هەواڵ

كەشناسی هەرێم: بارانبارینی بەلێزمە دەستپێدەكات

نهانیوز- هه‌واڵه‌كان

كەشناسی هەرێم رایگەیاند شەپۆلێكی بارانبارین كە لە هەردوو دەریای ناوەڕاست و سورەوە روو لەهەرێم دەكەن تا لەسبەینێوە كۆتایی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبێت و باران مامناوەندو لێزمە باران دەبارێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم بڵاویكردەوە "لەئەنجامی یەكگرتنی هەر دوو نزمە پاڵە پەستۆی دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور لە دوای نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممەوە شەپۆلێكی باران بارین روو لە سەرجەم ناوچە جیاجیاكان دەكات و كاریگەری ئەم شەپۆلە بۆ سەرجەم ناوچەكانی هەرێمە باران مامناوەندو لێزمە باران دەبێت ".
ئەوەشی رونكردوەتەوە "شەپۆلەكە سەرەتا لە سنووری پارێزگای دهۆك دەست پێدەكات و پاشان بارانبارین لە ئێوارەدا ئاستی زیاد دەكات بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەكان و سنووری پارێزگای دهۆك پاشان سنووری پارێزگای هەولێر".
"رۆژی پێنج شەممە لە كاتەكانی بەرەبەیان لە ئەنجامی زیادبوون و بەهێز بوونی شەپۆلی باران بارین لە سەرجەم ناوچەكەمان ئاستی باران دەگۆڕێت بۆ بارانی مامناوەندو لێزمە باران لەگەڵ بارانبارین شەپۆڵێكی هەورە تریشقەو زیادبوونی خێرای با كە هەندێ كات دەگاتە سەرووی 25كم لەكاتژمێرێكدا لەگەڵ بارانبارین ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو هەیە" بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم وا دەڵێت.
ئەوەشی خستوەتەڕوو "پێشبینی باران لە ماوەی كاریگەری ئەم شەپۆڵە لەسەرووی 30 ملم لە سەنتەری پارێزگاكان و ناوچە شاخاوییەكان لە سەرووی 45 ملم دەبێت و  لەكاتەكانی ئێوارەی ڕۆژی هەینی كاریگەری ئەم شەپۆڵە لەسەر سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆك و ناوچە شاخاوییەكانی لاواز دەبێت، بەڵام كاریگەری لەسەر سنووری پارێزگای سلێمانی و كەركوك و هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان بارانبارین بەردەوامی دەبێت".

2024-02-13
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.