پەیوەندیان لەگەڵ یەک نییە. نابێت بزانین گرفتەکە سەرەتا چیە ھەتاوەکو بەدوای چارەسەردا بگەڕێین؟ 

نها نیوز: چۆن زیاتر ئۆتیزم بناسینەوە؟

د. سەید عەلی سەمەدی: نمونەیەک دێنینەوە، کەسێک بەسەر میندا رۆشتووە قاچی لەدەستداوە ئەو کەسە نەخۆشە یان نا! گەر نەخۆش بێت ئایا چاکدەبێتەوە و قاچی دروست دەبێتەوە؟ نەخێر، کۆمەڵێیک گرفتمان ھەیە پێی دەڵێین (دیڤلۆپمێنتاڵ دیزەیبڵیتیز یان دیڤلۆپمێنتاڵ دیزۆردەز) ئەو گرفتانە گرفتی گەشە و پێگەیشتنە تا مرۆڤ زیندووە لەگەڵیەتی، سەرەتا نەماندەزانی چۆن چاودێری بکەین مادام تا مردنە پێیدەوترێت گروپێکی جیاواز کە وتیشمان جیاواز دەبێت ھەوڵ بدەین تێبگەین، گەورەترین ھەڵە لە کوردستاندا ئەوەیە ئەو کەسەی بەرپرسی ئۆتیزمە دەڵێیت؛ منیان بەزۆر لەو پۆستە داناوە کارکردنم لەگەڵ منداڵ پێ خۆش نییە، وتم؛ ئەی خودا ئەم پسپۆڕە وا دەزانێت ئۆتیزم گرفتی منداڵانە، من کەیسی پەنجا ساڵە و شەست ساڵەم ھەیە، ئۆتیزم لە تەمەنی منداڵییەوە دەستنیشان دەکرێت وادەزانن گرفتێکی منداڵانەیە، ئۆتیزم جیاوازی ھەڵسوکەوت و رەفتارە لەو کەسانەدا دەستنیشانکردووە تا مردنی دەبێت لەگەڵیان بین. بەگۆڕینی روانگە دەتوانین ئۆتیزم باشتر بناسین.

نها نیوز: چۆن زیاتر ئۆتیزم بناسینەوە؟

د. سەید عەلی سەمەدی: بابەتێکە زۆر ھەڵدەگرێت، حاڵەتێکی جیاوازە ئەو کەسانە وەکو تەواوی کەسانیتر ئەگەر پاڵپشتی بکرێن بەڵێ دەروونیە، گەر پێچەوانە بێ ئەوان زیاتر توشی ریسک و گرفتی دەروونی دەبنەوە و جیاوازن، گەر پێداویستییەکانیان بۆ دابین نەکەین لەکاتێکدا بەشێک لەوان زۆر بەھۆشن و زیرەکن. ئۆتیزم لەو کتێبانەدا ھەیە کە باسی گرفتەکانی دەرونی دەکات یان زانایانی ئۆتیزم دەڵێین لە دەروونناسی بھێننە دەرەوە لە بایەلۆجی بیناسن، هەربۆیە جیاوازن و نەخۆش نیین واتە بایەلۆجیشە، چونکە کێشەی دەماریان ھەیە، کاتێک بەو کەسانە دەڵێین؛ ئۆتیزمیان ھەیە پشتەوەی مێشکیان زیاتر کاردەکات بەپێچەوانەی کەسی ئاسایی، کارەکانیشیان تایبەتە بەخۆیان. گفتوگۆکردن لەسەر کاریگەرییە ئابوورییەکانی نەبوونی پاڵپشتی و پشتگوێخستنی خزمەتگوزاری لەلایەن رێکخراوەکانی کۆمەڵگا و شکستهێنان لە دابینکردنی پێداویستییەکانی ئەو کەسانەی ئۆتیزمیان هەیە لەناو کۆمەڵگا و دیاریکردنی ئەوەی کە ئەوانەی بەهۆی ئەم کەمبوونەوەیەوە زیانیان بەرکەوتووە کەسانی ئۆتیزمن (نەک باجدەران و رێکخراوەکان). دەبێت خۆمان بەدوور بگرین لەوەی کە بوترێت ئۆتیزم خۆی فاکتەرێکی زیانبەخشە و لەکۆتاییدا دەبێتەهۆی ئەنجامی خراپ و بێ مانا.

