نها نیوز – هەواڵەکان
بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی سوریا ئەحمەد شەرع ناسراو بە (محەمەد جۆلانی) جموجوڵەکانی لەگەڵ روسیا دەستپێکردووە بۆ رێککەوتن لەسەر بنکە سەربازییەکان.
پێشوتر روسیا هاوپەیمانێکی گرنگ و مانەوەی رژێمەکەی ئەسەد بوو. لەدوای نەمانی رژێمی ئەسەدیش، روسیا دەیەوێت لە سوریا بمێنێتەوە، ئەمەش لەڕێگەی دوو بنکەی سەربازیی لە وڵاتەکە.
ئاژانسی بلومبێرگ رایگەیاندووە، روسیا نزیکە لە رێککەوتن لەگەڵ ئیدارە نوێیەکەی سوریا سەبارەت بە مانەوەی هێزەکانی لە دوو بنکەی سەربازی، لەبارەی ناوی بنکەکانەوە ئەو ئاژانشە ئاشکراشیکردووە کە بنکەکانی حمێمی ئاسمانی و تەرتووسی دەریایین.
لەلایەکی دیکەشەوە چەند سەرچاوەیەکیش ئاماژە بەوە دەکەن کە وەزارەتی بەرگریی روسیا پێیوایە لێکتێگەیشتنێک هەیە لەگەڵ گرووپی تەحریری شام کە ڕێگە دەدات بە بەردەوامبوونی روسیا لە سوریا، ئەمەش ئەگەری گۆڕانی هەیە بەهۆی ناسەقامگیریی وڵاتەکە.
لای خۆشیەوە میخائێل بۆگدانۆف، جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا باسی لەوەکردووە، وڵاتەکەی پەیوەندی بە گرووپی تەحریری شام کردووە بەو هیوایەی گرووپەکە نێردە دیبلۆماسییە بیانییەکان بپارێزێت لە وڵاتەکە. هاوکات دەشڵێت "روسیا دەیەوێت بنکەکانی لە سوریا بمێنێتەوە بەهۆی ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش".
جێی ئاماژەیە، لە هەندێک ناوچە روسیا دەستیکردووە بە کشانەوەی هێزەکانی بەبێ ئەوەی هیچ رووبەڕووبوونەوەیەک رووبدات.