هەواڵ

عێراق و ئێران رێککەوتنێکیان واژۆ کرد

نها نیوز – هەواڵەکان
سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک کۆماری ئێران کۆبوونەوە و پاش کۆبوونەوەکە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیی هاوبەشدا جەختیان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان کردەوە.

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ مەسعود پزشکیان سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، رێگە نادەن هیچ وڵات و لایەنێک لە خاکی عێراقەوە هێرش بکاتە سەر ئێران.
پزیشکیان-یش جەختیکردەوە، لەگەڵ عێراق بەهاوبەشی کار لەسەر رێگری لە تیرۆر و پاراستنی سەقامگیریی هەردوو وڵات دەکەن.

بەشێک لە گرنگترین قسەکانی محەمەد شیاع سودانی:
- لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران 14 یاداشتی لێکتێگەیشتنمان لە بوارە جیاوازەکان واژۆکرد
- لێکتێگەیشتنەکانمان دەبنە نەخشەرێگەیەکی کارا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا
- هەڵوێستی عێراق روون و راشکاوە بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران و وڵاتانی ناوچەکە
- ناهێڵین خاکی عێراق بۆ هێرشکردنەسەر ئێران بەکاربهێنرێت
- سنوورەکانمان توندتر دەکەین و رێگری لە قاچاخچییەتی دەکەین
- هەڵوێستمان سەبارەت بە کەرتی غەززە هاوبەشە
- دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر خەڵکی فەڵەستین هەڵوێستی هەبێت

بەشێک لە گرنگترین قسەکانی مەسعود پزیشکیان:
- سەردانەکەم بۆ عێراق زۆر گرنگ بوو و پێمخۆشبوو پێش ئەوەی سەردانی ئەمەریکا بکەم، بێمە عێراق و کار لەسەر هەموو ڕێککەوتنەکانی نێوانمان بکەین.
- رێککەوتین لەسەر پێکهێنانی تیمێکی پسپۆڕی هاوبەش لە بوارەکانی ئابوری، کۆمەڵایەتی و سیاسی لەسەر پلانی ستراتیژی هاوبەش کاربکەن.
- پێویستمان بە چالاکردنی رێککەوتنی ئاسایشی نێوان هەردوو وڵات هەیە
- ئامادەین لەگەڵ عێراق لە هەموو بوارەکان هاوکار و هەماهەنگ بین
- دەمانەوێت عێراق سەربەخۆ و جێگربێت، خۆی بەرگری لە خۆی بکات
- ئێران و عێراق خاڵی هاوبەش و بەیەکگەیشتنن لە ناوچەکە
- توانیمان رێگری لە گرژییەکان بکەین پێش ئەوەی فراوانتر ببن
 
2024-09-11
زیاتر...