نها نیوز: ئۆتیزم رێژەییە، لە رێژەی چەندەوە دەستپێدەکات؟

د. سەید عەلی سەمەدی: پێش 2013 دەمانوت ئۆتیزم پێنج جۆری هەیە و گرفتەکانی گەشەی پێگەشتووە وەکو (پی.دی.دی)ی نەناسراو لەگەڵ چەند جۆرێکیتر وەک رێت، ئاسپێرگر و... هتد، لە 2013ەوە ھاتن وتیان ئەم ھەموو نێوانە چیە! بەپێی رێژە ھەموان ئۆتیزمیان ھەیە وەکو گرفتەکانی شەبەنگی ئۆتیزم ئەم رێژە بەشێکی قورسە و قسە ناکەن پێداویستییەکانیان زۆر زۆرە، بەشێکی دیکەیان سوکە و پێدەچێت دراوسێی خۆم بێت یان براو خوشک یان ھاوکاری من بێت، ئەویش زوو دڵی دەشکێت و کێشەی تێگەشتنی ھەیە، یاخود بەنمونە رێژەی 10 زۆر بە زەحمەت دەناسرێتەوە وەکو خۆگونجاندن لەگەڵ دەوروبەر یان ھەستیارن بەمڵچە مڵچ، یانیش ئەو کەسانەی کاتژمێر چواری بەیانی بەتوندی دەرگا دادەخات وادەزانێ کە خۆی ھەستاوە دونیا ھەستاوە. ئیستا لە ئەمەریکا لە 44  کەس یەکێک توشبووی ئۆتیزمە.

نها نیوز: تاچەند ئۆتیزم جیناتە یان ژینگەییە یاخود تەکنەلۆجیا و ئینتەرنێتە لەگەڵ مۆبایلی زیرەک، بەگشتی ھۆکاری توشبوون بەئۆتیزم چیە؟

د. سەید عەلی سەمەدی: ئەوانەی توانایان زۆرترە و کێشەیان کەمترە حاڵەتی جینات تیایاندا زۆرترە، یان کەسێک کە پلەیەکی زۆر بەرزی ھەیە لە بەڕێوەبەرایەتیەکدا کە تاکە کەسییە، پێویستی بەهەڵسوکەوت لەگەڵ کەسانیتر نییە زۆر جوان پێوەی دیارە کە حاڵەتی ئۆتیزمی ھەیە لەسەرەتای قسەکردنیەوە تا کۆتایی سەیری ناوچاوت ناکات و زیاتر ھەڵسوکەوتی تایبەتە ئەوانەش پێیان دەڵێین (ھایفاکشن یان ئۆتیزم بەلێهاتویی بەرز)، بەڵام ئەوانەی زۆر زۆر شەدیدن بزوێنەری ژینگەیان لەسەرە، بزوێنەرەکانیش وەکو ئاوی ئارسنیکدار یان جیوە یان جەنگی بۆمباران. لەھەموو ئۆتیزمێکدا سەرچاوە و بنەمایەک ھەیە ئەویش جیناتە واتە لەکاتی جەنگدا ھەندێک توش دەبن ھەندێک توش نابن، ھۆکاری جەنگە دەریدەخات ئەم کەسە دەوروژێت و دەردەکەوێت ئۆتیزمی ھەیە کە پێیدەڵێن بزوێنەرێکی سروشتی یان ژینگەییان دەوێت بۆ ئەوەی دەربکەوێ ئۆتیزمی هەیە ئەویش پێی دەڵێین (تریگەر). منداڵ بەھیچ جۆرێک لە تەمەنی 18 مانگی نابێت تەماشای سمارتفۆن(مۆبایلەکان) یان تەلەفزیۆن بکات، چونکە ئەو شاشانە بزوێنەری زۆر ھەیە و کاردەکاتە سەر مێشکی تەمەن خوار 18 مانگی، چونکە ناتوانێت ھەموو ئەو وێنە و دەنگ و رەنگانە وەربگرێت و لێیان حاڵی ببێت، لەبەرئەوەی نازانێت سەیری کامیان بکات ھەندێکجار منداڵەکە لەتاوا دەگری، هەربۆیە لە تەمەنی دوو ساڵی دەتوانێت بۆ ماوەی نیو کاتژمێر یان کاتژمێرێک سەیری کارتۆن لەسەر شاشەکان بکات. لە کوردستان ئەو گرفتە ھەیە دەڵێن؛ سمارتفۆنەکان ھۆکاری توشبوونن بەئۆتیزم، نەخێر! بەڵکو ئەوانەی بنەمای ئۆتیزمیان ھەیە بەمانە دەردەکەون، ئەمە مانای ئەوەنیە بڵێم مۆبایل بدەنە دەست منداڵ.

