هەواڵ

عێراق دوو بژاردە بۆ كۆتاییهێنان بە هێرشەكانی توركیا دەخاتەڕوو

نها نیوز - هەواڵەکان
ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، دوو بژاردە هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە دەستدرێژییەكانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان، یەكەمیان داواکردنە لە پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ گفتوگۆیەک کە ببێتەهۆی کشانەوەیان، دووەم پەنابردن بۆ ڕێگەی دیکە بەمەستی ڕێگریکردن لە بەكارهێنانی خاکی عێراق.

یاسر ئەسکەندەر، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند "دەستدرێژیی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان 45 کیلۆمەتری تێپەڕاندووە، ئەوەش مایەی نیگەرانییە، بەتایبەتی لەگەڵ ئۆپەراسیۆنەکاندا، بۆردومانکردن و ئاوارەبوونی بەشێک لە خێزانەکانی ئەو ناوچانەی لێكەوتووەتەوە".

ئاماژەی بەوەشكرد "ئەنقەرە، په‌كه‌كه‌ بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەزانێت و دەستدرێژییەکەی لە چوارچێوەی ڕێكارەكانی بەرگریکردن لە ئاسایشی نەتەوەیی تورکیایە لە بەرامبەر هەڕەشەكانی سەری".

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشكرد "بەغدا دوو بژاردە بۆ کۆتاییهێنان بەو ئاڵۆزییە دەخاتەڕوو، یەكەمیان داواکردنە لە په‌كه‌كه‌ بۆ گفتوگۆیەک کە ببێتە هۆی کشانەوەی چەک و کۆتاییهێنان بە چالاکییەكانی لە خاكی عێراقدا، بژاردەی دووەمیش پەنابردن بۆ ڕێگەی دیکە بەمەبه‌ستی ڕێگریکردن لە بەكارهێنانی خاکی عێراق بۆ گۆڕەپانی ململانێکان".

لەبارەی كشانەوەی سوپای توركیاوە، یاسر ئەسکەندەر دەڵێت "پێویستە ئەو وڵاتە دوای كۆتایهاتنی هەڕەشەكان لە كوردستان بكشێتەوە، ئەوەش دەبێتە هۆی سەقامگیری لەناوچەكەدا كە ساڵانێكی زۆرە بەهۆی شەڕ و پێكدادان و ئۆپڕاسیۆنە سەربازیەكانەوە زەرەرمەند بووە".
 
2024-09-10
زیاتر...