نها نیوز: چ ھۆکارێکی دیکە دەریدەخات ئەو منداڵە ئۆتیزمە؟

د. سەید عەلی سەمەدی: بەپێی کلتور خاڵەکانی ئۆتیزم جیاوازە، توێژینەوەکانیشمان وەرگێراوەتەسەر کوردی، بەڵام بۆ کوردستان گونجاو نەبووە، چونکە ئەو شتەی دایک و باوکی ئەورپا بێزار دەکات جیاوازە لە کوردستان و ئێران لەگەڵ تورکیا، ھەربۆیە دەبێت پێوەری خۆمان ھەبێت بۆ لە بێژنگدان، بەوهۆیەوە سکیڵ(کارامەی)ی ھیوامان بەکارھێنا لە کوردستان کە خۆی لە 10 خاڵ دەبینێتەوە بۆ ماوەی دوو ساڵ کە تیایدا دایک بەچ شتێکی منداڵەکەی ھەستیار دەبێ؟ بە بێدەنگیەکەی یان دەنگ دەرنەکات یاخود لاسایکردنەوەی نەبێت، ماوەی دوو ساڵ لە کوردستان بەکارمھێنا تاڕادەیەک دەگونجا، بەڵام دواتر سکیڵێکی تازەترم بەکارھێنا بۆ لە بێژنگدانی ئەو منداڵانە کە پێدەچێت بۆ عەرەبەکان نەگونجێت، چونکە بەخێوکردنی منداڵیان جیاوازە.

نها نیوز: نیشانەکان و رەفتارەکانی کەسانی خاوەن ئۆتیزم چۆنە و بەچی ھەستیارن، چونکە زۆرێك لە خەڵکی ئاسایی لە توندوتیژی منداڵی ئۆتیزم دەترسن منداڵەکانیان لێ دوردەخەنەوە، ئایا منداڵی ئۆتیزم توندوتیژن؟

د. سەید عەلی سەمەدی: بەداخەوە بەگشتی توندوتیژیان تێدایە و رەفتاری کۆنترۆڵ نەکراویان هەیە، بۆنمونە رەفتاری خۆ ئازاردان یان هەڵسوکەوتی دوژمنکارانە. بەڵام ھۆکاری ھەیە ھەموویان جۆرێک لە توندوتیژیان ھەیە، چونکە کەس لێیان تێناگا لەبەرئەوەی گرفتی دروستکردنی پەیوەندی کۆمەڵگەیان ھەیە یان گرفتی ھەستییان ھەیە. کاتێک ئەوان دەیانەوێت باوەش بەمنداڵێکدا بکەن، بەڵام ھەستی بەجۆرێک لێکیدەداتەوە وەکو پاڵنان بێت یان ئازاری توندی بدات یاخود چۆن کەسەکە ئاوڕبداتەوە بۆی وەکو قژڕاکێشان دەریدەبڕێت، لەو دۆخەدا چارەسەری ھەستییان بۆ دەکەین ئەویش پێیان نیشان دەدەین نەک قسەکردن یاخود وشە وشە بەمەش ھەستیاریان دێتە خوارەوە، هەروەها زمانێکی تایبەتیان بۆ خۆیان دروستکردووە تەنیا دایک و باوکیان لێیان تێدەگەن، هەربۆیە دەبێت خەڵک فێر بکەین کەسانی خاوەن   ئۆتیزم بەو جۆرەن، زانیاری کەسی زۆر گرنگە. خەڵک وادەزانن ئۆتیزم گواستراوەیە منداڵەکانیان دووردەخەنەوە لێیان.

نها نیوز: ئەم پرسیارە دووبارە بکەینەوە، دیاریترین نیشانەکان و رەفتارکانی توشبووانی ئۆتیزم کە مرۆڤی ئاسایی بیناسێتەوە چیە؟ 

د. سەید عەلی سەمەدی: وەکو پێویست سەیری چاوت ناکات و لەکاتی یاریکردن لاسایکردنەوەیان نیە، وە زۆرجار دڵەڕاوکێیان ھەیەو بێ ھۆ ترس و تۆقانیان ھەیە وە دەنگی (یییییی) زۆر دەبزوێنن وە خەڵکییان لەدەوروبەر بێت ھیچ کاردانەوەیەکیان نییە یان ناوی بھێنیت تا چەندجار ئینجا وەڵام دەداتەوە، چونکە کاردانەوەی بەناوی خۆی نییە، یاخود ھەستیارن بە بۆن ھەموو دەچێتەوە سەر خاڵەكانی سەرەتا کە باسمانکرد ئەویش جیاوازی کۆمەڵایەتی و رەفتار و ھەستکردنە. خاڵێکیتر رۆشتن لەسەر نوکی پەنجە، ئەم منداڵانە نە نابیستن نە لاڵن بەڵام کە بانگ دەکرێت ھیچ جۆرێکیانی نییە پێیاندەوترێت (لاڵی ھەڵبژاردە) تەنھا بەو شتانە لادەکەنەوە کە پێی ھەستیارن.

نها نیوز: دایک و باوک بەچیدا بزانێت لە کۆرپەییەوە منداڵەکەی ئۆتیزمە، تاچەند راستە لەدوای تەمەنی شەش ساڵی چارەسەر نەکرێن چارەسەریان زەحمەتە؟

د. سەید عەلی سەمەدی: بەداخەوە لە ھەفتە تا شەش مانگ زۆر ئەستەمە بناسرێنەوە، چونکە رەفتاریان زۆر لە منداڵی ئاسای دەکات جیاکردنەوەی گرانە. بەپێی سکیڵەکانمان لە تەمەنی 24 مانگیەوە دەناسرێنەوە، چونکە لە بێژنگدانی باشمان نییە لەوبارەیەوە بۆ ناسینەوەیان بەڕەفتارەکان دەناسرێنەوە و زیاتر لە جۆرێکی تێدابێت وەکو دووبارەکردنەوەی ھەڵسوکەوتێک، لە دوو ساڵی یان 18 مانگی دەردەکەوێت ئەویش دەبێت دایک و باوک فێر بکرێن. سەبارەت بەتەمەنی شەش ساڵیش تەمەنی زێڕینیان پێنج ساڵە، ھەر گرفتێکیان ھەبێت بەڕاھێنان سود وەردەگرێت، چونکە لەو تەمەنەدا زووتر شت وەردەگرن، بەڵام چارەسەری دوای شەش ساڵی زۆر گرنگە نابێت ئیھمال بکرێت ئەویش نابێت پسپۆڕەکە بیکات، بەڵکو دەبێت دایکەکە لەژێر چاوەدێری پسپۆربیکات چونکە ئەوان شارەزاترن. هەربۆیە چارەسەرەکان زۆرن تەنانەت بۆ تەمەنی 20 ساڵیش بەڵام زەحمەتی زۆر دەبێت. پێویستە پسپۆڕەکان سەردانی ماڵی دایک و باوک بکەن تا بزانرێت پێویستییەکانی ماڵیان چۆنە و کاریگەری لەسەر ئەو منداڵە دەبێت، گرنگە سەیری گڵۆپ و پەردە و ژووری منداڵەکە ئایا ھەوا کێشی ھەیە وە چۆن بیشوات و لفەکەکەی چۆن بێت، بەوهۆیەوە دەبێت ژینگەی منداڵەکە بزانرێت تا بەوجۆرە راھێنان بەدایک و باوک بدرێت.

نها نیوز: ھۆشداریتان چیە بۆ ئەو دایک و باوکانەی منداڵەکانیان دەبەن بۆ لای ھەموو جۆرێک لە پسپۆڕی منداڵان؟ پێویستە منداڵ ببردرێت بۆ لای کێ، ئایا دەبێت سەد لەسەد پشت بەپزیشکی دەروونی ببەسترێت؟

د. سەید عەلی سەمەدی: دایک و باوک دەبێت منداڵەکەی بیباتە لای پسپۆڕێک کە زانیاری ھەیە، دەبێت یەک پزیشک بێت لەتەمەنی بچوکییەوە لەگەڵ ئەم خێزانە بێت کە بەداخەوە لە کوردستان نیمانە ئەوانەشی ھەیە زانیاریان نەدراوەتێ یاخود کەمە، یاخود دەچنە لای دکتۆری دەروونی کە ھیچ پسپۆڕی لە ئۆتیزم نییە و زانیاری وەرنەگرتووە، بەڵکو لەڕێ لادەدرێن. وە ھیچ چارەسەرێکی کیمیایمان نییە بۆ ئۆتیزم بریا ھەمنبا، دایک و باوک دەبێت بچنە لای چ پزیشکی دەروونی بێت یان منداڵان تەنیا زانیاری ئۆتیزمی ھەبێت، وە پزیشکەکان کە سەردانم کردوون دانیان بەوەداناوە کە زانیاریان کەمە و کۆمەڵگەش بەھەمانشێوە، ئەگەر ئەو پزیشکە زانیاریی نییە دەبێت بنێردرێت بۆ لای کەسێکی شارەزا، یاخود منداڵیان بردووە بۆ دەرەوەی وڵات پزیشکەکە چەند خولەک منداڵەکەی دیوە پێیوتون ئۆتیزمی نییە! تەنیا بەچاو چەند پرسیارێکی کردووە و دواتریش بەخۆشحاڵییەوە ھاتووەتەوە.

نها نیوز: چارەسەری جنسییان چۆن بۆ دەکەن، ئایا ئەمە زوڵم نابێت ئەندامی جێندەریان دەربھێنرێت؟

د. سەید عەلی سەمەدی: کاتێك ئەندامی جێندەریان دەردەھێنرێت دەیانەوێت ئەو حاڵەتە پاکبکەنەوە نەک چارەسەری بکەن، یان توانای جنسیان لەبن دەبەن (خەساندن یان خەفێنراو) ئەوانیش مافی خۆیانە، لە ھەموو روویەکەوە ئەوە پێشێلی مافی ئەو ئۆتیزمە دەکەن، چارەسەر چیە! بەبەرنامەی (ئەی.بی.ئەی) کە شیکاری رەفتاریە یان لەبواری چوارچێوەدانی سروشتییە پێی دەڵێین (تیچ TEACH) یاخود ئەوانەی لەبواری ھەڵسوکەوتدا ھەمووی شێوازی تایبەتی ھەیە بۆ فێربوونی جنسی، ھیچ بەرنامەیەکمان نییە فێریان بکات توانای جنسییان نەبێت ھەموو شتێک بەڕاھێنان دەکرێت، نابێت دایک و باوک ئەو چوارچێوەیان بۆ داناوە لەوە دەربچن یاخود دەرگای لێبکەنەوە. حاڵەتێکی داونمان ھەبوو ئۆتیزم بوو دەچوو دەرگای دادەخست سەرینیشی لە پشتی دەرگاکە دادەنا بوکەڵەی ھەبوو دەیگرتە باوەش دایک و باوکی دەرگایان دەشکاند نەیاندەھێشت یان بوکەڵەکەیان لێدەشاردەوە، لەبەرامبەردا منداڵەکە پیسایەکەی کردبوو بەھەموو ماڵەکەدا، بەدایک و باوکیانم وت؛ بۆ واز لەو چوارچێوەی ناھێنن زۆر ژیرانەش بیریان کردووەتەوە، ھیوادارم لە کوردستانیش ئەو ھەنگاوە ببڕین و نەبێت بەعەیبە و بەرنامەمان بۆ ئەو خاڵەش ھەبێت گەر بێت و بەرنامەمان نەبێت، دەبێت بەکارەسات.

نها نیوز: ئەو منداڵانەی داونن کاتێك توشی ئۆتیزم دەبن حاڵەت تیایاندا قورسترە یاخود وەکو ئۆتیزمەکانی دیکەن؟

د. سەید عەلی سەمەدی: ئەوانەی داونیان ھەیە لەگەڵ ئەوانەی دیکە جیاوازیان ھەیە، چونکە دانەیەک کرۆمۆسۆمیان زۆرترە یان جێگای گۆڕاوە یان پەڕینی کڕۆمۆسۆم پێیاندەڵێین (سەندرومی داون)، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا لە ملیۆنێک منداڵ 10 ھەزاریان ئۆتیزمی ھەیە و لەھەر 20 کەسێکی داون یەکێکی ئۆتیزمە، هەربۆیە رێژەکە لەناو ئەواندا زیاترە و بەوانە دەڵێین (دەبڵ دایەگنۆزس) تەشخیسی دودانەیین ھەم ئۆتیزمن ھەم داون، چونکە بەرگریان کەمترە و لەسەد کەس 20 کەسی داون ئۆتیزمە.

نها نیوز: ئۆتیزم زیاتر لەناو کچاندا زۆرترە یاخود لە کوڕاندا؟

د. سەید عەلی سەمەدی: ئۆتیزم لەناو کوڕاندا زۆرترە، لە چوار کوڕدا کچێک ئۆتیزمە، لە تیۆریەکان لەسەر مێشک ھاتووە ئۆتیزم مێشکی پیاوانەیە پیاوانیش زیاتر خۆیان لەبەرچاو دەگرن، بەڵام خانم خەڵک و دەوروبەریش لەبەرچاو دەگرێت پیاو زیاتر بۆ خۆی دەژی، بەنمونە کاتێک پیاوێک سەیری تۆپتۆپێن دەکات وادەزانێت ھەمووان حەزیان پێیەتی ئۆتیزمیشی نییە، بەڵام مێشکی ئۆتیزمی ھەیە چاولێکەری ئۆتیزمی ھەیە، هەربۆیە ژنان مامۆستایەکی باشن، بەڵام پیاوان ئەندازیارێکی باشن زۆرترین شت لەبەرچاو دەگرێت، ئەو رێژەش لە ژندا ھەبێت پیاوانە توشی ئۆتیزم دەبن.

نها نیوز: دەتوانین بڵێین تاقە و وزەی زۆر لە کەسێکدا ئەگەری دوچاربوون بەئۆتیزمی ھەیە؟

د. سەید عەلی سەمەدی: وزەی زۆر لە گرفتێکدا ھەمانە (ئەی.دی.ئێچ.دی). ئەو دوانە لەیەک جیاوازن. پێش 2013 لەکاتی دەستنیشانکردن لەنێوان ئۆتیزم و (ئەی.دی.ئێچ.دی) دەبوایە دانەیەکمان دەستنیشانکردبا. بەڵام ئێستا دەتوانین هەردووکیان لەبەرچاو بگرین، تاک دەتوانێت هەم ئوتیزمی هەبێت و هەم (ئەی.دی.ئێچ.دی). ئەو کاسانەی وزە و جوڵەیان زۆرە هەڵسوکەوتیان وەک کەسانیترە. ئەو کەسانە تەرکیزیان کەمە، بەڵام کەسانی خاوەن ئوتیزم تەرکیزیان هەیە بەڵام لەسەر شتی تایبەت. ئەگەر وایە دەتوانین بڵێن ئەو دوو تەشخیسە هاوبەشیان هەیە بەڵام زۆر لەیەکتر جیاوازن.

نها نیوز: دەتوانین بڵێین نەبوونی هاوسانگی لەنێوان جۆری خوێنی باوان کاریگەری هەیە لەسەر ئوتیزمی منداڵ؟

د. سەید عەلی سەمەدی: سێ جۆر خوێنمان هەیە  ABO. توێژینەوەکان رایانگەیاندووە کە چۆن ئۆتیزم زۆرتر لەڕێگای جیناتەوە بەمنداڵ دەگات، جۆری دیاریکراوی خوێنی دایک و باوک لەوانەیە بەشداربن لەدەستنیشانکردنی منداڵ بە ئۆتیزم، بەهەندێک میکانیزمی بۆماوەیی نەزانراو کە دواتر گەشەی دەماری کۆرپە دەگۆڕێت. لەگەڵ ئەوەشدا، هیچ جیاوازیەکی گەورە نەدۆزراوەتەوە لەنێوان دابەشکردنی جۆری خوێنی ABO لەدایک و باوکی ئەو منداڵانەی کە ئۆتیزمیان هەیە و ئەوەی کە پێگەیشتنی ئاساییان هەیە. ئەم لێکۆڵینەوانە بەڵگەی ئەوە زیاد دەکات کە هیچ پەیوەندییەکی هۆکاری لەنێوان جۆری خوێن باوان و ئوتیزمی منداڵدا نییە و بۆ ناسینی زیاتری پەیوەندی توێژینەوە زیاتر پێویستە.

نها نیوز: چارەسەرەکان لەڕێگای حەب و شروب و دەرزی لەگەڵ چارەسەر بەڕاھێنان، دەتوانێت ئەوەمان پێ بڵێیت ئومێدێک هەیە کەسانی ئۆتیزم ببنەوە مرۆڤێکی ئاسایی؟

د. سەید عەلی سەمەدی: ئەو کەسەی ئۆتیزمی ھەیە گرفتی خواردن و خەوتن و ھەرسکردن لەگەڵ ریخۆڵەکانی هەیە، چونکە قەبزن بۆ ئەوانە چارەسەرمان بەدەرمان دەوێت، بەتایبەت لە تەمەن گەورەکان کە توشی خەمۆکی یان زۆر بەوزەن ئەوانە دەرمان دەخۆن، بەڵام بۆ ئۆتیزم ھیچ چارەسەرێکی نییە تەنھا راھێنان و زانستی کۆمەڵگە. پرسیارەکەی ئێوە بە پرسێکیتر وەڵام بدەمەوە، ئایا داھاتووی کەسێکی ھەردوو لاقی لەدەستداوە، ئایا قاچی شین دەبێتەوە! بەدڵنیاییەوە نەخێر، بەڵام گەر بێت و بەجۆرێک پاڵپشتیان لێبکریت کەرەستەی پێویست بۆیان ساز بکرێت و رێگا و شوێنی تایبەت ھەبێت، دەتوانن بێن بۆ ناو کۆمەڵگا. کەسانی خاوەن ئۆتیزمیش هەر بەمجورەن. ئێستا ناتوانن ھاوسەرگیری بکەن، بەڵام لە داهاتوو لەوانەیە هەلومەرج بگۆڕێت، بەرنامە دانان بۆ ئۆتیزم درێژخایەنە رۆژێک لە بێژنگدانە رۆژێک چارەسەری بنەماکانە پاشان چونە قوتابخانە دواتر چارەسەری پیشەیی و جنسی و... هتد، لەکۆتایدا هاتنە ناو کۆمەڵگا. ھەربۆیە چارەسەری کۆتایی ئۆتیزم لەدەست خەڵکە ئەگەرھاوکاریان ببن و قبوڵیان بکەن و جیاوازبوون شورەیی نەبیت داهاتوو روونە، بەڵام ئەگەر لەدەرەوە گاڵتەیان پێبکەن و جێگایەک لەناو کۆمەڵگا بۆیان نەبێت قەت نایەنە دەرەوە و لە سەنتەرەکان دەمێننەوە. بۆ گەییشتن بەو ئامانجە پێویستە سەنتەری پڕۆفیشناڵ بکرێتەوە. بەداخەوە سەنتەرەکان پڕۆفیشناڵ نین، زیاتر خێرخوازین و ناپسپۆڕان لەوێ کاردەکەن و لە جێگای بەکارهێنانی شێوازی زانستی و هەوڵدان بۆ پێش خستنی ستانداردەکانی خزمەتگوزاری هەوڵ دەدەن تێچوەکانی ئابووری کەمبکەنەوە. کەیسەکانیان دەبژێرن تاوەکو دەسکەوتی مانگانە حیساب بکەن.

ئامادەکردنی/ ئیمان زەندی

 
2024-12-31
زیاتر...
1
Copyright © All rights reserved.